سەرپەرشتیاری پڕۆژەی دروستکردنی عەلوەی ھاوچەرخی ئاکرێ ڕایدەگەیەنێت، عەلوەی ئاکرێ ئێستا کەوتووەتە خزمەت جووتیارانی دەڤەرەکە و بەرھەمی ناوخۆ بە ھۆی ھەرزانیی نرخەوە بۆ ناوچەکانی دیکە ھەناردە دەکرێت. دەشڵێ، کار دەکەین بۆ ئەوەی نزیکەی ٢٠ کارگەی لێ دروست بکەین و دەبێتە گەورەترین عەلوە لەسەر ئاستی عێراق و دەیکەینە سەنتەرێکی گرنگی بازرگانی بۆ بەرھەمی کشتوکاڵی.
حاتەم ھەنارەیی، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی دروستکردنی عەلوەی ھاوچەرخی ئاکرێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، عەلوەی ھاوچەرخی ئاکرێ لەسەر ڕووبەری ٩٨ دۆنم زەوی دروست کراوە بە سەرمایەی ٢٢ ملیۆن دۆلار، کە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی بەردی بناغەی بۆ داناوە و ئێستا ٧٥%ی تەواو بووە و لە ھەموو بەشەکان کار دەکرێت و بەشی عەلوە و عەلاف ٦٠% تەواو بووە و بەشی شۆپینگ ٦٥% تەواو بووە، ھەروەھا بەشی ساردکەرەوەکان بەشێکی زۆری تەواو بووە و بەشی عەلوەکانیش ٤٨ دوکانە و عەلافەکان ١١٢ و نزیکەی ٧٦ دوکان تەواو بوون و ٧٦یش کارکردن تێیاندا بەردەوامە، بۆیە ئێستا خەڵک لە دوکانی عەلوە و عەلاف ماوەی سێ مانگە کار دەکەن، کە تەنیا سارکەرەوەکان ماوە تەواو بکرێن و ئەوانیش لە ماوەیەکی کەمدا تەواو دەکرێن کە ١٩ ساردکەرەوەن.
ھەنارەیی گوتیشی، ئەوانەی گلەیی لە گرانیی نرخی بەرھەمەکان دەکەن، بەو جۆرە نییە و لەگەڵ ھەولێر و شارەکانی دیکە تەنیا کیلۆی ١٠٠ دینار جیاوازە و بەرھەمی ناوخۆش لای خۆمان ھەرزانترە، بۆیە ئێستا سەرەتای پێگەیشتنی بەرھەمە لای خۆمان و نرخەکەی زۆر ھەرزانتر دەبێت، چونکە بەشێکی بەرھەمی خۆمان پێگەیشتووە و نرخی لەگەڵ شارەکانی دیکە ھەرزانترە و بۆ شارەکانی دیکەش ھەناردە دەکرێت.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، پلانمان ھەیە عەلوەکە فراوان بکرێت و کارگەی بە پیشەسازیکردنی بەرھەمی کشتوکاڵی دروست بکرێت، بۆیە بڕیارە ١٩ کارگەی جۆراوجۆر دروست بکرێن بۆ ئەوەی ھەموو بەرھەمەکان لەو کارگانە بەکار بێنن و سایلۆش دروست دەکرێت و ساردکەرەوەکانیش بۆ ٣٥ دانە زیاد دەکرێن، بۆیە ئەمە دەبێتە گەورەترین عەلوە لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان و دەبێتە سەنتەرێکی گرنگی بازرگانی بۆ بەرھەمی کشتوکاڵی.