مۆنۆمێنتی ئەنفال بە فەرمی لەندەن جێگیر كرا

ئاریان دەرگەڵەیی – هه‌ولێر

مۆنۆمێنتی ئەنفال بە فەرمی لە باڵەخانەی فەرمی حكومەتی خۆجێی لەندەن لامبێس لە دڵی لەندەنی پایتەختی بەریتانیا جێگیر كرا.

وەك ڕێزگرتنێكی فەرمی و دانپێدانان بە جینۆسایدی گەلی كورد، مۆنۆمێنتی ئەنفال بە فەرمی لە باڵەخانەی حكومەتی خۆجێی لامبێس لە جەرگەی لەندەنی پایتەختی بەریتانیادا جێگیر كرا.
‎(سەرباز بەرزنجی) بەرپرسی پێشووی یەكێك لە شارەوانییەكانی لەندەن لەم بارەیەوە ڕاگەیێنراوێكی بڵاو كردەوە ئاماژەی بەوە كردووە كە جێگیركردنی ئەم مۆنۆمێنتە لێرە، لە دڵی لامبێس، بڕیارێكی سادە نەبوو، بەڵكو پابەندبوونێكی قووڵی ئێمەیە بە دانپێدانان بە یەكێك لە تاریكترین لاپەڕەكانی مێژووی هاوچەرخ، جینۆسایدی ئەنفال و هێرشە كیمیاییەكەی سەر هەڵەبجە. ئەمە یادكردنەوەی زیاتر لە ١٨٢هەزار ڕۆحی بێتاوانە كە لە هەڵمەتێكی دڕندانە و سیستماتیكدا كرانە ئامانج تەنها لەبەر ئەوەی كورد بوون. هەروەها یادی ئەو ٨هەزار بارزانییەیە كە بێسەروشوێن كران و یادی ئەو ئازارە قووڵەیە كە كوردە فەیلییەكان چەشتیان. خۆشحاڵ و سەربەرزم كە ئەم شانازییە مێژوییە بەر من بڕاوە لە جێگیركردنی مۆنۆمێنتەكە و رێزگرتن لە قوربانیانی دەستی ستەم و زۆرداری.
‎ئەم مۆنۆمێنتە تەنها مۆنۆمێنتێكی ئاسایی یان پارچە هونەرێك نییە، بەڵكو دانپێدانانێكی فەرمییە بەو تاوانە گەورانەی دژ بە مرۆڤایەتی؛ ڕێزگرتنیشە لەو هەموو قوربانییە بێئەژمارە؛ هەر منداڵێك، هەر دایك و باوكێك، هەر تاكێك كە بووە قوربانی ستەمكاری.
‎جێگیركردنی ئەم مۆنۆمێنتە لە دامەزراوەیەكی فەرمیی حكومەتی بەریتانیادا، نیشانەی ڕێزگرتنە لە قوربانیان، ستایشی خۆڕاگریی بێوێنەی گەلی كوردە و، جەختكردنەوەیە لەسەر پەیامی هەمیشەیی، هەرگیز دووبارە نەبێتەوە.
‎سەباز بەرزنجی دەشڵێت: هەربۆیەش سەرباری هاوخەمیمان بۆ قوربانیان و كەسوكاری سەربەرزیان، دەمەوێ لەم هەنگاوە مێژووییەدا، پیرۆزبایی بکەم لە خۆمان و تەواوی كوردستانیان و كوردانی جیهان، هەروەها تەواوی ئاشتیخوازانی جیهان و تەواوی ئەوانەی خۆیان بە داكۆكیكار لە مافی مرۆڤ دەزانن.
‎لەم كاتەدا، ناتوانین سەرسامیمان بشارینەوە بەرامبەر بە خۆڕاگریی بێوێنەی گەلی كورد. كۆمەڵگای كوردی، لێرە لە لەندەن و لە سەرانسەری جیهان، نەك هەر لەو كارەساتانە ڕزگاری بووە، بەڵكو بەردەوامە لە گەشەكردن و بەشداریكردنێكی كاریگەر لە بنیاتنانی كۆمەڵگاكەماندا. ئێوە نموونەی زیندووی مانەوە و ئومێدن. ئەركی سەرشانی ئێمەیە كە ڕاستییەكان بڵێین، نەوەكانی داهاتوو فێربكەین و، دڵنیا بینەوە كە ئەم تاوانانە هەرگیز لەبیر ناكرێن و هەرگیزیش دووبارە نابنەوە. ئەم مۆنۆمێنتە شایەتێكی هەمیشەیی دەبێت لەسەر ئەو بەڵێنە. شانازی دەكەین كە ئەم یادگارییە گرنگە لە باڵەخانەكەماندا جێگیر دەكەین، وەك هێمایەك بۆ هاوسۆزیمان، بۆ پابەندبوونمان بە دادپەروەری و بۆ پتەوكردنی پەیوەندیمان لەگەڵ كۆمەڵگای كوردی؛ با هەموومان پێكەوە بوەستین، یادی قوربانیان بكەینەوە، ڕێز لە خۆڕاگرییان بگرین و پێكەوە كار بكەین بۆ داهاتوویەكی باشتر كە تێیدا ئاشتی و پێكەوەژیان سەروەر بێت.