ھەرێمی کوردستان لە ئازادی و پێکەوەژیاندا نموونەیە لە ناوچەکە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ھەرێمی کوردستان لە پێکەوەژیان و ئازادی ئایینیدا نموونەیە و سەلمێنەری ئەوەیە پێکەوەژیان و ڕێزلێنان لە یەکدی مەحال نییە، سەرکردەکانی ھەرێمی کوردستان بە کردار پێکەوەژیانیان فەراھەم کردووە، سەرکردە ئایینییەکانیش سوپاسیان دەکەن، میوانانی ڕۆژی نزای نیشتمانی، دەڵێن، پێویستە لە ھەرێمی کوردستانەوە فێری پێکەوەژیان بین.

لە دروستبوونی پەرلەمانی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە تا ئێستا سەرکردایەتی سیاسی کوردستان و بەتایبەتی سەرۆک بارزانی ڕژدبوو لەسەر پاراستنی مافی پێکھاتەکان لە پەرلەمان و حکوومەت بە یاساش ئەم مافە لە پەرلەمانی کوردستان پارێزراوە، جگە لەوەی لە سێکتەرە جیاوازەکان دەرفەتی زیاتریان بۆ ڕەخسێندراوە کە گوزارشت لە مافەکانیان بکەن، پێکھاتەکان، دەڵێن، سەرۆک بارزانی سیمبولی پارێزگاری بووە لە ھەموو قۆناغەکان لە مافی پێکھاتەکان، کابینەی نۆیەمیش ئەو دەرفەتەی زیاتر کردووە.
لە یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دامەزراندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکان دەرگای بەشداریکردنیان لە پرۆسەی سیاسیدا بۆ واڵاکرا قۆناغ بە قۆناغ لە ھەرێمی کوردستان بوونە خاوەن کورسی پەرلەمانی و پۆستی باڵا و وەزارەتیان لە حکوومەتدا وەرگرت، ئێستا لە دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان پۆستی باڵا و بەرپرسیارەتی و بەشداری کاریگەریان ھەیە.
لە دێر زەمانەوە ھەتا ئێستا ئەوەی ھەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی شانازی پێوە دەکەن ئەو کولتووری پێکەوەژیانەیە کە لە نێوان ئاین و پێکھاتە جیاوازەکاندا ھەیە، لە دروستبوونی پەرلەمانی کوردستان و حکوومەت کار بۆ ئەوە دەکرێت دەرفەتی زیاتر بۆ پێکھاتەکان برەخسێت کە لە دامەزراوەکانی حکوومەت و پەرلەماندا کار بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان بکەن.
میوانانی ڕۆژی نزای نیشتمانی سەردانی شوێنە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستانیان کردوو ئاشنای کولتوور و مێژووی شوێنە پیرۆز و دیرۆکەکان بوون، سەرسامی خۆیان نیشاندا بەوەی کە لە ھەرێمی کوردستان ڕێز لە بیروبووچووونی جیاواز دەگرن و یەکدی قەبوول دەکەن، بەچاوی خۆمان ئەو پێکەوەژیانەی کە لە کوردستان ھەیە بینیمان و بەڕاستی بۆنەیەکی جیاواز و لە جێگەی خۆیدا بوو، عێراق پێویستی بەو جۆرە کۆبوونەوانە ھەیە، چونکە لە یەک شوێن تەواوی پێکھاتەکان کۆدەبنەوە و خۆشەویستی لە نێوانیان دروست دەبێت، ئەوەش بۆ کۆمەڵگەی عێراق پێویستە، ئەوەی لە کوردستان کرا و ئەو پێکەوەژیانەی کە ھەیە بە ڕاستی ئێمەی سەرسام کرد، ھیوادارین ئەو پێکەوەژیانە لە عێراقیش ڕەنگ بداتەوە.
میوانانی ڕۆژی نزای نیشتمانی، دەڵێن، زۆر سەرسامی سەرۆک بارزانی بووین کاتێک گوتی، پێکەوەدەژین و پێکەوە دەمرین، کۆمەڵگەی کوردی، کۆمەڵگەیەکی فڕە چەشنە، دڵنیاین ڕۆژێک کوردستان دەبێتە دەوڵەت، چونکە بڕوای بە پێکەوەژیانە و فاکتەری سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.
ھەر چەندە لە ڕابردوودا لەسەر داواکاری سەرکردایەتی سیاسی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەتی سەرۆک بارزانی ١١ کورسی کۆتا بۆ پێکھاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان دانرابوون، بەڵام بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی ئەو مافەیان لێ وەرگیرایەوە، بە پێداگری سەرۆک بارزانی پێنج کورسی کۆتایان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ گەڕایەوە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەت دوو وەزارەتیان پێدراوە، لە سێکتەری خوێندنیشدا خوێند بە زمانی خۆیانە، بەپێی یاسای ژمارە ٥ کە بۆ پاراستنی مافی پێکھاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە مافەکانیان پارێزراوە. ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێم، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، کە لە ئێستادا بە دەیان پێکھاتەی نەتەوەیی لە ھەرێمی کوردستان دەژین، پێکھاتەی نەتەوەیی وەکو نەتەوەی تورکمان، کلدان، سریان ئاشووری بەشداربوویەکی باشیان ھەیە، لە کابینەکانی ڕابردوو و ئێستاشدا سەرۆک بارزانی ڕۆڵی جێگەی ڕێزە، ھەموو کات پشتگیری لە نەتەوەکانی کردووە و پشتگیری لە پێکەوەژیانی پێکھاتەکان کردووە، کە ئەمە بۆ ئێمە سیمبولی پێکەوەژیانی پێکھاتەکانە لە ھەرێمی کوردستان.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێم، ڕاگەیاند، لە ھەرێمی کوردستان ڕەوشی پێکھاتەکان زۆر باشە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەردەوام پشتگیری لە مافەکانیان دەکات، ھەبوونیان لە کایەکانی حکوومەت گرنگە، سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی بەردەوام پشتگری لە پێکھاتەکان دەکات، لە کابینەی نۆیەمیش ڕەنگی داوەتەوە، وەزارەتێک ھەیە بەناوی کاروباری پێکھاتەکان، ئەوەش فاکتەرێکی گرنگە لە بەھێزکردنی پێکەوەژیانی نەتەوە و ئەدیانەکان، لە ھەمان کاتدا ڕۆڵی سەرۆک بارزانی دیار و بەرچاوە، ھەموو کات پشتگیری لە مافی پێکھاتەکان کردووە، فاکتەرێکی گرنگە بۆ بەھێزکردنی پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان، ئەو دەستەڵاتەی کە لە عێراق ھەیە غەدر لە پێکھاتەکان دەکات، زۆر گرنگی بە پێکھاتەکان نادات، پێویست دەکات لە عێراقیش گرنگی بە پێکەوەژیان بدرێت.