عەمەر ئەرگوشی
هەولێر لە گوڕانی بێوێنەو و گەشانەوە و پێشکەوتنی سەرسوڕماندایە. هەولێر رێچکەیەکی ئاوەدانی و پێشکەوتن بە خۆیەوە دەبینێ کە گەلی کوردستان و عێراقیەکان و هەموو میوانە بیانیەکان پێی سەرسامن. هەموو هەولێریەکان بە بوون و نەبوونەوە ستایشی رۆڵی خەمخۆرانەی حکومەتی هەرێم دەکەن بۆ ئەو شارە ئازیزەیان.
من لەم رووەوە گلەیی لە لایەن و کەسایەتیە گوایە بەرهەڵستکارەکان دەکەم کە ئەو هەموو خزمەتگوزاریەی وەک ئەوەی هەولێر خەریکە هەموو کوردستان دەگرێتەوە، نایبینن و، لۆفەی جادەیەک بە هەڵە دروست کرابێت، دەیبینن و دەیکەنە هەڵڵا و هەموو دەستگاکانی راگەیاندنی پێوە خەریک دەکەن، خودا نەکا لافاوێک هەڵبستی یان مرۆڤێک فیشەکێک بەسەری خۆیەوە بنێ، دەیکەنە رۆژی حەشر و وێنەی هەولێرە جوان و ئازیزە راستەقینەکەی دەشێوێنن بۆ ئەوەی بتوانن هەندی توزقالێکیش بێت لە بەهای ئەو خزمەتە پیرۆزەی کەم بکەنەوە کە حکومەتی هەرێم بە پێی توانا خزمەتی خاکی کوردستان و گەلە خوراگرەکەی دەکات، حکومەتی هەرێم دەزانێت کە شاری هۆلاکۆبەزێن شایستەی خزمەتکردنی زیاترە بەڵام لەوەی بۆی دەکرێت لە چاو ئەم ئیمکاناتەی بەردەست شتێکی سەرسوڕهێنەر و لەیاد نەکراوە، هەقە ئەوانەی خۆیان بە بەرهەڵستکار دەزانن ستایشی ئەو خزمەتگوزاریانە بکەن کە بە رێچکەیەکی راستدا دەروون و پیشانی بە خەڵک بدەن و بۆیانی بسەلمێنن کە ئەوان دەتوانن شتی باشتر بکەن بۆ هەولێر و هەموو خاکی کوردستان، بەرهەڵستکاری راستەقینە دەبێ ستایشی کارە باشەکان بکات و هەوڵ بدات ئەو کارانەی کە خراپی دەزانێت داوای باشترکردنی بکات بۆ ئەوەی بە هەموویان لە ئاستی داخوازیەکانی خەڵکدا بن. ئەوانەی ئێستا بەرهەلستکارن و بەرهەلستکاری چاکەو خراپەن و دژی هەموو ئەدای حکومەتن ئەمانە ناحەزی گەل و وڵاتن چاویان بەو خزمەت و پێشکەوتنەی هەرێمی کوردستان هەڵناستێت و شاد نین بە دیمەنی جوانی شاری هەولێر و زەردەخەنەی جوانی سەر لێوی هەولێریەکان. لە کاتێکدا کە حکومەتی هەرێم خزمەتکردنی خەلکی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانێت داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات بەشدار بن لە حکومەت بۆ ئەوەی بە یەک دڵ و بە یەک هەست بەهێزتر لە خزمەت خەلک دا بن وە، ئەگەر لە حکومەتیش بەشدار نەبن با لە هەوڵە بنیاتنەرەکانی حکومەت بەشدار بن و، ئەگەر ئەمەشیان پێ ناکرێ هەق نیە بەرهەڵستکاری کاری چاک بکەن و ببنە رێگر لە بەردەم چالاکیەکانی حکومەت و، ئیشە باشەکانی حکومەت لە دەستگا راگەیاندنە چەواشەکاریەکانیاندا بەرەڤاژی پیشانی خەلک بدەن، ئیتر بەو ئومێدەی کە هەولێر وەک خۆی ببینن و وەک خۆی راستیەکان پیشان بدرێن، ئێمە لەم وڵاتەدا براین و دەبێ پشت و پەنای یەکتر بین و لە خزمەتکردنی کوردستان هاوکاری یەکتر بین و، ئەوانەی نایانەوێ ببن بە گوڵ تکایە کورد وتەنی با نەبن بە دڕکیش.