خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی” زمانی گەردەلوول، خەونی شنەبا “

هۆنیار عەبدوڵڵا

“زمانی گەردەلوول، خەونی شنەبا” کلیلێکە بۆ کردنەوەی دەروازەی گەشتێکی فه‌رهه‌نگیی قووڵ و فرەڕەهەند بەنێو بیر و ئەندێشە و هەڵوێستەکانی یەکێک لە دەنگە دیارەکانی ئەدەب و فیکری هاوچەرخی کورد، فەرهاد شاکەلی.

ئەم بەرهەمە لە ساڵی ٢٠٠٨ چاپی یەکەمی کراوە، ساڵی ٢٠٢١ لە دەزگەی سەردەم چاپی سێیەم کراوە. ڕەنگدانەوەی نزیکەی سێ دەیەی پڕ لە هەوراز و نشێو و گۆڕانکاریی خێرای کۆمەڵگە و سیاسەت و فەرهەنگی کوردییە (لە ماوەی نێوان ١٩٩٠-٢٠١٧)، لە ڕێگەی تێڕوانینە وردبین و زۆرجار ڕەخنەگرانەکانی شاکەلییەوە.
ناونیشانەکەی، “زمانی گەردەلوول”، ئاماژەیە بۆ ئەو واقیعە پڕ ئاڵۆز و زریانەی ناوچەکە و بەتایبەت کوردستانی پێدا تێپەڕیوە؛ زمانێک دەبێت هێندەی گەردەلوول بەهێز و ڕاشکاو بێت بۆ دەربڕینی ئەو هەموو کەشکۆڵ و کارەسات و گۆڕانکارییە قووڵانەی ڕوویان داوه‌.
هاوکات، “خەونی شنەبا”، ئەو هیوا و ئاوات و ئارامییە نەبڕاوەیە، کە لە ناخی تاک و کۆمەڵگەی کوردیدا، سەرەڕای هەموو ناخۆشییەکان، وەک شنەبایەکی هێمن و ژیانساز، بەردەوامە . ئەم دوالیزمە، ئەم گرژییە لەنێوان واقیعی تاڵ و خەونی شیریندا، ڕووحی سەرەکیی ئەم کتێبەیە.
فەرهاد شاکەلی، وەک شاعیر، نووسەر، وەرگێڕ، ئەکادیمی و ڕۆشنبیرێکی خاوەن هەڵوێست، لەم دیدارانەدا تەنها وەڵامدەرەوەیەکی پاسیڤ نییە، بەڵکوو هاوبەشێکی چالاکە لە داڕشتنی گفتوگۆکاندا. ئەو بە وردی و قووڵی دەڕوانێتە پرسەکان و هەوڵدەدات لە گۆشەنیگای جیاوازەوە شیکارییان بکات. وەک لە لاپەڕەکانی پێشەکی (بەتایبەت ١٠، ١١، ١٢) ئاماژەی پێکراوە، ئەم دیدارانە هەوڵێکن بۆ تێگەیشتن لە دووڕیان و ئاڵنگارییە فیکری و سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی لەبەردەم کۆمەڵگەی کوردیدان. شاکەلی خۆی ددان بەوەدا دەنێت میتۆدێکی تایبەتی لەم گفتوگۆیانەدا پەیڕەو کردووە: هەوڵیداوە لایەنە سیاسی، کۆمەڵایەتی و هونەرییەکان پێکەوە گرێ بدات و شیکارییەکی سیستماتیک پێشکەش بکات، نەک تەنها گێڕانەوەی ڕووداو، یان باسکردنی سەرپێیی. بێت
لەم گەشتە فیکرییەدا، جیهانی ئەدەب و شیعر، فه‌رهه‌نگ و باری شارستانی، جێگەیەکی بەرچاو داگیر دەکات، کە نزیکترین بوارە لە خودی شاکەلییەوە. ئەو بە چاوێکی ڕەخنەگرانە و هاوکات دڵسۆزانەوە دەڕوانێتە شیعری کوردی، بەتایبەت ئەزموونی گەورە شاعیرانی وەک: شێرکۆ بێکەس… هەروەها قسە لەسەر تایبەتمەندییەکانی نەوەی حەفتاکان و قۆناغە جیاوازەکانی شیعری نوێی کوردی دەکات و ڕای تایبه‌ت و جیاوازی هه‌یه‌. باس لە تەکنیکەکانی نووسین، کێشەکانی ڕەخنەی ئەدەبی، ڕێنووس و ڕێزمان و چیرۆك و په‌خشان و قەیرانی خوێنەر و پێیوەندیی نێوان شاعیر و دەق و کۆمەڵگە دەکات.
لێرەدا زمان تەنها ئامراز نییە، بەڵکوو بوونەوەرێکی زیندووە و هەڵگ؛ لە ری زام و هیوا و خەونەکانی نەتەوەیەکە.
هاوتەریب لەگەڵ ئەدەبدا، پرسی ڕۆشنبیر و ڕۆڵی لە کۆمەڵگەدا وەک تەوەرەیەکی ناوەندی و یەکلاکەرەوە خۆی دەنوێنێت.
کتێبەکە، جەختێکی زۆر له‌سه‌ر ئه‌م باسه‌ دەکاتەوە و به‌ فراوانی ده‌یخاته‌ ڕوو. شاکەلی، بۆ ڕۆشنبیر بەدوای پێناسەیەکی ورد و بەرپرسیارانەدا دەگەڕێت؛ ڕۆشنبیرێک کە خاوەنی “جیدییەت” و “دووربینی” بێت، نەک تەنها کەسێک، کە قسە دەکات یان دەنووسێت. ئەو، نیگەرانیی قووڵی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە ئاستەنگەکانی بەردەم کار و كایه‌ی ڕۆشنبیری، پێوەندیی ئاڵۆزی نێوان ڕۆشنبیر و دەسەڵات (کە زۆرجار پڕە لە گرژی و ناکۆکی) و لێپرسراوێتی ڕۆشنبیر بەرامبەر بە کۆمەڵگەکەی، وەک ویژدانی کۆمەڵگە لەبەردەم بەرپرسیارێتیدایە. کتێبەکە بانگەوازێکە بۆ ڕۆشنبیران تا لە ئاستی بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیاندا بن و له‌ كڵێشه‌ی لۆكاڵیی خۆیان وه‌ده‌ربێن.
