چوارشەممە 2025.4.30، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەید محسن سادقی، پارێزگاری زنجان و بە ئامادەبوونی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و ئێران و جێگری پارێزگار زنجان بۆ کاروباری ئابووری و بەرپرسی نووسینگەی وەزارەتی ناوخۆی ئێران و بەرپرسی کۆمەڵگایی دەروازەیی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوە و بەڕێوەبەری کاروباری مرۆیی و کاروباری ئابووری پارێزگای زنجان و نوێنەری ژووری بازرگانی و پیشەسازیی شارەکە، لە دیوانى پارێزگاى زنجان، بەمەبەستى پتەوکردنی پەیوەندییە گشتییەکانی نێوان هەردوولا و بە هێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان هەولێر و زنجان و گەیشتن بە ڕێککەوتن و واژووکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن و دانانى ڕێو شوێن و میکانیزمى پێویست و ئاسانکاریى و هاریکارى نێوان هەردوولا کۆبوونەوەیەکى فراوان ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، دوای ئەوەی پارێزگاری زنجان، پوختەیەکی لە سەر کار و پڕۆژە پیشەسازیی، کشتوکاڵی، ئەندازیاریی، خزمەتگوزاریی شارەکەیان پێشکەش کرد، هەردوولا جەختیان لە سەر بەرەوپێشبردن و باشترکردن و بەهێزکردنى جوڵەى بازرگانی و پیشەسازیی لە سەرجەم سێکتەرەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران کردەوە.
لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر، وێڕای سوپاسی پارێزگاری زنجان بۆ پێشوازییەکەی، ئاماژەی بەسەردانەکەیدا بۆ کۆماری ئیسلامی ئێراندا و باسی لە دیدار و کۆبوونەوە و بەشداریکردنیان لە پیشانگای ئێران – ئێکسپۆ 2025 کرد و گوتی، لە هەموو دیدار و کۆبوونەوەکانمان جەختمان لە پەرەپێدانی پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کردۆتەوە، هەموو ئامادەییەکی خۆشی بۆ بەرەپێشبردنی پەیوەندییەکان و باشترکردن جوڵەی بازرگانی، پیشەسازیی، لە نێوان زنجان و هەولێر لە سەرجەم سێکتەرەکان نیشاندا.
ڕاشیگەیاند، هەرێمی کوردستان لە هەموو ئاستەکانی، بەتایبەتی لە ئاستی باڵاد لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندییەکی مێژووی، فەرهەنگی، کلتووری هەیە، ئێمەش لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییە دبلۆماسی، سیاسییە، لە پارێزگای ئازربایجانی ڕۆژئاوا دەستمان پێکرد و دەمانەوێت لەگەڵ شارەکانی تری ئێرانیش پەرە بەو پەیوەندییە بدەین.
گوتیشی، دیداری ئەمڕۆمان لەگەڵ ئێوەدا یەکەمین دیدارە، بەڵام خواستی ئێمە ئەوەیە دوای ئەو دیدارانە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی نێوانمان پەرەی زیاتری پێبدرێت و پەیوەندییەکانمان لە هەموو ئاست و سێکتەرەکان بەرەو پێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر، پوختەیەکی لەسەر ئەو پێشکەوتن و گەشەسندنانەی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان هاتۆتە ئاراوە خستەڕوو، ڕایگەیاند، وەک هەولێری پایتەخت کە ئەمڕۆ بۆتە سەنتەری بڕیار و سنتەرێکی گرنگی ئابوورییە، خواستمان ئەوەیە پەرەپەرەی زیاتر بە پەیوەندییەکانە لەگەڵ سەرجەم وڵاتان بەتایبەتی وڵاتی ئێران بدەین.
هەروەها تیشکی خستەسەر سەردانی زیارەتکارانی ئێرای بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق لە ڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی سنووری حاجی ئۆمەران و جەختی کردەوە لە راسپاردەی “سەرۆك بارزانی” هەرچی ئاسانکاری و خزمەتگوزارییە پێشکەش بە زیارەتکاران کراوە، کەئەو خۆشەویستانە بەخاکی ئێمەوە سەردانی شوێنە ئاینیە پیرۆزەکانی عێراق دەکەن.