بەرێوەبەری گشتیی ڤێتەرنەری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، ڤێتەرنەری ڕاپەڕین هەموو پێداویستییەکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون، دابین کردووە.
یەکشەممە، 20ـی نیسانی 2025، دکتۆر سەعدی تەییب، بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتەرنەری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند “تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی هاوبەشە لە نێوان ئاژەڵ و مرۆڤدا، ساڵانە ئەو گرفتە دووبارە دەبێتەوە بەتایبەت لە شارەکانی عێراقدا.”
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: ناوچەکەی ئێمە ناوچەیەکی ئاژەڵدارییە، بەتایبەت سنووری شارۆچکەی حاجیاوا، هەمیشە مەیدانی ئاژەڵانی لێیە لەگەڵ سەربڕینی ئاژەڵی بە شێوەی نایاسایی، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کوشتارگەیەکی مۆدێرنمان نییە. هەموو ئەو شوێنانەی ئاژەڵیان تێدا بە نایاسایی سەردەبڕدرێت و کەوڵ دەکرێت، لە لایەن پزیشکی ڤێتەرنەرییەوە پشکنینی پێویستیان بۆ ناکرێت، بۆیە ئەگەری تووشبوون بەو نەخۆشییە لەم ناوچەیە هەیە.
دەشڵێت: بۆ ئەوەی ئەم نەخۆشییە لای ئێمە سەر هەڵنەدات، بە پشتیوانیی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، توانیومانە هەموو ئەو پێداویستی و دەرمانە دابین بکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو نەخۆشییە لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، ئەوەش بێبەرامبەر دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتیان.
د. سەعدی تەییب، ڕاشیگەیاند “ئامانج لە بوونی ڤێتەرنەری ڕاپەڕین، خزمەتکردنە بەئاژەڵدارانی سنوورەکە و پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان.”