ڕائیب جادر – هەولێر
ئەم ھەفتەیە جارێکی دیکە پارتی و یەکێتی بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێم کۆدەبنەوە. ئەندامێکی شاندی دانوستاندنکاری پارتی، دەڵێت، ھەوڵەکان چڕکراونەتەوە و کارەکان تەواوکراون، بۆ ئەوەی تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە ڕێککەوتن بکرێت و کابینەی دە پێکبھێنرێت.
١٨ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ دەنگدانی تایبەت و دوو ڕۆژ دواتر دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرا، ٢١ـی تشرینی یەکەم ئەنجامی بەرایی و ٣٠ـی ھەمان مانگ ئەنجامی کۆتایی ئەو ھەڵبژاردنە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە ڕاگەیێندرا.
لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پارتی زۆرترین کورسی بەدەستھێنا کە ٣٩ کورسی بوو، دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٢٣ کورسی.
ڕۆژی ٢٨-٤-٢٠٢٥، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی لە دووکان کۆبوونەوە، ھەر ھەمان ڕۆژ شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکان لە دووکان کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لە بارەی دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی دەیەم و بنەماکانی حوکمڕانی کرا، پارتی و یەکێتی پێشتر چەندین جار لەسەر ئاستی باڵا و شاندی تەکنیکی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێم کۆبوونەوەتەوە، ئێستاش گەیشتوونەتە قۆناغی دابەشکردنی پۆستەکان، سەرکردەکانی ئەو دوو حیزبە جەخت لەوە دەکەنەوە، لە ماوەیەکی نزیکدا کابینەی نوێ پێکدەھێنرێت. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، ڕێکارەکانی پێکھێنانی حکوومەتی خێراتر کردووە، ئەو بابەتانەی کە پێویستن باس کراون بۆ ئەوەی پرۆسەکە خێراتر بکرێت، بۆ ئەوەی کابینەی داھاتوو سەرکەوتوو بێت، زیاتر خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات و ھەموو کێشە و گیر و گرفتەکان و قەیرانەکان کە ھەن چارە بکات.
لەدوای ھەڵبژاردنی ٢٠ی١٠ی٢٠٢٤ کە پارتی دیموکراتی کوردستان دووبارە لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە متمانەی پێدرایەوە و ئێستا پێکھێنەری سەرەکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، بەڵام تائێستا کابینەی دەیەمی حکوومەت دروست نەکراوە، بەھۆی تەواونەبوونی کۆبوونەوەی ھەردوو شاندی پارتی و یەکێتی و مانەوەی پرسی دابەشکردنی پۆستەکان و چەند پرسێکی دیکە، بەڵام ئێستا خواستێکی زۆر لەلایەن لایەنە سیاسییەکان و خەڵکەوە دروست بووە، کە پەلە بکرێت لە پێکھێنانی کابینەی دەیەم. زیاد مستەفا، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: پێویستە ھەرچی زووە حکوومەتی تازە لە ھەرێمی کوردستان پێکبھێنرێت و چیتر پاساو نەماوە بۆ دواخستنی حکوومەت، ئەوانەی کە لە ھەڵبژاردن براوە بوون دەبێت بزانن خەڵکی کوردستان خواستی ئەوەی ھەیە حکوومەت تازە بکرێتەوە، ئەمەش پێویست دەکات کە چیتر پێکھێنانی حکوومەت دوانەخرێت.
ئەو چاودێرە، دەشڵێ: پێویستە ھەرچی زووە حکوومەت دروست بکرێت و لایەنێک یان چەند لایەنێک داواکاریان نەبێتە ڕێگر لەبەردەم پێکھێنانی حکوومەت، چونکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوا دەکات لەوە زیاتر حکوومەت دوانەکەوێت جیالەوەش پێویستە ھەموو ھێزە براوەکان بەپێی قەبارەی خۆیان پۆست وەربگرن، ناکرێت فەرزی سیاسی خۆیان بکەن، ئەوەش ھۆکار بێت کە پێکھێنانی حکوومەت دوابکەوێت.
دڵشاد شەھاب، ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری پارتی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد: لەگەڵ یەکێتی لەسەر وەرەقەیەکی باش و زۆربەی وردەکاریەکان ڕێککەوتووینە، کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی ئەو خاڵانەی کە ماون لەسەر ئەوانیش ڕێک بکەوین، ھەر بۆ ئەو مەبەستە ئەم ھەفتەیە شاندی دانوستاندنکاری یەکێتی دێتە ھەولێر و کۆبوونەوەکە لە ھەولێر دەکرێت.
ئەو ئەندامەی شاندی دانوستاندنکاری پارتی، دەشڵێ: ھەوڵەکان چڕکراونەتەوە و کارەکان تەواوکراون، بۆ ئەوەی تاوەکو کۆتایی مانگی پێنج ڕێککەوتن بکرێت و کابینەی دە پێکبھێنرێت، چونکە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقمان لە پێشە و دەبێت ئامادەکاری بۆ بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە ھیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی، گوتی: کۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی و یەکێتی بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتوو بووە، ھەستکردنە بە بەرپرسیارەتی لە قۆناغێکی ھەستیاردا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و پێکھێنانی کابینەی دەیەم، گەشبینین لە ئایندەیەکی نزیکدا دەگەینە ئەنجام و مژدەیەکی خۆش دەدەینە خەڵکی کوردستان.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی، گوتیشی: ھەر لە دوای ھەڵبژاردن سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند پێمان باشە ھەموو لایەنە براوەکان بەشدار بن لە کابینەی داھاتووی حکوومەتدا، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەی دانوستاندنکاری پارتی سەردانی ھەموو لایەنەکانی کرد، بەڵام وەکو دەبین زیاتر پارتی و یەکێتی خواستی بەشداریکردنیان لە کابینەی داھاتوودا ھەیە، بەڵام دەبێت بەشداریکردن لە حکوومەت بە گوێرەی بەرکەوتەی ھەڵبژاردن بێت.
سەبارەت بەوەی بۆچی پارتی زۆر تەئکید لەوە دەکاتەوە کە دەبێت، یەک حکوومەت، یەک پەرلەمان، یەک ھێزی پێشمەرگە ھەبێت، ھیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی، دەڵێت: لەبەردەم کۆمەڵێک ئەگەر و پێشھاتی نوێ داین، ئەگەر خاوەنی یەک ھەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکوومەت و ھێزی پێشمەرگە نەبین ناتوانین ھەم بە بەھێزی بچینە ناو ڕووداوەکان، ھەمیش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی حیساب بۆ ئێمە بکرێت، چونکە ئەمڕۆ ھەرێم ژمارەیەکی حیساب بۆ کراوە، بۆ ئەوەی پێگەمان بەھێز بێت و داوای مافەکانی خۆمان بکەین دەبێت خاوەنی یەک ھەرێم و یەک پەرلەمان بین.