کوردێکی شارەزای بواری گەردوونناسی توێژینەوەیەک لەسەر تووڕەبوونی سروشت و بارانی بەلێزمە بڵاو دەكاتەوە

لوقمان حەوێز گەردووناسێكی كوردی دانیشتووی ئەمریكایە؛ شارەزایە لە بوارەكانی فەلەكناسی، چەندین توێژینەوەی جۆراجۆری کردووە لەسەر گۆڕانی كەش و گەردوون، دوایین توێژینەوەیشی بە ناوی (سروشت تووڕەیە) بڵاو كردووەوتەوە، كە ئاماژەی بە هەندێك لەو گۆرانكارییانە كردووە كە لەم چەند ساڵەی رابردوودا بەسەر سروشتدا هاتووە.

لوقمان حەوێز لە پێشەكی توێژینەوەكەدا نووسیویەتی: بۆچی بارانی بەلێزمە و بەخوڕ زۆرتر و توندتر بوون..؟ بۆچی شەپۆڵەكانی ووشكی و سەرما و گەرماش زۆرتر و توندتر و دووركێشتر بوون..؟
لەوە وەڵامی ئەوەدا نووسیویەتی كە دیاردەكانی كەش و هەوا وەكو لافاو، وشكی، شەپۆڵەكانی گەرما و سەرما، زریانەكان و گەردەلولە باراناویەكان دیاردەی سروشتین و بەردەوام ڕوویانداوە لەسەر ڕووی گەلێك شوێنی سەر هەسارەكەمان، بەڵام كاتێك پیاچوونەوە دەكەین بە تۆماری پێوانەكانی كەش و هەوای زۆربەی وڵات و ناوچەكانی جیهان كە لەبەر دەستن و بەر لە پتر لە 150 ساڵ تاوەكو ئێستا تۆماركراون و دەكرێن، سەرنجی ئەوە دەدرێت كە نزیكەی 25 ساڵ دەبێت بەگشتی ئەو دیاردانە توندتر و زۆرتر و دوركێشتر بوون، بە گشتی ئێستا گەلێك لەو دیاردانە كاتێك ڕوودەدەن پێوانەكانی ئەو ماوە دورودرێژە دەشكێنن، چاودێری ئەوەش كراوە كە دابارینە بە لێزمەكان كاتێك ڕوودەدەن زۆر بەخوڕترن و دەبنە هۆی لافاوی گەورە و وێرانكاری دەنێنەوە، ڕەشاباكان بەهێزترن، شەپۆڵەكانی گەرما و سەرما دور و درێژترن و پێوانەكان دەشكێنن، لە ساڵی ڕابردوو پلەكانی گەرما لە سەدەها شار و ناوچەی جیهان پێوانەكانیان شكاندوە، ئەمەش واتە لەوەتەی پلەكانی گەرما تۆمار دەكرێت لەو شوێنانە لە هەمان ئەو ڕۆژەی ساڵدا پلەی گەرما ئەوەندە بەرز نەبۆتەوە، لە وەرزی زستانیشدا بە تایبەتی لە گەلێك شوێنی نیوەی باكوری گۆی زەوی زریانەكان و دابارینی بەفر و دابەزینی پلەكانی گەرما چەند ساڵ جارێك هەموو پێوانەكان دەشكێنن…
سەبارەت بەوە كە بۆچی دیاردەكان لە 25 ساڵی ڕابردوو توندتر بوونەتەوە؟ لە وەڵامی ئەوەدا ئەو توێژەرە كوردە ئاماژەی بەوە داوە كە
بەرگەهەوای هەسارەكەمان پێكەوە لەگەڵ زەریاكان زۆر چالاك و هەستیارن، لە دۆخە ئاساییەكاندا بە گشتی گۆڕانی بەردەوام لە پێوانە سەرەكیەكانی وەكو پلەكانی گەرما و ڕێژەی هەڵمی ئاو لە ناوچە جیاجیاكان كاردانەوە دروست دەكەن و دەبنە هۆی دروستبوونی دیاردەكانی كەش و هەوا، بەڵام بەگشتی كاتێك ئەو گۆڕانانە گەورەتر و توندترن دەبن ئەوا كاردانەوەكان و دیاردەكانی كەش و هەواش توندتر دەبن، لە ئێستادا ساڵانە ئەوە ڕوودەدات لە زۆربەی ناوچەكانی جیهان…
