مسۆگەرکردنی مافی کرێکاران كاری لە پێشینەی کابینەی نۆیەم بووە.. دەبێ (75%)ی کرێکاری پرۆژەکان هاووڵاتیی هەرێم بن

کرێکاران داینەمۆی بەرهەمهێنان لە بوارە جیاوازەکانی ئابووری و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستانن، لەو سۆنگەیەوە کابینەی نۆیەم بەردەوام لە ڕێگەی ڕەخساندنی هەلی کار و پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەکان، هەوڵی داوە مافی کرێکاران بە گوێرەی یاسای کاری ژمارەی (71)ـی ساڵی 1987 بپارێزێت و بە یەکسانی هەلی کار بۆ هێزی کاری ناوخۆیی بڕەخسێنێت.

لە کابینەی نۆیەمدا، هەوڵێکی زۆر بۆ دەستەبەرکردنی کرێکاران دراوە، بە جۆرێك بەر لە کابینەی نۆ نزیکەی 83 هەزار کرێکار لە هەرێمی کوردستان دەستەبەر کرابوون، بەڵام لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم و پێداگریی سەرۆکوەزیران بۆ دەستەبەرکردن و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان، ئێستا ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو گەیشتووەتە 193 هەزار و 768 کرێکار. لەو ژمارەیە 165 هەزار و 464ـیان کرێکاری ناوخۆیین و 28 هەزار و 300ـی دیکەش کرێکاری بیانیین و سەرجەمیان دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە.

بە پێی یاسای هەموارکراوی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران، ژمارە (39)ـی ساڵی 1971، دەبێت هەموو خاوەنکارێک لە ڕۆژی دەستبەکاربوونی کرێکار لە پڕۆژەکەی، دەستەبەری بکات و ناوی کرێکارەکە لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران تۆمار بکات. هەروەها دەبێت خاوەنکار دوای تەواوبوونی هەر مانگێک لە کارکردنی کرێکار، (17%)ـی مووچەکەی لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران دابنێت بە جۆرێك 5٪ لە مووچەی کرێکار دەبڕدرێت و (12%)یش لە ئەستۆی خاوەنکارەکە دەبێت. دەستەبەرکردنی کرێکاران لە دەستەبەری تەندروستی و دەستەبەری پێکانی کار و دەستەبەری خانەنشینی و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان پێک دێت.

تا کۆتایی وەرزی یەکەمی (2025)، 55 هەزار و 456 پڕۆژە دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کرێکارانیان کردووە، بە جۆرێك لە پارێزگای هەولێر 25 هەزار و 749 پڕۆژە، لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە 18 هەزار و 855 پڕۆژە، لە پارێزگای دهۆكیش 9 هەزار و 670 پڕۆژە کرێکارەکانیان دەستەبەر کراون.

جگە لە پێداگریی حکومەت بۆ ناچارکردنی پڕۆژەکان بۆ دەستەبەرکردنی کرێکارەکانیان، لە ساڵی 2022 بڕیاری ژمارە 172ـی تایبەت بە مسۆگەرکردنی مافی کار بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی دەرچووە و بە گوێرەی بڕیارەکە، سەرجەم پڕۆژەکان ناچار کراون (75%)ـی کرێکارەکانیان دەبێت هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بن و نابێت لە هیچ حاڵەتێكدا ڕێژەی کرێکاری بیانی لە هیچ پڕۆژەیەک لە (25%)ـی کۆی کرێکارەکان زیاتر بێت.

لە سۆنگەی ئەو بڕیارەوە، (90%)ـی پڕۆژەکان دوای ئاگادارکردنەوەیان پابەندی بڕیارەکە بوونە و 40 پڕۆژەش بەهۆی پابەندنەبوونیان و سەرپێچیکردنی بڕیاری ژمارەی 172، پەڕاویان بۆ کراوەتەوە، بۆ ئەوەی ڕەوانەی دادگا بکرێن، هاوکات 20 پڕۆژەی دیکەش بە هۆی سەرپێچییان، دۆسیەکەیان ڕەوانەی دادگا کراون و ڕێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر. دوای دەرچوونی ئەو بڕیارە نزیکەی 400 پڕۆژە داواکارییان بۆ دابینکردنی کرێکاری خۆماڵی بۆ پڕۆژەکان پێشکەش کردووە.  هەر بە هۆی ئەو بڕیارەوە 1400 کرێکاری خۆماڵی لە شوێنی کرێکارە بیانییەکان هەلی کاریان بۆ ڕەخسێنراوە.

یەکێك لە سوودە گرنگەکانی دەستەبەرکردنی کرێکارانی کەرتی تایبەت، دابینکردن و دەستەبەرکردنی مافی خانەنشینبوونە؛ بە گوێرەی یاسای کار، هەر کرێکارێك ئەگەر دەستەبەر بکرێت دەتوانێت وەك فەرمانبەرانی حکومی خانەنشین بێت. ئێستا لە هەرێمی کوردستان 958 کرێکار دوای دەستەبەرکردنیان لە پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت خانەنشین بوونە و مانگانە بەبێ دوا کەوتن مووچەکانیان وەردەگرن. بەشێكی زۆری کرێکاران دوای دەستەبەرکردنیان و دەستلەکارکێشانەوە لە کارەکانیان، پاداشتی کۆتاییی خزمەتیان وەرگرتووە، تەنها لە ساڵی 2024، هەزار و 49 کرێکار نزیکەی 34.5 ملیار دیناریان وەك پاداشتی کۆتاییی خزمەت وەرگرتووە.

