ماكوان عيززهت – هەولێر
پزیشكان ڕوونی دەكەنەوە كە زیادبوونی دەردانی لیکی کۆرپە و منداڵی بچووک ئاساییە و هۆکارێک نییە بۆ نیگەرانی، بەڵام ئەگەر تەمەنی لە سەروو سێ ساڵانەوە بوو ئەوە ئاماژەیە بۆ کێشەیەکی تەندروستی وەک زەحمەت قووتدان، یانیش نەتوانینی کۆنترۆڵکردنی جووڵەی دەم و زمان، یان خراپیی دەمقوچاندن.
د. سۆران سابر عوسمان پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان ڕوونی دەكاتەوە كە زۆریی لیککردن لە منداڵان لە سێ ساڵی یەکەم ئاساییە بە شێوەیەکی گشتی و لە تەمەنی (٣-٦) مانگاندا دەگاتە لوتکە و دواتر بەرە بەرە کەم دەبێتەوە، بەڵام هەندێ جار ئەو هۆكارانەش وا دەكەن منداڵ لیکاوی زۆر بێت:
• ددانهاتن؛
• ھەوکردنی زمان و ناوپۆشی دەم؛
• ھەوکردنی گەروو و قوڕگ و ئاڵووەکان (لەوزەتێن)؛
• ھەوکردنی گیرفانەکانی لووت؛
• ھەوکردنی ئەدینۆیدەکان (دوو پارچە گۆشتی دواوەی لووت)؛
• ھەندێ لە نەخۆشیەکانی سوورێنچک و گەدە؛
• گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە (دڵەکزێ)؛
• هەوكردنی پووک و ددان؛
• ھەندێ جۆری ھەستیاری؛
• ژەهراویبوون؛
• مەنگۆلی (داون)؛
• ئۆتیزم؛
• ئیفلیجی مێشک.
د. سۆران سابر ڕوونیش دەكاتەوە كە لیکی زۆر پێویستی بە پشکنین و بەدواداچونە ئەگەرهاتو نیشانەی تری لەگەڵ بوو، یان تەمەنی سەروو سێ ساڵان بێت و بەردەوام بێ.