کتێب چیمان لێ دەکات؟(چەند ڕامانێکی کورت)

ئارام کۆشکی

کتێب چیمان لێ دەکات؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە زۆرجار و لە زۆربۆنەدا و هەندێکجاریش وەکو تانەوتەشەر ڕووبەڕووم دەکرێتەوە. بەڵام هەرگیز لە ئاستی ئەم پرسیارەدا بێ وەڵام نەبووم، بەڵام هەستم کردووە هەندێکجار بەرامبەرەکانم بڕوای تەواو بە وەڵامەکانم ناکەن. بێگومان بەشی هەرە زۆری ئەوەش پەیوەندی بەو پێشبڕیارەی ئەوانەوە هەیە بەرامبەر بە کتێب و دونیاکەی هەیانە.
زۆرجار دەپرسن کتێب چیمان پێ دەبەخشێت؟ بۆچی بخوێنینەوە و خوێندنەوە لە کۆمەڵگەیەکدا کە خوێندن و مەعریفە بەهای نییە بۆ چی باشە؟ بێگومان پرۆسەی خوێندنەوە پرۆسەیەکی زۆر فەردییە، بەر لەوەی سوودەکەی بۆ دەرەوە تاک بێت بۆ ناوەوەی ئینسانە. مرۆڤ بۆیە دەخوێنێتەوە بۆ ئەوەیە خۆی دروست بکات. مرۆڤێک تا خۆی دروست نەکردبێت چۆن دەتوانێت بە دروستی ژیان لەگەڵ کەسێکی دیکەدا دروست بکات، یان ژیانێکی تەندروستانەی هاوڕێیانەی هەبێت. پرۆسەی خوێندنەوە لەو پرۆسانەیە کە یەکەم سوودمەند لێی خودی کەسەکەیە و دواتر دەوروبەرەکەی لێی سوودمەند دەبن. ئەوەی کتێب پێماندەدات وشیاربوونەوەیەکی هێواش و هێمنە سەبارەت بە دونیا و خۆبوونیادنان. پرۆسەی خوێندنەوە چەشنی ئەو خانوو دروستکردنە وەهایە کە مرۆڤ بەپێی ئارەزووی خۆی کاری تێدا بکات. بۆ نموونە ئەگەر رۆژێک بیست لاپەڕە بخوێنێتەوە وەکو ئەوەیە کە 20 خشتی لەو خانووی دروستکردنە دانابێت. کەواتە هەتا زیاتر بخوێنینەوە پرۆسەی دروستکردنی خانووی کەسێتی خێراتر و باشتر دەبێت.
خوێندنەوە و نزیکبوون لە کتێب و مەعریفە، گێڕانەوە ڕێزە بۆ خودی مەعریفە و بۆ خودی ئینسان. مرۆڤێکی خاوەن مەعریفە باشتر هەست بە ماندووبوونی فەرمانبەرێک دەکات لە ئەرکەکەیدا و بۆیە بە چاوی ڕێزەوە سەیری دەکات. مرۆڤێکی خاوەن مەعریفە دەستی لە بونیادنانی کۆمەڵگەکەیدا هەیە بەرەو باشتر و کار دەکات بۆ باشترکردنی. نەک بەجێهێشتن و ڕاکردن لێی. خوێنەرەکان دەشێ لە ڕیزی پێشەوەی مرۆڤە بەرپرسیارەکان بن، بۆیە کاتێک دەخوێنینەوە دەبینە مرۆڤێکی بەرپرسیار و بەرپرسیارێتی خۆمان ڕادەگەیەنێن بەرامبەر بە وڵات و نەتەوە و زمان و کۆمەڵگە و ژینگەکەمان.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوەی لەسەرەوە باسکرا و چەندە گرنگە بخوێنینەوە بەڵام دوو هێندە و زیاتریش ئەوە گرنگە چی دەخوێنینەوە؟ بێگومان خوێندنەوەی هەموو کتێبێک سوودی هەیە تەنانەت ئەو کتێبانەش کە ڕەنکە دوای تەواوکردنیان هەستی ئەوەمان هەبێت هیچی ئەوتۆی نەخستووەتە سەر مەعریفەمان، بەڵام تەنانەت ئەو کتیبەش دونیابینییەکی داوینەتێ کە لەدواتردا وردتر کتێب بۆ خوێندنەوە هەڵبژێرین، یان ڕەنگە لە ڕووی زمانەوانییەوە چەند وشەیەکی نوێی پێ ئاشنا کردبێتین، کە ئەمەش دیسانە دەبێتە سوودێکی دیکەی ئەو کتێبە؟ بەڵام کتێبە گرنگەکان کامانەن؟ بێگومان ئاستی خوێنەرەکان جیاوازە، ئەو کتێبەی من لە تەمەنی 15 ساڵی دەمخوێندەوە ڕەنگە بۆ ئێستای من و لە تەمەنی 40 ساڵیدا سوودێکی ئەوتۆی نەبێت، بۆیە گرنگە بەپێی ئاستی مەعریفی و تەمەنی خوێندنەوەی خۆمان کتێب هەڵبژێرین. خاڵێکی دیکە ئەوەیە حەز و خولیامان لە چ کتێبێکە، کە ئەوەش دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخێنەر و دەستگیرۆیی بۆ ئەوەی ئێمە کتێبێک ئیختیار بکەین کە سوودی بۆمان هەبێت.