حکومەتی هەرێم بە گوێرەی یاسای کار، سندووقێکی تایبەتی بۆ دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران داناوە کە پاداشتی خزمەتی کرێکاران و مووچەی خانەنشینیان لە ڕێگەی ئەو سندووقەوە پێ دەدرێت و ئێستا سەرمایەی ئەو سندووقە 1.341 تریلیۆن دینارە.

بۆ پاراستنی مافی کرێکاران، هێڵێکی گەرمی تایبەت بە کرێکاران لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دانراوە کە هەموو کرێکارێك لە کاتی بوونی نادادپەروەری لەلایەن خاوەنکار و وەرنەگرتنی مافی خۆی دەتوانێت لە ڕێگەی هێڵی گەرمی (5500) پەیوەندی بکات و سکاڵا لە دژی خاوەنکارەکەی تۆمار بکات و مافەکانی وەربگرێتەوە؛ لایەنی جێبەجێکار ڕەچاوی دۆخی کرێکار دەکات و پاراستنی زانیارییەکانی لەبەرچاو دەگرێت.

 لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە تاکوو کۆتایی وەرزی یەکەمی 2025 لە ڕێگەی هێڵی گەرمی (5500)ـەوە 230 سکاڵا لەلایەن کرێکارانەوە دژی خاوەنکارەکانیان تۆمار کراون و سەرجەم کێشەکانیش بە تەواوەتی چارەسەر کراون.

حکومەتی هەرێم بەردەوام لە ڕێگەی پێدانی مۆڵەت و هاوکاریکردنی سەرمایەداران و خاوەنبیرۆکەکان بۆ دامەزراندن و جێبەجێکردنی پڕۆژە گەورە و مامناوەند و بچووکەکان، هەوڵی زۆری بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان داوە، تەنها لە کەرتی وەبەرهێنان لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمدا زیاتر لە 120 هەزار هەلی کار بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ڕەخسێنراوە، لە ماوەی ڕابردووش لە ڕێگەی دامەزراندنی پرۆتاڵی کار (https://kar.molsa.gov.krd) دەیان هەلی کار ڕەخسێنراوە، بە جۆرێك لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا کە پۆرتاڵی کار بە فەرمی ڕاگەیەندراوە، تا ئێستا 6531 کارخواز ناوی خۆیان لەو پۆڕتاڵە تۆمار کردووە و هەزار کارخوازیش فۆڕمی داواکردنی کاریان پڕ کردووەتەوە و 100 کارخوازیش لە ڕێگەی ئەم پۆرتاڵەوە هەلی کاریان دەست کەوتووە و ئێستا لە پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت کار دەکەن.

هەندێ لە مافەکانی کرێکاران بە گوێرەی یاسای کار ژمارەی (71)ی ساڵی (1987)ـی هەموارکراو و یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران ژمارە (39)ـی ساڵی (1971)ـی هەموارکراو:

  • دەبێت گرێبەستی کارکردن لەنێوان خاوەنکار و کرێکار بکرێت، بۆ ئەوەی ئەرک و مافی هەردوو لا پارێزراو بێت.
  • کاتەکانی کارکردن (8) کاتژمێرە و ئەگەر لەو کاتە کاری زیاتر بە کرێکار بکرێت، دەبێت کرێی سەرباری پێ بدرێت.
  • هەر کرێکارێك لە هەفتەیەكدا، ڕۆژێک بە کرێی تەواو مافی پشووی هەیە.
  • کرێکار مافی وەرگرتنی مۆڵەتی بە مووچەوە بۆ ماوەی 20 ڕۆژ لە ساڵێکدا هەیە.
  • هەر کاتێک کرێکار بیەوێت دەتوانێت داوای مۆڵەت لە خاوەنکارەکەی بکات.
  • کرێکار مافی وەرگرتنی مۆڵەتی نەخۆشیی بۆ ماوەی 30 ڕۆژ لە ساڵێکدا هەیە و دەکرێت مۆڵەتەکەش بۆ 180 ڕۆژ درێژ بکرێتەوە.
  • نابێت کرێکار لە ماوەی نەخۆشیدا کار بکات.
  • لە پێناو پاراستنی تەندروستیی ئافرەتی دووگیان، نابێت کاری قورسی پێ بکرێت.
  • دەبێت خاوەنکار ئەم ئاسانکارییانە بۆ کرێکار بکات:

* ئاسانکاری بۆ کرێکار بۆ ڕاپەراندنی کارەکەی.

* دابینکردنی بارودۆخێکی تەندروست لە شوێنی کارەکە و  گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی کرێکار.

* دابینکردنی دەرفەت بۆ کرێکار بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و هونەری.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری