مێژووی هونەری فۆتۆگرافی لە ڕانیە

عوسمان ڕانیەیی

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٧/٤/٢٠٢٥ ڕۆژێکی ناوازە دەبێت لە دیرۆکی نوێی شاری ڕانیە، کە تێیدا بەرگی سێیەمی زنجیرە کتێبەکانی مێژووی هونەری فۆتۆگرافی لە ڕانیە پەردەی لەسەر لادەدرێت و دەکەوێتە بەر دیدەی خوێنەران، ئەمە سێیەم جارە، مامۆستا خەلیل ئەمین، لەوەها بۆنەیەکی پیرۆزدا کۆمان دەکاتەوە، نوقڵانەی هەر جارێکی کۆبونەوەکەشمان لە جاری پێش خۆی شیرینترە، چونکە هەڵقوڵاوی ناخی ئەو خاک و شارە پیرۆزەیە کە ناوی ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕینە. سوپاسگوزارم ئەمساڵیش لە وەها دیدارێکی ناوازەدا بەشداردەبین بۆ وەرگرتنی خەڵاتێکی گرانبەها لە مێژوی ئەرشیفی شارەکەمان، کە بەهەوڵ و ماندووبوونی بەڕێزییان هاتۆتە بەرهەم. ئەویش بەرگی سێیەمی زنجیرە کتێبەکانی مێژووی هونەری فۆتۆگرافییە لە ڕانیە، کە ئەمجارە تایبەتە بە فۆتۆگرافەری خۆلێخۆشبوو(مەلا فاتیح) گۆڕی پڕنووربێت. لەم دەرفەتەدا، دەخوازم لە دوو لایەنەوە چەند کوورتە سەرنجێک بخەمە سەر بابەتی ئەم دیدارە فەرهەنگییە لە ڕانیە، یەکەمییان ئەوەی کە مێژووی دۆستایەتی ماڵباتی ئێمە و مامۆستا خەلیل دەگەڕێتەوە بۆ رۆژگارێکی دێرین، ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو کە باوکانمان ئاشنا و دۆستی یەکتربوون، دراوسێ ماڵ و دوکانیش بووین، ئێمەش من و مامۆستا خەلیل، هەر لە زووەوە هاوڕێ و هاوپیشە بووین، کاتێک ئەوان کتێبخانەیان هەبوو ئێمەش خوێنەریان بووین، دواتریش قۆناغ بە قۆناغ تاکو ئەمڕۆ ئەو پەیوەندییەمان درێژەی هەیە و لە کاتی پێویستدا بۆ کاروباری فەرهەنگی هاوکار و هاندەری یەکتردەبین. من زۆر سەرسامم بەکارە جوان و ناوازەکانی مامۆستا خەلیل،وەک کەسایەتییەکی ڕووناکبیر و نووسەر و کەسێکی پاک و دڵسۆز. لەڕاستییدا ئەوەی مامۆستا خەلیل ئەنجامی دەدات، کاری دەزگا و دامەزراوەیەکی گەورەیە، کە ستاف و بوودجەیەکی دارایی گەورەی لەپشت بێت، نەک کەسێک، بەتەنیا خەمی شارێک لەکۆڵی خۆی بنێ و لەسەر حسابی خۆیی و ماڵ و مناڵی ئەو ماڵە و ماڵ و شارەوشار بکات بۆ زیندووکردنەوەی ئەرشیفی شارەکەی، ئەمە ئیرادەیەکی لەبن نەهاتووی دەوێ و ئەو پەڕی دڵسۆزیی و خەمخۆریی کەسێکی خاوەن دیسپلین و ئاست بەرزی رۆشنبیرییە. بۆیە دەڵێین پڕۆژەکانی مامۆستا خەلیل، شایانی ڕێزگرتن و دەستخۆشیین.
خاڵێکیتر کە دەمەوێت تیشکی بخەمەسەر، سەرنج دانێکی بابەتیانەیە سەبارەت بە گرنگی وەها پڕۆژەیەکی ئەرشیفسازی کە هەوڵ دەدەم بەکورتی باسی بکەم. بەبڕوای ئێمە، نووسینەوەی ئەرشیفی شارێک و پاراستن و بەرچاوخستنەوەی سەدان وێنەی فۆتۆگرافی ساڵانی ڕابردوو، چالاکیەکی گرنگە، کە بەشدار دەبێت لە پاراستنی یادەوەری مرۆڤەکان، بەرامبەر بە شوێنێک یان کەسانێک کە لە ڕابردوو، لەو شارەدا ژیاون و ڕۆڵییان هەبووە، کاتێک خێزان و کەسەکان، لە کتێب و ئەلبوومە ئەرشیفییەکاندا، وێنەی شەقام و گەڕەکە کۆنەکانیان دەبینن، یان چیرۆکەکانی ڕابردووی کەسایەتیانی شارەکەیان و کەسوکاریان دەخوێننەوە، هەست بە جۆرێک لە ئارامی و شانازی بەخۆکردنەوە دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕێزگرتنی بەرامبەر و یەکترناسینی زیاتر و بەهێزکردنی پردی پەیوەندی نێوان نەوەکانی ئەمڕۆ و دوێنێی شار، بەخۆشحاڵییەوە لە هەرسێک زنجیرە کتێب و بەرگەکانیدا مامۆستاخەلیل بەجوانترین شێوە ئەم کارەی کردووە، لە ئەلبومی مامۆستا جەمال رەشید و بەرگی دوەم و ئەوەی ئێستاشی کە بەناوی مەرحومی ( مەلافاتح ) ناوی ناوە. لەلایەکیتر ئەم پرۆسەی بە ئەرشیفکردن و ساخکردنەوەی زانیاریی و ڕووداوەکان، یارمەتی پاراستنی ناسنامەی ئەو شار و ناوچەیە دەدات کە کارەکەی بۆ ئەنجام دراوە،لە چوارچێوەی کاری بە بەڵگەنامەکردنی ڕووداوەکان و داب و نەریتی دانیشتووانەکەی و نیشاندانی پرۆسەی گەشەی کۆمەڵایەتی، کە چۆن بە تێپەڕبوونی کات گوزەران لەو شارەدا گۆڕاوە،ئەمەش تێگەیشتنی دانیشتوان بۆ کلتور و مێژووی شارەکەیان فراوانتر دەکات، چونکە لە زۆر شوێن و شار و مەملەکەتەکان، زۆرێک لە شوێنەوار و زاراوە و داب و نەریتەکان مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، بەڵام بە ئەنجامدانی وەها زنجیرە پڕۆژەیەک مانەوەی ئەو کلتوورانە بۆ نەوەکانی داهاتوو مسۆگەر دەکات.
لەخاڵێکی تردا، ئەرشیفەکان دەبن بە سەرچاوەیەکی زانیاری دەوڵەمەندن بۆ قوتابیان ئەکادیمیەکان، ئەوانەی گرنگی دەدەن بە بوارەکانی مێژوو، کۆمەڵناسیی و تەلارسازی پەیوەست بە شار و دانیشتووانەکەی. بەمەرجێک زیان نەگەیەنرێت بە سامانە کلتوورییەکانی ئەوشارە. کە بەداخەوە لەزۆرشوێن ئەو خاڵە زۆر لەبەرچاو ناگیرێێت. هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ مامۆستا خەلیل عەلی دەخوازم و دەستخۆشیی و پیرۆزبایی ئەو کارە گرنگە پێشکەشی خۆیی و ماڵبات و هاوشاریانی دەکەم.