ئاریان دەرگەڵەیی – ههولێر
لە سەرەتای ئەو مانگەدا بە ناونیشانی Ego Sum) من هەم) بۆ یەكەمین جار لە مێژووی هونەری كوردیدا چەند كارێكی هونەریی دەستەیەك خانمی هونەرمەندی كورد دەبرێتە دەرەوەی هەرێمی كوردستان و لە شاری كراكۆڤی پۆڵەندا نمایشكی هونەری بەڕێوە چووە.
یەكێك لەو 14 خانمە هونەرمەندەی كە بەشدارییان کردووە لە پیشانگا نێودەوڵەتییەكەی كراكۆڤی پۆڵەندادا، (شریڤان بارانی) بوو كە كارەكانی پێشوازییەکی زۆری لێ كرا.
ئەو خانمە هونەرمەندە سەبارەت بە گەشتەكە هونەرییەكەی بۆ كراكۆڤ بۆ (هەولیر) گوتی: ژیان كۆمەڵێ دەمسات نییە، ئەوەتا لێرە هەست بە هەموو وردەكارییەكان ئەكەم، بە هەموو هەناسە و چرپەكانی دڵم، ”كراكۆڤ” تەنیا شوێنێك نییە، بەڵكو لێدانی دڵ و ریتمێكی مێژووی و خەونەكانی منە كە پێكڕا تێكەڵ بوونە، گەشتكردن بریتی نییە لە گواستنەوە لە شوێنێك بۆ شوێنێكی تر، بەڵكو پەیوەندی بە بینینی راستەقینە و هەستكردن و بوون بە بەشێك لە شتێكەوە هەیە كە لە دەرەوەی خۆت بێ.
سەبارەت بە كارە هونەرییەكەیشی ئەو گوتی: ژبۆ یەكەم جار دوای پێنج ساڵ هێلانەی خۆی لە پۆڵەندا دۆزیوەتەوە، ئەزموونێكی تا بێژی گرنگ بوو بۆ من وەك یەكەم جار، لە رووی هونەری و لە رووی گەشتیشەوە، ئەوەی لە جوانی و پیرۆزیی ژن تێبگا ئەوسا دەزانێت كە بەرجەستەكردنی لە تابلۆدا بەو ساناهیە نییە.