ئاریان دەرگەڵەیی – ههولێر
لە كۆبوونەوەیەكدا لە شاری سۆران، ناوەندی سۆرانی فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان، ئەنجامدان و ڕێكخستنی چەند چالاكییەكی شاخەوانی و هەڵمەتی ژینگەپارێزی تاوتوێ كرا.
بەرپرس و سەرپەرشتیارانی بەشە جیاوازەكانی ناوەندی سۆرانی فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان، لە كۆبوونەوەیەكی ئاساییی خۆیدا، بە شێوەیەكی بابەتیانە، ڕێكخستن و ئەنجامدانی چەند چالاكییەكی شاخەوانی و ژینگەپارێزیی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆراندا تاوتوێ كرا.
لەو كۆبوونەوەیەدا، بە شێوەیەكی ورد قسە لەسەر چۆنیەتیی تەواوكردنی قۆناغە جیاوازەكانی پرۆسەی ‘ڕێبەری كوێستان’ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كرا كە ساڵانێكە دەستی پێكردووە و تیایدا چەندین خول، سیمینار وێركشۆپی جۆراوجۆری تایبەت بە بواری زانستی شاخەوانیی لەخۆ گرتووە. هەروەها، بە گرنگییەوە باس لە كردنەوەی فێرگەیەكی تایبەت بە بواری زانستی بەردەوانی لە دەڤەری سۆراندا كرا. بەشێكی تری كۆبوونەوەكە تەرخان كرا بۆ قسەكردن لەسەر ڕێكخستن و ئەنجامدانی گەشتێكی زانستیی شاخەوانی بۆ چیای هەڵگورد كە چەندین بابەتی فێركاری تایبەت بە بواری شاخەوانیی لەخۆ بگرێت.
بە پیێ ڕاگەیێنراوێكی بەشی ڕاگەیاندن فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان لایەنێكی تری كۆبوونەوەكە دانانی پلانێكی ورد بوو تایبەت بە خزمەت كردنی ژینگەی دەڤەری سۆران. بەپێی ئەو پلانە، لە داهاتوویەكی نزیكدا، هەڵمەتێكی گەورەی چاندنی بەڕوو، قەزوان و مازوو لە ناوچە كوێستانییەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەنجام دەدرێت. ئەو كارەش بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكانی دارستان و ژینگەی ئیدارەی سۆران ڕێك دەخرێت. هەر لە چوارچێوەی ئەو پلانەدا، هەڵمەتێكی گەورە دەکرێ بۆ پاككردنەوەی بەشێكی ئەو سەیرانگا و ناوچە گەشتیاریانەی كە بە هۆی سەردانی گەشتیارانەوە پیس و ناشیرین داگەڕاون.
دوابەشی كۆبوونەوەش تەرخان كرا بۆ باس كردن لەسەر چۆنیەتیی هەماهەنگی و پێكهێنانی تیمێكی هاوبەش لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی سۆران بۆ مەبەستی بەدەنگەوەهاتن و فریاكەوتنی خێرا لە كاتی ڕووداو و پێشهاتە نەخوازراوەكاندا.