راگەیێندراوی ئەنجوومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردی دا بەرەو چاكسازیی و بە پیشەیی بوونی میدیا

 

22ی نیسان، 127 ساڵ بەسەر بڵاوبوونەوەی یەكەمین رۆژنامەی كوردی بە ناوی كوردستان تێپەڕدەبێت، كە ئەمڕۆژە یادی ساڵوەگەڕیی رۆژنامەگەریی كوردی و 27 ساڵەی دامەزراندنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانە، پیرۆزبایی لە تەواوی رۆژنامەنووسان لەسەر تاسەری كوردستان دەكەین، دروود بۆ گیانی ئەو رۆژنامەنووسانانە دەنێرین كە لە ژیاندا نەماون و ئەوانەشی بەهۆی كاری میدیاییەوە شەهید بوون.
لە ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردی و دامەزراندنی سەندیكادا، رژدین لەسەر چاكسازیی لە كاری میدیا لە هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانمان بۆ بە پیشەیی بوونی كاری رۆژنامەنووسی، ئەوەش بەرپرسیارێتی ئەنجوومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانە لە بەرگرییكردن لە ئازادی رۆژنامەگەری و مافی رۆژنامەنووسان و پەرەپێدانی دیموكراسی.
رێكخستنەوەی میدیا، هەمووار كردنەوەی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 و گونجاندنی لەگەڵ كاری سەردەمیانەی میدیا، چاكسازی لە سێكتەرەكانی دیكەی كاری میدیا، خەم و پلانی هەمیشەیی ئێمە بووە، وەك چۆن ئەركێكی نیشتمانیشمانە، بۆ ئەوەی كاری میدیا لە هەرێمی كوردستان لەسەر رێچكەی دروست بێت، ئامانجی ئەنجوومەنی سەندیكا، پاراستنی رۆژنامەنووسان بووە بە پشتبەستنی یاساكان، داكۆكیكردن بووە لە مافەكانیان و ئەو هەڕەشانەی رووبەروویان دەبنەوە، هاوكات سەندیكا لەم بۆنەیەدا، ناڕەزایەتی خۆی بۆ دەستگیركردن‌و شكاندن‌و رێگریكردن لە رۆژنامەنووسان بەبیانوی جیاواز دەردەبڕێت‌و داوا دەكات، بەردەوام ئازادی رادەبڕین‌و ئازادی رۆژنامەگەری بەدوور بكرێت لەململانێی حزبی‌و كارایی یاسای رۆژنامەگەری وەكو دەستكەوتێكی گرنگ پەیڕەوبكرێت‌و لەم بوارەشدا، لەگەڵ ئاراستەی تەرخانکردنی دادگەی تایبەت مەندین لە تەماشاکردنی کەیسی تایبەت بە رۆژنامەنووسان، بەرەو خۆڕێكخستنی رۆژنامەنووسان، لەچوارچێوەیەكی مەدەنیدا وەك فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی بەردەوام داوامان لێدەكات‌و هاوكارمان بووە.
هەر لەبۆنەی 127ساڵەی رۆژی رۆژنامەگەری كوردی‌و 27ساڵەی دامەزراندنی سەندیكادا، جێگەی خۆیەتی ئاماژە بەهاتنەپێشەوەی رۆژنامەنووسانی ژنانی كوردستان ، بەهەموو پێكهاتەكانیەوە ، لەبورای میدیا بەگشتی بكەین ، ئەوەش نیشانەیەكی پۆزەتیڤی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتییەوە، هەروەها هەلێكی باشە بۆ هاتنەدی یەكسانی جۆری كۆمەڵایەتی-جێندەری، بەڵام ئەوەی جێگای ئاماژەیە، پێویستە بەهەموو شێوەیەك پاڵپشتی ژنانی رۆژنامەنووس بكرێت بۆئەوەی بەتەواوی رۆڵی خۆیان لەبوارە جیاجیاكانی میدیادا بگێڕن‌و جیاكاری نەكرێت لەپێدانی هەڵی بەڕێوەبردنی دەزگەكانی میدیا لەهەرێمی كوردستاندا، وەك دەستپێشخەری ، سەندیكا بڕیاریدا بۆردی ژنانی رۆژنامەنووس كارا بكات‌و بەهەموو توانایەك پاڵپشت‌و هاوكار بێت بۆ پەرپێدان‌و تواناداركردنی ژنانی رۆژنامەنووس.
رۆژنامەنووسان ‌و میدیاكاران
