مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕی چوار ملیار و 200 ملیۆن دینار پاڵپشتی پڕۆسەی حەجی ئەمساڵ كردووە بۆ ئەوەی تێچووی حەج لەسەر هاووڵاتییان كەم ببێتەوە.
شێخ نیاز راغب نەقشبەندی سەرۆکی شاندی حاجیانی کوردستان رایگەیاند “هەموو ئامادەکارییەک بۆ پێشوازیکردن لە وەرزی حەجی ئەمساڵ کراوە و هەوڵدەدەین باشترین خزمەت پێشکەش بە حاجیانی کوردستان بکەین”.
راشیگەیاند “حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پاڵپشتی پرۆسەی حەج و عومڕە بووە لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەمساڵیش مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەت وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕاسپارد کە بڕی چوار ملیار و 200 ملیۆن دینار پاڵپشتی پرۆسەی حەج بکرێت تاوەکو تێچووی حەج لەسەر هاووڵاتییان کەم بکرێتەوە”.
شێخ نیاز راغب نەقشبەندی هەروەها رایگەیاند “لە رۆژی 16/5/2025 یەکەم کاروانی حاجیانی کوردستان بەرەو وڵاتی سعوودییە بەرێ دەکەوێت”.
سەرۆکی شاندنی حاجیانی کوردستان گوتیشی “لە رۆژی 16 و 17ی مانگی داهاتوو حاجیانی کوردستان بە ڕێگای وشکانی بەرێ دەکەون کە ژمارەیان 1645 حاجییە، دواتریش رۆژی 19ی مانگ یەکەم کاروانی حاجیانی کوردستان بە رێگەی ئاسمانی لە رێگەی هەردوو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانییەوە بەرەو سعوودییە بەرێ دەکەون کە ژمارەیان 3491 حاجییە”.
ئاماژەی بەوەش دا کە حاجیانی وشکانی بە دوو رۆژ گەشت دەکەن بە جۆرێک كە حاجیانی پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین و گەرمیان لە رۆژی 16ی مانگی داهاتوو گەشت دەکەن، بەڵام حاجیانی پارێزگای هەولێر و دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ لە رۆژی 17ی مانگ بەرەو عەرەبستانی سعوودییە بەرێ دەکەون.
سەرۆکی شاندی حاجیانی کوردستان جەختیشی كردەوە كە گەشتی حاجیان بەڕێگەی ئاسمانی لە رۆژی 19ی مانگی داهاتوو دەست پێ دەکات تاوەکو رۆژی 28ی مانگی داهاتوو گەشتەکان بەردەوام دەبێت