شێرکۆ حەبیب
هەولێر هەروەک لە ڕابردوو پێگە و تایبەتمەندی خۆی هەبوو، ئەمڕۆش هەمان پێگە و گرنگی زیاتری هەیە و شاری تەبایی و پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی، سیاسەتمەدار و گەورە بەرپرسانی دونیا لەسەردانی کردنی بەردەوامن، بۆ دیداری ڕابەری کوردستان سەرۆک بارزانی و سەرۆکایەتیی هەرێم و حکوومەت، کە بۆ ئەو کەسایەتیانە ڕوون و ئاشکرایە کە هەولێر پایتەختی بڕیار دانە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو هەولێر دیدارێکی گرنگی لە خۆ گرت (ڕۆژی نزای نیشتمانی) بە بەشداری میوانانی سەرتاپای جیهان لە نەتەوە و ئاین و مەزهەبە جیاکانی دونیا، بۆیان روون بۆوە کە کوردستان بە گشتی و هەولێر بە تایبەتی شوێنی پێکەوە ژیان و تەبایی و ئازادیە و سەرجەم نەتەوە و ئاینەکان لە کوردستان ئازادن لە پەیڕەو کردنی بیروباوەڕیان کە خزمەتی مرۆڤایەتی دەکات، هەڵبەتە ئەمەش هەوڵەکانی نەیارانی پووچەڵ کردۆتەوە کە هەردەم لە هەوڵی ئاژاوە و دووبەرەکی نێوان پێکهاتە جیاجاکانی کوردستانن.
ئەم ئارامی و سەقامگیریەش بەهەوڵ وتێراونین و ڕێنمایەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی هاتۆتە دی کە هەردەم لەگەڵ تەبایی و پێکەوەژیان و برایەتییە، تەنانەت لە کۆبوونەوەی ئۆپۆزسیۆنی لەندەن ساڵی ٢٠٠٢ کە من ئامادە بووم جەنابیان داوای کرد دوای ڕوخانی ڕژێم لاپەرەیەکی تازە بکرێتەوە لە تەبای و برایەتی نێوان پێکهاتەکانی عێراق، تەنیا ئەوانەی دەستیان بە خوێنی هاووڵاتیان سوور بووە بدرێن بە یاسا و بە دادگا، بەڵێ کوردستان لەسەر ئەو بنەمایە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەموە لایەنەکان داڕشت.
نابێ شەونخونی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانمان لە یاد بچێ کە کوردستانیان هەردەم لە هەموو هەڕەشەیەک پاراستووە، ئەو تەبایی و پێکەوەژیانەیان بەرقەرار کردووە، هەروەها هێزەکانی ناوخۆ کە ئارامی و سەقامگیریان پاراستووە، جگە لە ئاوەدانی و بونیادنانی کوردستانێکی مۆدێرن کە حکوومەتی هەرێم هەموو هەوڵەکانی لەو پێناوە چر کردۆتەوە، بۆیە دەبینین کوردستان بە گشتی و هەولێر بەتایبەتی بۆتە مایەی سەرسامی کەسایەتی بیانی، بێگومان ئەم جۆرە گردبوونەوانە زیاتر کوردستان بە جیهانی دەرەوە دەناسێنێت و وەک دەڵێن بە چاو بیبینن شتێکە و گویان لێ بێت شتێکە.
هەر ئاوەدان و پارێزراو بێت کوردستان…