لە درێژەی ئەم باسە گرنگانەدا، زمان، فەرهەنگ و شووناس وەک ڕیشە و ئاسۆی ناسنامەی کورد، بایەخێکی تایبەتیان پێدەدرێت. زمانی کوردی وەک هەڵگری سەرەکیی فەرهەنگ و شوناسی نەتەوەیی، جێگەیەکی تایبەتی لەم دیدارانەدا هەیە. شاکەلی قسە لەسەر کێشەی زمانی ستاندارد، ئاستەنگەکانی بەردەم گەشەکردنی زمان و پێوەندیی زمان بە بیرکردنەوە و ناسنامەوە دەکات. ئەو جەخت لەسەر پێویستیی خزمەتکردنی زمان و پاراستنی لە ئاستەنگەکانی جیهانگیری و گۆڕانکارییە خێراکان دەکاتەوە.
بێگومان بەبێ ڕوانین لە سیاسەت، ناتوانرێت باس لە فەرهەنگ و شووناس و مێژوو و کۆمەڵگە بکرێت.
کتێبەکە پەنجەرەیەکی فراوانە بەسەر مێژووی هاوچەرخ، دۆخی سیاسی ئاڵۆزیی کوردستان، ئەزموونی شۆڕش و پێشمەرگایەتی، پرسی دەسەڵات و حوکمڕانی، کاریگەرییەکانی سیاسەت لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و فەرهەنگ.
شاکەلی بە ڕاشکاوی و بوێرییەوە ڕەخنە لە دیاردە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەگرێت. گرنگتر لەوە، ئەو بە ئازایەتییەوە ددان بەوەدا دەنێت کە هەندێک لە خوێندنەوە و پێشبینییەکانی پێشووی، بەتایبەت لە بواری سیاسییدا، ڕەنگە زیاد لە پێویست گەشبینانە بووبن و ئێستا هەست بە جۆرێک لە “تێكشکان” یان نائومێدی دەکات بەرامبەر بە هەندێک لایەنی واقیعی سیاسیی کوردی. ئەم ددانپێدانانە، ڕاستگۆیی و قووڵاییەکی زیاتر بە کتێبەکە دەبەخشێت.
گفتوگۆکان تەنها لەم چوارچێوە سەرەکییانەدا نامێننەوە، بەڵکوو دەچنە نێو ڕەهەندە قووڵتر و تازه‌بابه‌ت و نوێترەکانیشەوە. باس لە لایەنە فیکری و فەلسەفییەکان، لەوانە تەسەووف و لایەنە ڕۆحییەکان دەکرێت. هەروەها کاریگەرییەکانی تەکنەلۆژیای نوێ بەسەر نووسینه‌وه‌، پێیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و شێوازی ژیان، بابەتێکی ترە لە کتێبەکەدا ئاماژەی پێکراوە و گرنگیی سەردەمیانەی پێدەبەخشێت.
“زمانی گەردەلوول، خەونی شنەبا” تەنها کۆمەڵێک وتووێژ نین لە کات و شوێنی جیاواز سازدرابن؛ بەڵکوو ڕاستتر وایه‌ بڵێین نەخشەگه‌لێكی فیکرین، ڕێڕەوی بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرێکی کورد لە قۆناغێکی چارەنووسسازدا نیشان دەدات. ئەو وەک “تۆمارنامەیەک” وایە کە زاکیرەی بەشێک لە مێژووی فیکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی هاوچەرخی کوردستان هەڵدەگرێت. دەنگدانەوەی ویژدانێکە بەردەوام لە خەمی ناسنامە، ئازادی، دادپەروەری و داهاتوویەکی ڕووناکتردایە بۆ گەلەکەی.
خوێندنەوەی ئەم کتێبە تەنها ئاشنابوون نییە بە بیروڕای فەرهاد شاکەلی، بەڵکوو بانگهێشتێکە بۆ بیرکردنەوەی قووڵتر، بۆ پرسیارکردن، بۆ ڕەخنەگرتن و بۆ هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بەو واقیعەی تێیدا دەژین.
شاكه‌لی، گەنجینەیەکە پڕە لە تێڕوانینی ورد، شیکاری قووڵ، نیگەرانیی دڵسۆزانە و خەونی نەبڕاوە. بۆ هەر کەسێک بیەوێت لە لێکدانەوەکانی ڕۆشنبیرێکی جیدی و خەمخۆر بۆ پرسە گەورەکانی کورد تێبگات، ئەم کتێبە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەند و پێویستە؛ شایەتحاڵی ململانێی بەردەوامی نێوان “گەردەلوول”ی واقیع و “شنەبا”ی هیوایە لە ڕۆحی کوردەواریدا.