سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی عەشیرەتی ئەلبغزات سەربە هۆزی ئەلجبور دەكات

ڕۆژی یەكشەممە 4ی ئایاری 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی عەشیرەتی ئەلبغزات سەر بە هۆزی ئەلجبور بە سەرۆكایەتیی بەڕێز شێخ عیسا موحسن ئەلسەبیل كرد.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان پێزانینیان بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە قووڵكردنەوەی ڕۆحی لێبوردەیی و برایەتیی لەنێوان پێكهاتەكانی عێراق هەبوو و هەروەها سوپاسی گەلی كوردستانیان كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانەدا باوەشیان بۆ حەواندنەوە و پەنادانی سەدانهەزار ئاوارەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق كردەوە.

هەر لەو دیدارەدا جەخت لەسەر هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان پێكهاتەكان و بەهێزكردنی بەهاكانی پێكەوەژیان و خۆشەویستی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی عێراق و ڕیشەكێشكردنی توندڕۆیی و نەهێشتنی كولتووری ڕق و تۆڵە كردەوە.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو دیدارەدا خاتوو مونا ئەلسەبیل ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ژمارەیەك لە كەسایەتییەكانی عەشیرەتی ئەلبغزات ئامادە بوون.