بە دروشمی هونەر ڕەنگدانەوەی شوناسمانە فێستیڤاڵێکی هونەری لە زانکۆی سەڵاحەدین ساز دەکرێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر

بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٧ـی ئایاری ٢٠٢٥، بەدروشمی (هونەر رەنگدانەوەی شوناسمانە) فێستیڤاڵی زانکۆی سەڵاحەدین کۆلێژی هونەرە جوانەکان – بەشی سینەما و شانۆ بە هاوکاری بە بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەر بەشی سینەما هەولێر بە ئامادەبوونی مامۆستا و قوتابیانی زانکۆ و بەشێک لە هونەرمەندانی کوردستان لە کاتژمێر ٥ـی ئێوارە لە ئێمپایەر سینەمای هەولێری پایتەخت ساز بکرێت.

فێستیڤاڵەکە تایبەتە بە فیلمی قوتابیان و بەشی ڕاگەیاندنی فێستیڤاڵەکە بانگهێشتی هونەرمەندان و ئارەزوومەندانی بواری فیلمسازی لە هەرێمی کوردستان دەکات، کە پێکەوە داهێنان و توانای فیلمسازانی داهاتوو بکەین، ئەزموونێکی نوێ لە سینەمای کوردی ببینین، کە
چیرۆکی ئیلهام بەخش و تێڕوانینی هونەری نوێ دەبینین و هونەرمەندی بەهرەمەند دەناسین، لەو نێوەندەشدا کچە شانۆکار و ئەکتەری بواری سینەما “سەبری عەبدی” بە فیلمی “بوکەڵەی وێنا” بەشدارە و لە بارەی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە و فیلمەکەی خۆیەوە دەڵێت: کورتە فیلمی “بوکەڵەکەی وێنا” لە نووسین و دەرهێنانی “سەبری عەبدی”یـە و وەک یەکەم ئەزموونی بەندە لە بواری فیلم لەم فێستیڤاڵەدا نمایش دەکرێت.
ناوەڕۆکەکەشی بریتیە لە ئاژاوە، جێهێشتن، شکست، ون بوون و کەوتن، هەڵسانەوە و لەبیرکردن، دووبارە بونیادنانەوە و دونیابینی و زۆر شتی تریش، نێوەڕۆکی ئەم فیلمەی منە، هەڵبەت، چەقی نووسین و تەواوی فیلمەکەش، ژنە و نیشاندانی ئەو بەرهەمە سینەماییەش ئەزموونێکی نوێیە لە ژیانی هونەری مندا وەک هونەرمەند و قوتابیەکی بواری فیلمسازی لەم کۆلێژەدا، کە پێموایە تا ڕادەیەک نوێگەریم لە بواری فیلم و بەرهەم هێناندا کردووە.