تەكنەلۆژیا لەسەر سەرجەم ئاست‌و بوارەكاندا، بە خێرایی لە گەشەكردندایە، پانتایی فراوانبوونی كاریگەرییەكانی ئەو زانستە، كاری كردووەتە سەر كاری میدیایی لە جیهاندا،كە هەرێمی كوردستانیشی تیدا بەدەر نییە، بەشێوەیەكە كاریگەریی و لێكەوتەكانی ژیریی دەستكرد لەسەر میدیا، رۆژ بەرۆژ لەفرەوانبووندایە، بۆیە سەندیكای رۆژنامەنووسان بانگی هەموو رۆژنامەنووسان و بەڕێوەبەرانی دەزگەكانی میدیا‌و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەبواری میدیا دەكات، بازنەیەكی گفتوگۆی كراوە لەپێناو رێكخستن‌و ریفۆرمی بواری میدیادا، دەست پێ بكەن‌و هاوكاری یەكتر بین بۆئەوەی بەتەواوی هاوتەریب جیهان، خۆگونجاندن بكەین، لەرووی یاسایی‌و پاراستنی تایبەتمەندی هاوڵاتی وەكو تاك‌و وەكو كۆمەڵگە، لێرەدا بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی میدیا لەنێو پێشەكەوتنی ئامێرەكانی پەیوەندی‌و سەكۆ كۆمەڵایەتییەكان بزر نەبێت لەلایەك هاوكات گرنگی بەزمانی كوردی لەرۆژنامەگەریدا، گرنگی پێ بدرێت.
ئەنجوومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، لە بەرنامەو پلانەكانی خۆیدا، بەردەوام كاری كردووە بۆ زیندووكردنەوەی سندووقی خانەنشینیی رۆژنامەنووسان و دەستبەركردنیی كۆمەڵایەتی لە یاسای کار بۆ پاراستنی دوارۆژی ژیانی رۆژنامەنووسان، هەروەها دۆزینەوەی رێگەیەكی دروست بۆ خوڵقاندنی ژینگەیەكی گونجاو بۆ ئەزموونكردنی كارەكانیان.
دووپاتی دەكەینەوە،كە ئاڵنگاریی زۆر هەن لەبەردەم كاری میدیا لە هەرێمی كوردستان، وەك دەستنەخستنی زانیاری، جیاكاریی نێوان دەزگاكانی میدیا، حاڵەتەكانی هەڕەشەكردن و دەستگیركردنی رۆژنامەنووسان و دەستبەسەرداگرتنی كەلوپەلەكانیان و رێگا نەدان بە رووماڵ، ئەوانە جێی نیگەرانیی ئێمەبوون و لە راپۆرتەكانی لیژنەی داكۆكی تۆماری پێشێلكارییەكان كراون، هەروەها بە هۆی دەست بەكار نەبوونی پەرلەمانی كوردستان، پڕۆژەكانی هەمواری یاسای رۆژنامەگەری و ئەنجومەنی نیشتمانی میدیا و، ئەمەش وادەكات، پرۆژەی ریفۆرم‌و چاكسازی‌ورێكخستنی باشتری بواری میدیا دوابكەوێت.
هەروا جێی خۆیەتی جەخت بکەینەوە لەسەر گرنگی پێکەوەنانی فیدراسێۆنی سەرتاسەری رۆژنامەنووسانی کوردستانیان لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان کە پێشتر سەندیکا پرۆژە و بەرنامە و پەیرەوی بۆ ئامادە کردبوو و کاری لەسەر کردبوو.
خاڵێكی دیكەی نیگەرانییەكانمان لەسەر حكومەتی ئیتحادی تۆمار دەكەین، كە جیاوازیی لە نێوان رۆژنامەنووسانی ئەندام و هەڵگری پێناسی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان دەكات لەگەڵ رۆژنامەنووسانی دیكەی عێراق ، بەتایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بە تایبەتریش لە كەركووك و موسڵ و خانەقین‌و دیالە‌و هەتا بەغداش ، هەروەها جیاكاری دەكات لەپێدانی هەر ماف‌و ئیمتیازێك كە بەرۆژنامەنووسانی عێراق دەدرێت‌و ئەوانەی كوردستانی لێ بێ بەش دەكرێت.
دووپاتی دەكەینەوە كە لە ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردی و دامەزراندنی سەندیكادا، وەك هەمیشە پشتیوانی لە رۆژنامەنووسە پرۆفیشناڵ‌و پیشەگەرەكان بكەین، پارێزەری مافەكانیان دەبین، بەردەوام پشتگیری لە گەشەپێدانی تواناكانیان لەرێگەی خولەكانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنووسان دەكەین، كە سەندیكاكەمان هاوبەشێکی كارای ئەو فیدراسیۆنە نێودەوڵەتییەیە.
پیرۆزبێت یادی رۆژنامەگەریی كوردی و دامەزراندنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان.

ئەنجوومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان
22ـی نیسانی 2025
كوردستان/ هەولێری پایتەخت.