د. جووتیار عادل: سه‌رۆكی حكوومه‌ت به‌رده‌وام پاڵپشتی ئازادیی ڕاده‌ربڕین و ئازادیی ڕاگه‌یاندن بووه‌

جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان به‌رده‌وام پاڵپشتی ئازادیی ڕاده‌ربڕین و ئازادیی ڕاگه‌یاندن بووه‌، بەڵام پێویستە میدیا و ڕاگەیاندن لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستاندا کار بکات.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە هەموو سەنگەرەکانی پێشمەرگە و دامودەزگاکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا و ئەوە کارێکی هەرە لەپێشینەی حکوومەت بووە و لەپێناو هەمان ئامانجی چاکسازیدایە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدایە بەردەوامیی پێ بدات و پاڵپشتیی بکات.

جووتیار عادل سپاسی هاوپەیمانان، بەتایبەتی حکوومەتی فیدراڵی ئەڵمانیای کرد کە بەردەوام هاوکاری هێزی پێشمەرگە بوون بۆ بەرەوپێشبردن و سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و ڕایگەیاند: ”بێگومان مەسروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان به‌رده‌وام پاڵپشتی ئازادیی ڕاده‌ربڕین و ئازادیی ڕاگه‌یاندن بووه‌، بەڵام پێویستە میدیا و ڕاگەیاندن لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستاندا کار بکات، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا و لەو سۆنگەیەوە بەردەوام هاوکاری میدیاکاران بووین و ویستوومانە زانیاریی تەواو و دروست لەڕێگای میداکانەوە بە ڕای گشتی بکات”.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە: ”ئەمەش پاڵنەرێک بووە بۆ ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی پرۆسەی چاکسازی و بەتایبەت دامەزراندنی شانەی میدیایی، یان ڕاگەیاندن و هۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە بکات و ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە و لەسەر وەزارەتی ناوخۆ کارمان لەسەر کردووە لەپێناو بەدیهێنانی سێ ئامانجدا کە بریتین لە: یەکەم، پاراستنی گیانی پێشمەرگە قارەمانەکان لە سەنگەرەکاندا، چونکە جاری وا بووە ڕووماڵی میدیایی بووەتە هۆی ئەوەی زانیاری بدرێتە دوژمن و سەنگەرەکانی پێشمەرگە بکەنە ئامانج. دووەم پاراستنی میدیاکارەکان لە کاتی ڕووماڵکردندا کە چەند میدیاکارێک لەپێناو گواستنەوەی ڕاستییەکان بۆ رای گشتیدا شەهید بوون. سێیەم ئامانجی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە سەرچاوەی دروستی زانیاریی بۆ سەرجەم ڕای گشتی و ئاژانسە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان وەکوو خۆی بگوازینەوە”.

جووتیار عادڵ ئاماژەی بەوەش دا کە میدیا و ڕاگەیاندن لە کاتی جەنگ و لە کاتی ئاشتیدا جیاوازن، بۆیە وەکوو حکوومەت دەستخۆشیی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین بۆ ئەو هەنگاوە گەورانەی کە ناویانە و هیوادارین هەموو هێزی پێشمەرگە پابەندی ڕێکارەکان و ئەو پرۆژەیە بن و داوای لە هاوپەیمانانیش کرد زیاتر پشتیوانیی ئەم پرۆژەیە بکەن بۆ گواستنەوەی ئەو راستییانەی کە پیویستە بۆ خەڵک بگوازرێتەوە.   

ھەواڵی زیاتر