شیڤان شێرزاد – هەولێر
سەنتەری ڕۆشنبیری کەرکووک، ساڵانە دەیان کار و چالاکیی هونەری وەک شانۆ و موزیک و فیلم و گۆرانی ئەنجام دەدات، لە دوا چالاکیی خۆیدا سەنتەرەکە بە هاوبەشی لەگەڵ تیپی هونەری “ڕەزبەر” کۆنسێرتێکی گۆرانیان بۆ تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە ساز کرد و داهاتەکەشی بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوو ببەخشرێتە ئەوانەی تووشی ئەو نەخۆشیە هاتوون، کە ئێستا بەپێی داتاکان لە کەرکووک ژمارەیەکی بەرچاو تۆمار کراوە.
کۆنسێرتەکە بەناونیشانی “هونەر کۆمان دەکاتەوە” بە بەشداری چەند موزیکژەنێکی دیاری ئەو شارە و سەدان بینەر بەڕێوەچوو.
هەر لە چوارچێوەی ئەو کارە مرۆییەدا بڕیاردرا هونەرمەندانی کەرکووک چەند پڕۆژەیەکی هونەری وەک شانۆ و موزیک و هتد. پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی بتوانن داهاتەکەی ببەخشنەوە ئەو کارە خێرخوازییە بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی ئەو نەخۆشیە سەختە.