یەكێك لە لێكەوتەكانی گۆڕانی كەش و هەوا كە ئێستا بەڕێوەیە لەسەر هەسارەكەمان بەهۆی كار و چالاكیەكانی مرۆڤ بریتیە لە بەرزبوونەوەی تێكڕای پلەكانی گەرما لەسەر ڕووی هەسارەكەمان، لەگەڵ ئەوەی تێكڕای بەرزبوونەوەكە لە نێوان 1 بۆ 1.5 پلەی سەدیە، بەڵام بەهۆی نا هاوسەنگی لەو بەرزبوونەوەیە لە ناوچە جیاجیاكانی جیهان گۆڕانێكی بەرچاو لە كەشوهەوای سەر هەسارەكەمان ئێستا بەڕێوەیە، ئەو بەرزبوونەوەیە بۆتە هۆی زۆربوونی ڕێژەی هەڵمی ئاو تا ڕادەی ٧% زیاتر لە ڕێژە ئاساییەكان لەنێو تۆپەڵە هەوای زۆربەی ئەو نزمە.
ڕادەی سەدا٧ زیاتر لە ڕێژە ئاساییەكان لەنێو تۆپەڵە هەوای زۆربەی ئەو نزمە پاڵەپەستۆیانەی دروست دەبن، بۆیە دابارینی بەخوڕ و توند یەكێك لە سیماكانی دیاردەی گۆڕانی كەشوهەوای سەر هەسارەكەمانە كە بۆتە هۆی زۆربوون و توندتربوونی لافاوەكان، جگە لەوەش بەرزبوونەوەی تێكڕای پلەكانی گەرما لەسەر هەسارەكەمان بۆتە هۆی گۆڕانی ڕێڕەوەكانی تەوژمەكانی با jet.streams ، ئەمەش بۆتە هۆی گۆڕانی جووڵە و ڕێرەوی بەرزە پاڵەپەستۆكان و نزمە پاڵەپەستۆكان، هەروەها بەهۆی جێگیربوون و مانەوەی بەرزە پاڵەپەستۆكان بۆ ماوەیەكی زۆر درێژتر لە هەمان شوێن شەپۆلەكانی گەرما لە وەرزی هاویندا توندتربوون، لە وەرزی زستانیشدا هەمان ئەو كاریگەریانە لە هەندێك شوێن دەبنە هۆی كەمبوونەوەی دابارین، لە شوێنی تریش دەبنە بەهێزبوونی شەپۆلەكانی سەرما و دابارینی بەفرێكی زۆر…
لە بەشێكی توێژینەوەكەیدا لوقمان حەوێز نووسیویەتی: لەو دە پانزە ساڵەی ڕابردووش ئەگەر تۆ لەهەر شوێنێكی سەر ئەم هەسارەیە بووبیت ئەوا پشكێكی ئەم گۆڕانكاریانەت بەركەوتووە ئەگەر لافاو و زریانی بەهێز بووبێت یان وشكی توند، یان شەپۆلەكانی گەرما یان سەرما، بەداخەوە پێشبینی ئەوەش دەكرێت لە ساڵانی داهاتوودا ئەو توندیانە هەر بەردەوام بن ئەگەر زۆر توندتریش نەبنەوە… ئەوەی ڕوو دەدات بە ئاشكرا كاردانەوە و توڕەیی سروشتە بەرامبەر كار و چالاكیەكانی ئێمە، هەموومان جارێ تەنیا یەك ماڵمان هەیە كە ئەم هەسارە شین و جوانەیە، بەدڵنیاییەوە خۆمان زەرەرمەندی یەكەم دەبین لە ئەنجامی تێكدانی هەر هاوسەنگیەكەی نێوان بایۆسفیر و ئەتمۆسفیری سەر هەسارەكەمان، پێویستە هەموو ئێمەی مرۆڤەكان بەتایبەتی بڕیار بەدەستەكان و خاوەنكارەكان، هەموومان پەند لە ڕووداوەكان وەربگرین، هەر بەم دواییەش ڤایرۆسی كۆرۆنا پێی وتین لە ئاكامی سەرهەڵدانی هەر مەترسیەكی سەرتانسەری لەسەر ئەم هەسارەیە ئەوا هاووڵاتیانی هیچ وڵات و ناوچەیەك بەبێ زیان نابن.

ھەواڵی زیاتر