له‌ پاڵه‌وانێتی تێنسی كراوه‌ی ئوسترالیا ئه‌نجامی چاوه‌ڕواننه‌كراو روویدا

كێبڕكێیه‌كانی پاڵه‌وانێتی تێنسی کراوەی ئوسترالیا بەردەوامن و له‌سه‌ر ئاستی خانمان ئالیز کۆرنێی و دانیێل کۆلینز گەیشتنە چارەکی کۆتایی و سیمۆنا هالێپی رۆمانیش به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو ماڵئاوایی له‌ پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ کرد، لە ئاستی پیاوانیشدا دانیێلی مێدڤێدێڤ و دی میناور سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و پلیتی چارەکی کۆتاییان تێنسی ئوسترالیایان بڕی.

ئاستی خانمان له‌ تێنسی ئوسترالیا
لە ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراودا لە پاڵەوانییەتی تێنسی کراوەی ئوسترالیا سیمۆنا هالێپ خانمە تێنسزانی رۆمانی لە گەیشتن بە چارەکی کۆتایی شکستیهێنا و ماڵئاوایی کرد.
هالێپی کە پێشتر لە پێشەوەی خانمە تێنسزانەکانی جیهان بوو ئێستاش پۆلێنکراوی پازدەمە رووبەڕووی ئالیز کۆرنێی 61ی جیهان بووەوە و یارییەکەشی بە دوو سێت بەرامبەر سێتێک دۆڕاند.
لە سێتی یەکەمدا کۆرنێی بە شەش چوار سەرکەوت، بەڵام سێتی دووەمی بە سێ شەش دۆڕاند و لە دوا سێتیشدا بە شەش چوار سەرکەوتنەکەی دووبارە کردەوە و ئەم خانمە تێنسزانە 32 ساڵانەیە بە دوو کاتژمێر و 33 خولەک پلیتی قۆناغی چارەکی کۆتایی بەدەستهێنا. لە قۆناغی داهاتووشدا کۆرنێی رووبەڕووی دانیێل کۆلینزی ئەمریکی دەبێتەوە.
لەلایەن خۆیەوە دانیێل کۆلینز پۆلێنکراوی بیست و حەوتەمین بە بردنەوەی لە ئیلیز مێرتێنزی بەلجیکی پلیتی چارەکی کۆتایی بەدەستهێنا.
کۆلینز رکابەرییەکی بەهێزی خانمە بەلجیکیەکەی کرد و یارییەکەی لە ماوەی نزیکەی سێ کاتژمیر بە دوو سێت بەرامبەر سێتێک بە ئەنجامەکانی چوار شەش، شەش چوار و شەش چوار بردەوە.
کۆلینز دەیەوێت لە قۆناغی داهاتووش بردنەوە بەدەست بهێنێت و بۆ جاری دووەمی لە مێژوویدا بگاتە قۆناغی پێش کۆتایی، دوای ئەوەی لە ساڵی 2019 نزیک بوو لە گەیشتن بە یاریی کۆتایی.
له‌ یارییه‌كی دیكه‌ی ئاستی خانماندا، ئیجا سواتیكی خانمه‌تێنسزانی پۆڵه‌ندا به‌ 2 سێت به‌رامبه‌ر سێتێك شكستی به‌ سۆرانا سیرستیای رۆمانی هێنا و گه‌یشته‌ قۆناخی داهاتووی تێنسی ئوسترالیای كراوه‌.

ئاستی پیاوان له‌ تێنسی ئوسترالیا
هەر لە گراندسلامی ئوسترالیا و ئەمجارە لە ئاستی پیاوان دانیێل مێدڤێدێڤ تێنسزانی ئوسترالی بلیتی چارەکی کۆتایی بەدەستهێنا.
مێدڤێدێڤ رووبەڕووی تێنسزانی ئەمریکی ماکسیک کریسی بووەوە و یارییەکەشی بە سێ سێت بەرامبەر سێتێک بە ئەنجامەکانی شەش دوو، حەوت شەش، شەش حەوت و حەوت پێنج بردەوە.
مێدڤێدێڤ کە بە سێ کاتژمێر و 30 خولەک گەیشتە چارەکی کۆتایی حەوتەمین سەرکەوتنی لەم وەرزە بەدەستهێنا و تەنیا یارییەکی دۆڕاندووە.
هەر لە ئاستی پیاوان ئالێکس دی میناور تێنسزانی ئوسترالی ماڵئاوایی لە پاڵەوانییەتی وڵاتەکەی کرد و بەرامبەر یانیک سینەر دۆڕا.
سینەر رکابەرییەکی بەهێزی دی میناوری کرد و یارییەکەی بە سێ سێتی بێبەرامبەر بە حەوت شەش، شەش سێ و شەش چوار بردەوە و بۆ یەکەمجار پلیتی چارەکی کۆتایی بەدەستهێنا.
له‌ یارییه‌كی دیكه‌ی ئاستی پیاوان، مارین چیلیچ تێنسزانی كرواتی، به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو ماڵئاوایی له‌ پاڵه‌وانێتی تێنسی ئوسترالیای كراوه‌ كرد كاتێك به‌رامبه‌ر فیلیكس ئۆگێری كه‌نه‌دی تووشی شكست بوو.

ھەواڵی زیاتر