وەزیری ناوخۆ جەخت لە پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕێککەوتنی شنگال دەکاتەوە و دەڵێت: دەمانەوێت ببینین، ئیدارەیەکی شەرعی شنگال بەڕێوە دەبات و هێزێکی یاساییش دەیپارێزێت.
سێشەممە، 29-04-2025، بە چاودێریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی ئێزدی (ئایین، کەلتوور، مێژوو، جوگرافیا) لە شاری دهۆک دەستی پێ کرد و تا سبەینێ چوارشەممە، 30-04-2025، بەردەوام دەبێت.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە بە نوێنەرایەتیی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، بەشداریی کردووە، لە گوتارێکدا کۆنفرانسەکەی بە “زۆر گرنگ” ناو برد و دووپاتی کردەوە “ئێزدییایەتی یەکێکە لە ئایینە دێرینەکانی کوردستان و ڕەگ و ڕیشەی ئێزدییایەتی بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.”
مێژووی ئێزدییەکان لە کوردستان
بە گوتەی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان “باوەڕ، کەلتوور و ئەو شێوازە ژیانەی ئێستا پەیڕەو دەکرێت، نەک هەر بەشێکی دانەبڕاوە لە ناسنامەی گەلی کورد، بەڵکوو لە تابلۆی فراوانتری شارستانییەتی مرۆڤایەتیدایە. بوونی ئەوان، فرەچەشنی گیانی خۆڕاگریی کوردستان دەوڵەمەندتر دەکات.”
لە مێژووی ئێزدییایەتیدا، وەکوو ئەوەی ڕێبەر ئەحمەد ئاماژەی پێ دا “داکۆکییەکی زۆر بەهێز لەسەر پێکەوەژیانی ئاشتییانە و ڕێزگرتن لە هەموو مرۆڤایەتی کراوە. ئێزدییەکان، بە درێژایی مێژووی کۆنی خۆیان، فەلسەفەیەکی ئایینییان نیشان داوە کە لێبووردن، هەماهەنگی و پیرۆزیی ژیان، بەرەوپێشەوە دەبات. بیرو و باوەڕی ئەوان، بانگەشە بۆ ژیانی ئاشتییانە لەگەڵ ئەوانی دیکە و ڕێزگرتن لە هەموو ئایینەکانی دیکە دەکات کە ڕەنگدانەوەی نەریتێکی کەلتووری قووڵە کە هیچ کاتێک مەترسی بۆ سەر بیروباوەڕ و کۆمەڵگەکانی دەوروبەری خۆی دروست نەکردووە. ئەم سرووشتە ئاشتیخوازە، ئەو نادادپەروەرییانە دوو جار کارەساتبارتر دەکات کە بەرانبەر ئێزدییەکان کراون.”
هێرشی داعش بۆ سەر شنگال
داعش، لە سەرەتای ئابی 2014 هێرشی کردە سەر شەنگال و دەوروبەری، 6417 کوردی ئێزدی ڕفاند، تا ئێستا 3570 کوردی ئێزدی رزگار کراون، چارەنووسی 2646 کەسیش نادیارە.
وەزیری ناوخۆ، لە بەشێکی گوتارەکەیدا باسی لە هێرشی داعش بۆ سەر شنگال کرد و گوتی: ئەو دڕەندەییەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی 2014 کردی، وەک خاڵێکی ڕەش لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەمێنێتەوە. هاوکات سوپاسی دۆست و ئەو وڵاتانە دەکەین کە تاوانەکانی دژی ئێزدییانیان وەک جینۆساید ناساندووە کە تێیدا هەزاران هاووڵاتیی ئێزدیی بێتاوانمان کوژران. ئافرەت و منداڵ، دەستگیر کران و تووشی ئازارێکی زۆر بوون، زۆرینەی گوندەکان وێران بوون. پەرستاگان، کە مێژووەکەیان بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا دەگەڕایەوە، بە شێوەیەکی سیستەماتیک لەنێو بران.”
ڕێبەر ئەحمەد، باسی لەوەش کرد “لە کاتژمێرەکانی سەرەتای هێرشی تیرۆریستانی داعش (بۆ سەر شنگال) حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاواری ئێزیدییەکانەوە چوو. هێزەکانی پێشمەرگە بە ئازایەتییەکی بێهاوتا، شەڕی بەرگری و ڕزگارکردنی شنگال و دەوروبەری کرد. ژمارەیەکی زۆری قارەمانانی پێشـمەرگە، گیانی خۆیان پێشکەشی خاکی پیرۆزی شنگال کرد و ئەو قوربانیدانە، بۆ تا هەتایە لە نێو ناخی هەموواندا دەمێنێتەوە.”
ڕێککەوتنامەی شنگال
رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2020، بە ئامادەبوونی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێککەوتننامەی شنگال بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەغدا ئیمزا کرا کە لە چەند خاڵێکی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی ئیداری، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە پێک هاتووە.
وەکوو ئەوەی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان جەختی لێ کردەوە “ڕزگارکردنی خاکی شنگال بە تەنیا بەس نییە، بوواژندنەوە، ئاوەدانکردنەوە و گەڕاندنەوەی شکۆمەندانەی ئێزدییەکان بۆ زێدی خۆیان، لە پێناو ئاییندەیەکی دادپەروەرانە، زۆر گرنگە.”
ڕێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەش دا “یەکێک لە ئامرازەکانی سەقامگیریی بەردەوام، ڕێککەوتنی شنگالە کە لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بە پاڵپشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیمزا کراوە. ئامانج لە ڕێککەوتنەکە، دوورخستنەوەی میلیشیا و گرووپە چەکدارە نایاساییەکان و گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی یاسایی و ئاسایش و ئاساییکردنەوەی ناوچەکەیە. ئەو ڕێککەوتنەیە چوارچێوەیەکە بۆ گەڕانەوەی شکۆمەندانە و ئارەزوومەندانەی ئاوارەکانی ئێزدییە بۆ سەر ماڵ و حاڵیان.”
وەزیری ناوخۆ جەختی لە پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕێککەوتنی شنگال کردەوە و داوای لە حکوومەتی عێراقیش کرد، ئەویش بە هەمان شێوە بەرپرسیارێتییەکەی وە ئەستۆ بگرێت و ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکات ؛ تاکو ببینین شنگال لە لایەن ئیدارەیەکی خۆجێیی شەرعییەوە بەڕێوە دەبرێت و لە لایەن هێزێکی یاساییەوە دەپارێزرێت.”