هێمن ئەسکەندەر – هەولێر
لەژێر دروشمی وەرزش دەکەین ئومێد دەبەخشین، بۆ ساڵی شەشەم لەسەر یەک ڕێکخراوی ئەربیل ماراسۆن بۆ وەرزش و ئاشتی ڕاکردنێکی ٣ کم ئەنجام وەک پاڵپشتیەک بۆ توشبوانی شێرپەنجە ئەنجامدا، ساڵانە ڕێکخراوەکە لە ڕێگەی ئەم چالاکیەوە پارەیەکی زۆر بۆ نەخۆشخانەی نانەکەلی کە تایبەتە بە نەخۆشیەکانی خوێن و شێرپەنجە کۆدەکاتەوە، دوای تەواو بوونی ڕاکردنەکەیش چەکی ژمارە (٦) کە بڕی ١٨ ملیۆن دینار بوو پێشکەش بە نەخۆشخانەی نانەکەلی کرا.
شەش ساڵە ئەو ڕاکردنە ئەنجام دەدرێت
ڕێکخراوی ئەربیل ماراسۆن بۆ وەرزش وئاشتی لە چواچێوەی هەڵمەتی ئومێد بۆ هاوکاری نەخۆشانی شێرپەنجە لە ماوەی زیاتر لە مانگیک هەستا بە سەردانی کردنی قوتابخانە حکومی و ناحکومیەکان کە زیاتر بوون لە ٣٠ قوتابخانەی حکومی و نا حکومی بوون، سەردانەکە بۆ دوو ئامانجی سەرەکی بوو، یەکەم: بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی هۆکارەکانی شێرپەنجە، دووەم: بە کەلتور کردنی بەخشین و هاوکاری کردنی نەخۆشان وکەسانی پێویست لەناو کۆمەلگای خۆمان و بەتایبەت لەناو چینی منداڵان و گەنجان بۆ ئەوەی لە ئێستاوە لەسەر ئەم کارە پەروەردە بکرین، لەسەرەجم قوتابخانەکان سندوقی کۆکردنەوەی هاوکاری و کۆمەک داندرا بوو، بڕی زیاتر لە ١٨ ملیۆن دینار کۆکرایەوە.
پاشان کۆکردنەوەی هاوکارییەکان و پێدانی پارەکە بە نەخۆشخانەی نانەکەلی لە کۆتایی هەڵمەتەکە بە ڕاکردنی ئومێد، ڕاکردنەکە بۆ ماوەى ٣کم بوو، کاتژمێر ١٠ ی سەر لە بەیانەی لەبەردەم تابلۆ مۆڵ لە شەقامی کەرکووک بۆ ناو نەخۆشخانەی نانەکەلی بەبەشداری زیاتر ١٠٠٠ کەس لە قوتابیان و سەرجەم چین و توێژەکان و هاوڵاتیانی بیانی بەشداریان کرد بوو.
براوەکان لە پلەی یەکەم تا پێنجەم میدالیاو خەڵاتیان وەردەگرت، ئامانجی سەرەکی ڕاکردنەکە بریتیە لە هۆشیار کردنەوەی خەڵکی بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیەکانی شێرپەنجە، هەروەها بەخشین و هاوکاری کەسانی نەخۆش بکەین بە کلتور لەلایەن خەڵکی تا بە بەخشین هیوا بۆ ژیان بگەڕێنینەوە.
براوەکان خەڵات کران
دوای تەواو بوونی راکردنەکە، بە ئامادەبوونی بەڕێز ئومێد خۆشناو پارێزگای هەولێر و نەبەز عەبدولحەمید قائیم قایمی ناوەندی هەولێر لە مەراسیمێکدا چەکی ئومێد ژمارە (٦) کە بڕی ١٨ ملیۆن دینار بوو، پێشکەش بە نەخۆشخانەی نانەکەلی کرا
دواتر خەڵاتی خاوەنی پلەی یەکەم تاکو پێنجەمی لەسەر ئاستی کوڕان و کچان دابەشکرا
براوەکانیش بەمشێوەیە بوون:
ئاستی کچان:
١-رەنا بەرەکات ١١،٤٧
٢- فەوزیە بەهرام ١٢،٢٣
٣- ئامال خضر ١٢،٤٣
٤- ژوان سادقی ١٥،٢٦
٥- ئاریانە یاسر ١٦،٥٦
ئاستی کوڕان:
١- ریڤینگ مەحمود ٩،٤٣
٢- ئەیمەن نەعمان ٩،٥٣
٣- عەلی عەبد عەلی ٩،٥٩
٤- العوام عائید ١٠،٠٠
٥- یەلۆ کەیسیس ١٠،٠٦