عەمەر ئەرگوشی
یەکێک لە شانازییەکانی گەلی کوردستان ئەوەیە کە سەرەڕای پێکهاتەی ئاڵۆزی کومەڵگاکە سەدان ساڵە پێکەوە دەژین و هەموو پێکهاتە دینی و تایفی و مەزهەبییەکان لە دۆخێکی ئاشتی و برایانەدا دەژین و لە خۆشی و ناخوشیی یەکتردا بەشدارن.
پارتی لە دامەزراندنیەوە گرنگییەکی تەواوی بە کولتووری پێکەوەژیان داوە کە سەرچاوەکەی عەقیدەی بارزان بووە کە لە لایەن شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ ئەحمەد بارزانی پەیرەو کراوە و، گرنگیی پێ دراوە.
سەدان سالە ئەم کومەڵگە فرە پێکهاتە و فرە کولتوورە، بە شێوەیەکی نموونەیی پێکەوە ژیان دەکەن بە شێوەیەکی یەکگرتووی بەهێز رووبەرووی هەڕەشە دەرەکییەکان بوونەتەوە و نەمانبیستووە رۆژێک کێشەی نێوان پێکهاتەکان بووبێتە کێشەیەکی دیار یان هەرەشە لەسەر پێکهاتەی کومەڵگا. لە زوربەی ناوچەکانی کوردستان بە شێوەیەک تێکەڵاوی یەکتر بوونە کە لە کاروکاسبی رۆژانەیان هاوکار و هەماهەنگ و پشت و پەنای یەکترن. بو نموونە لە ناوچەیەکی وەک دەڤەری بارزان لە ژێر دەسەڵاتی دادوەری بارزان لە چوارچێوەی کەمتر لە کیلومەترێک چوارگوشە پەرستگای (کەنیشت و کەنیسە و (دیر) و مزگەوت هەبوونە، واتە جوولەکە و مەسیحی و مسڵمان پێکەوە عیبادەتیان دەکرد و لە ماڵی یەکتر ئێواران و نیورانان نانیان دەخوارد و بەبێ یەکتر نەدەحەوانەوە و، خوشەویستی و رێز لە نێوانیان سنووری ئایینیان بریبوو و وەک ئادەمیزاد و مرۆڤدۆست هەمیشە خەریکی دەستلەملانێ بوون. رەنگە لە زوربەی ناوچەکانی کوردستان شێوەی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان بەم جورە بووبێت.
ئەگەر ئەمڕۆ سەیرێک لە پێکهاتەی کومەڵگاکەمان بدەین دەبینین کلدانی، ئاشووری، مەسیحی، مسڵمان بە شیعە و سوننەوە، ئێزدی، تورکمان بە شیعە و سوننەیانەوە، کاکەیی و بزووتنەوەی هەقە و ئەرمەنی و هتد، هەموو ئەمانە لە کوردستان جێیان کراوەتەوە و رێچکەیەکی ژیانی پر سەروەری و برایەتییان گرتووە، داگیرکەرانی کوردستان لە هەموو جەنگ و داگیرکارییەکدا جیاوازیان لە نێوان ئەم و ئەودا نەکردووە و بە یەکسانی ئاراستەی تۆپ و تفەنگیان لە سنگیان کردووە و بە یەک دەرد شەهید و بریندار و ئاوارەو دەربەدەر کراون، ئەوانیش بە یەک هەستی مرۆڤایەتی و بە یەک هەڵوێستی کوردستان پارێزی لە یەک سەنگەری بەرەڤانی و بەرگریدا کۆ بوونەتەوە و لە شکست و سەرکەوتن یا لە زەردەخەنە و گریان پێکەوە بوون.
جەنابی سەرۆک بارزانی وەک رابەری رۆحیی خەڵکی کوردستان بەبێ جیاوازیی بەرنامەی پاراستن و خزمەتکردنی هەموو پێکهاتەکان بە ئەرکی پێشینەی شۆڕش و حکومەت و دەسەڵاتی کوردستانی داناوە و، توانیویەتی شێوەی ئاشتی و برایانەی پێکەوە ژیان بکاتە نموونەی گەشی کوردستان کە لە ناوچە نموونەی نەبێت و، بە شێوەیەک خواست و ئارەزووەکانیان خزمەت بکرێن کە هەموو لایەک شانازیی پێوە بکەن و، لە بەشداریپێکردنیان لە دەسەڵات و بەڕێوەبردنی وڵات حسابی تایبەتیان بۆ کراوە و رۆڵی پیرۆزی ئەوانيش لەم بوارەدا جێگای شانازی هەموو لایەکە.