نــــــووری بێخاڵـــــی
بە بەردەمتدا ڕەت دەبێت
بە چاو سڵاوێکت لێ دەکات،
کە هاڵاوی تاسەی لێ هەڵدەستێت
لەگەڵ هەموو ئاوڕێکی،
وشەیەک و
لەگەڵ هەموو نیگایەکی،
ڕازێک و
لەگەڵ هەموو زەردەیەکی،
یادگارێکت دێنێتەوە بیر
تێ دەپەڕێت و
لەبەر خۆیەوە گۆرانیی:
“ئەگەر هاتی تەنیا وەرە،
سەرینەکەم بۆ دوو کەسە، دوو کورسیی تامەزرۆم هەیە،
دوو پیاڵەشم هەیە بۆ چای!”
دەڵێتەوە و
دۆش دادەمێنیت
هەڵسیت و شوێنی ڕابردوو بکەویت
یان هەڵکوڕمێیت و
قاوەیەکی تاڵ
تاڵ هێندەی ساڵانی چاوەڕوانی
بەسەر داکەیت
ئەو ڕۆژەت دێتەوە یاد
لووزەوەی فرمێسکەکانت گۆناکەتیان دەشۆراند و
ئەویش قاقا، دەتریقایەوە