لە نامەیەكدا فرانز كافكا لە ساڵی 1904 بۆ یەکێک لە هاوڕێکانی خۆی نووسیوە بەناوی “ئۆسكار پلاك” بە وردی باسی لە گرنگی کتێب و جیاوازی کتێب لەگەڵ شتەکانی دیکە کردووە. کافکا لەوێدا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە پێویستە کتێب ڕۆڵی هەبێت لە بێدارکردنەوەی مرۆڤدا کافکا لە بەشێکی نامەکەدا دەنووسێت: “من پێم وایە بەشێوەیەكی گشتی دەبێت ئەو كتێبانە بخوێنرێنەوە كە قەپاڵ لە خوێنەر دەگرن و پێوەی ئەدەن و چززەی لێ هەڵدەستێنن. ئەگەر ئەو كتێبەی دەیخوێنینەوە مشتێك نەسرەوێنێتە كاسەی سەرمان و بێدارمان نەكاتەوە، كەوایە بۆچی دەیخوێنینەوە؟ بۆئەوەی خۆشحاڵمان بكات، بەوجۆرەی كە تۆ دەنووسیت؟ ئەی خوایە، ئەزانی ئێمە بێ خوێندنەوەی كتێبیش خۆمان هەر خۆشحاڵ بووین، خۆیشمان دەمانتوانی بە پێی پێویستیی ئەو كتێبانە بنووسین كە خۆشحاڵمان دەكەن. بەڵام ئێمە پێویستمان بەو كتێبانەیە كە وەك موسیبەتێكی بەئازار كارمان تێبكەن، یاخۆ وەك مەرگی كەسێك كە لە خۆمان زیاتر خۆشماندەوێت، یان وەك ئەو كاتەی كە دوور لە هەموو بنیادەمەكان بەرەو ناو دارستان ڕاودەنرێین، یاخۆ وەك خۆكوژییەك. كتێب دەبێت وەك تەورێك وابێت بۆ دەریای بەستەڵەكی دەروونمان.” دوای ئەم رستانەی کافکا، ئایا ئێمە جورئەتی خوێندنەوەی ئەو جۆرە لە کتێبمان هەیە؟
بە درێژایی 10 ساڵی ڕابردوو کە بەر زۆر چەشنی جیاوازی خوێنەر کەوتووم زۆر کەمبوون ئەو خوێنەرانەی کە توانای ریسکیان هەبووە و جورئەتی ئەوەیان هەبووە کتێبەکان درز بکەنە بۆچوونە چەقبەستووەکانیان، زۆر خوێنەرم بینیوە ترسی لەوە هەبووە کتێبێک لە دەرەوەی ئایین، یان ئایدۆلۆژیاکەی خۆی بخوێنێتەوە. زۆر خوێنەرم بینیوە ترسی لەوە هەبووە کتێبێکی مارکسی خوێنێتەوە و لەبەر ئەوەی دیدار بووە، یان خوێنەری دیکە هەبووە ترسی لەوە بووە بە خوێندنەوەی کتێبێک کە ستایشی ئایدۆلۆژیایەکی کردووە بڕواکەی خۆی بە ئایدۆلۆژیای خۆی لەق بێت. خوێنەرە ترسنۆکەکان ئەو خوێنەرانەن، کە توانستی ڕووبەڕووبوونەوەی کتێب و ڕەخنەکردن و ڕەتکردنەوەی کتێبیان نییە، (بێگومان ڕەتکردنەوە بە مانا نەرم و ڕەخنەییەکەی نەک بە مانای تەهدیدکردن)، کتێبەکان موقەدەس نین، دەشێ ڕەخنە بکرێن و هەموانیش دەتوانن لە سنووری مەعریفی خۆیاندا ڕەخنە لە کتێبەکان و نووسەرەکانی بگرن. بۆیە ترس لە کتێبەکان ترسێکی وەهمی و بەشێک لە کولتوورێکی پاشکەوتوو کە پێویستە فڕێ بدرێت.
مرۆڤ بۆیە دەخوێنێتەوە بۆ ئەوەی زمانی بکرێتەوە و فێری دیالۆگ و ڕەخنە بێت. نابێت کتێب بێدەگنمان بکات، بەڵکو کتێب زمانێکی دیکەمان پێ دەدات بۆ ئەوەی گفتوگۆی پێ بکەن و چاوێکان پێ دەدات تا هەقیقەتی پێ ببینین و گوێیەکمان پێ دەدات بۆ بیستنی ڕاستبێژی و وشیارییەکمان پێ دەدات کە هەرگیز کۆیلایەتی قەبوڵ نەکەین.

ھەواڵی زیاتر