دوای فەرەنسا، لیتوانیاش ئامادەیە دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێت

كارزان گلی – هه‌ولێر

وەزیری دەرەوەی لیتوانیا، ئامادەیی وڵاتەكەی دەربڕی كە پشتگیریی لە دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستین دەكات، بەڵام داواش دەكات، حەماس بە زووترین كات هەموو ئەو دیلانەی ئیسرائیل كە لەژێر دەستیەتی ئازاد بكات.

كێستوتیس بودریس، وەزیری دەرەوەی لیتوانیا، لە دیمانەیەكیدا بۆ رادیۆی نەتەوەیی لیتوانیا، دەڵێت لە كاتێكی دروستدا، دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێین.
زیاتر دەڵێت: ”بەر لە هەر شتێك دەبێت حەماس دیلەكان ئازاد بكات و ئاگربەستێكی بەردەوام بەرپا ببێت، واتە ئارامی بۆ وڵات بگەڕێتەوە و لەو ڕووەوە نەخشەڕێگەیەك دابڕێژرێت. ئەگەر ئەو هەنگاوانە نرا، ئەوكات بە دڵنیاییەوە گرنگە دەوڵەتی فەلەستینی دابمەزرێت و لیتوانیاش پشتگیری دەكات، بەتایبەت كاتێك فەرەنسا ئەو پێشنیارەی كرد و ئێمە بە دوای پێشنیارەكەی فەرەنساوەیەن.“
لە درێژەی ئەو دیمانەیەیدا، وەزیری دەرەوەی لیتوانیا، دڵنیایی دەدات كە لەو هەنگاوەیان سەركەوتوو دەبن، بەڵام ئەمە لە چی كاتێك و بە چی مەرجێك دەبێت، ئەمە كاتی پێویستە دەبێت هەنگاوی بۆ بنرێت، هەروەها ئەو تراژیدییەی كە ئێستا لە فەلەستین هەیە دەبێت باش بكرێت و نەهێڵدرێت.“
رەخنەش لە حەماس دەگرێت، كە تاوەكوو ئێستا دیلەكانی ئیسرائیلی ئازاد نەكردووە و نازانرێت ئاخۆ لەو دیلانە چەندیان لە ژیاندا ماوەن و چەندی كوژراون، ئەمەش بارودۆخەكە چی لێ دەكات دەبێت بە جوانی هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت.
ماکرۆن پەیامی دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستینی نارد
ئیمانوێل ماكرۆن، سەركۆماری فەرەنسا، لە گەشتێكی دوو رۆژەیدا بۆ میسر و پاشان گەڕانەوەی بۆ وڵاتەكەی، دیمانەیەكی لەگەڵ تەلەڤزیۆنی (فەرەنسا ٥) ئەنجام دا و لەوێ پەیامی ئەوەی گەیاند، كە فەرەنسا پشتگیری لە دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستین دەكات.
ماکرۆن گوتی: ”ناسینی فەلەستین وەكوو دەوڵەت، دەبێت بەرێگەیەكی دروست بەرەوپێش بچێت، لە چەند مانگی داهاتووشدا ئەمە دەبێت هەنگاوی بۆ بنرێت. ئێمە ئەمە ناكەین تا لەگەڵ فڵانە لایەن خۆمان یەك بخەین، یان بۆ ئەوەی لایەنێك مەمنوون بكەین، ئەمە دەكەین چونكە لە شوێنێكدا عەدالەت دەبێت هەبێت.“
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لەگەڵ سەرۆكایەتی سعوودیاش ئەو پرسەی باس كردووە و هەردوولا كۆك بوونە لەسەر ئەوەی فەلەستین وەكوو دەوڵەت بناسێنرێت.
ماكرۆن نیگەرانیی خۆی لە ئیسرائیل دەربڕی، بەوەی نایەتە ژێر باری ئەوەی چارەسەری كێشەی فەلەستین بكەن و هەروەها لە داگیركردنی خاكی فەلەستین بەردەوامە، بۆیە لە چەند مانگی داهاتوو وەكوو كاردانەوەیەك بۆ ئیسرائیل، فەلەستین وەكوو دەوڵەت دەناسێنن.
٧_١٠_٢٠٢٣، حەماس پەلاماری ئیسرائیلی دا و زیاتر لە هەزار هاووڵاتیی لاشەڕ (سڤیل)ـی ئەو وڵاتەی كوشت، پاشان ئیسرائیل بڕیاری دا كە هێرشی زۆر توند بكاتە سەر حەماس لە غەززە و تاوەكوو ئێستا زیاتر لە پەنجاهەزار هاووڵاتیی شارستان و لاشەڕی لە غەززە كوشتووە، ئەمە جگە لەوەی ٨٠٪ـی ژێرخانی غەززەی لەناو بردووە و دەیان سەركردەی حەماسیشی كوشتووە.
تاوەكوو ئێستا ١٤٧ وڵات، فەلەستینیان وەكوو وڵات ناساندووە، لەوانە (ئیسپانیا، نەرویج، ئێرلەندا، سلۆڤانیا، ئەرمەنستان، جامایكا و مەكسیك)، بەڵام بەشێوەیەكی فەرمی فەلەستین وڵات نییە و تاوەكوو ئێستا لە نەتەوە یەكگرتووەكان بە كۆی دەنگ، بڕیار نەدراوە فەلەستین وەكوو دەوڵەت بناسێنرێت، بەڵام هەنگاوەكان چڕ بوونەتەوە و داوا دەكرێت فەلەستین بكرێتە دەوڵەت، تا بتوانن ئەو پرسە گەورەیەی فەلەستین كە نیو سەدەیە زیاترە هەیە بە یەكجاری چارەسەری بكەن.