بارزان ئەکرەم – هەولێر
ئەمڕۆ یەکشەممە، یارییەکانی گەڕی 28 خولی نایابی کوردستان بەڕێوەدەچێت، سەرجەم یارییەکان لەیەک کاتدا ئەنجام دەدرێن، کە کاتیژمێر(3:30) دەبێت، ئەم گەڕە تایبەتمەندی خۆی هەیە، چومکە چارەنووسی چەند یانەیەک بۆ مانەوە لە خولەکە دەردەکەوێت و یانەکانی زاخۆ و پێشمەرگەی هەولێریش هەوڵی بەدەستهێنانی پلەی دووەم دەدەن، رۆژنامەی هەولێر هەموو گەڕێک شەن و کەوی یارییەکان دەکات و دوایین زانیاریی دەخاتەڕوو.
شەقڵاو هیوایەکی کەمی ماوە
یانەی شەقڵاوە لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی ئاکرێ دەکات، شەقڵاوە جگە لە بردنەوە هیچ هیوایەکی بۆ مانەوە لە خولەکە نەماوە، بە لەدەستدانی هەر خاڵێکی دیکە واتا ماڵئاوایی کردن لە خولی نایابی کوردستان، 24 خاڵیان هەیە و لە خانەی چواردەیەم دێن.
لە لایەكی دیكەیشەوە یانەی ئاکرێ پاڵەوانی وەرزی رابردوو، مانەوەی خۆی لە خولی نایابی کوردستان مسۆگەر کردووە، بەڵام دەیانەوێت وەک یانەیەکی بەهێز لە ریزبەندییەکانی پێشەوە نزیک ببنەوە، 35 خاڵیان هەیە و لە خانەی شەشەم دێن.
هەولێر پێویستی بە موعجیزەیە
یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی رزگاری، هەولێر دەبێت ئەم یارییە بباتەوە ئەوکات هیوای مانەوەی لە خولی نایابی کوردستان بۆ دەگەڕێتەوە، گەڕی رابردووش تووشی شکست هاتووە، بۆیە تاکە هیوای بردنەوەیە لەم یارییە، بە دۆڕانی لەم یارییە واتا ماڵئاوایی کردن لە خولی نایابی کوردستان، تەنیا 25 خاڵیان هەیە و لە خانەی سێزدەیەمی ریزبەندی دێن.
یانەی رزگاری ئەو ئامانجەی ئەم وەرزە هەیبوو بە مانەوە لە خولی نایابی کوردستان بەدەستیهێنا، ئەوان لە نیوەی وەرزی یەکەم، لە یاریگەی خۆیان تووشی دۆڕان نەهاتن، یەکێک لە هۆکاری ئەنجامە باشەکانیان لە، وەرزە سوود بینین بوو لە یاریگەی خۆیان، 34 خاڵیان هەیە ولە خانەی هەشتەم دێن.
پیشەسازی و برایەتی هەوڵی مانەوە دەدەن
یانەی پیشەسازی ئەم وەرزە یەکەم وەرزیەتی بە راهێنەریەتی مەولود رەمەزان، تاکە ئامانجیان مانەوەیە لە خولی نایابی کوردستان، بەڵام تا ئێستا ئەم ئامانجەیان نەهێناوەتەدی، دۆخی پیشەسازی باشە و 34 خاڵیان لە هەگبەدایە، بە بردنەوە لەم یارییە بەشێویەکی فەرمی مسۆگەر بکات.
یانەی برایەتی دوای تێپەڕبوونی کێشەیەکی قوڵی دارایی و ئەنجامنەدانی چەند یارییەک، دواتر گەڕانەوە نێو رکابەرییەکان و ئێستا هەوڵی مانەوە دەدەن، بەڵام دەبێت ئەم یارییە ببەنەوە تەنیا 30 خاڵیان هەیە و لە خانەی دوازدەیەم دێن.
هەندرێن رووبەڕووی پێشمەرگەی هەولێر دەبێتەوە
یانەی هەندرێن لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی پێشمەرگە دەکات، هەندرێن لە نیوەی دووەمی خولی نایابی کوردستان ئەنجامەکانی زۆر باشبوون، بەڵام باجی لەدەستدانی خاڵیان لە نیوەی یەکەم دا، بۆیە خۆیان لە ریزبەندی پێشەوە نەدۆزیەوە، دڵشاد مەعروف بەهۆی کێشەی نەبوونی هێرشەبەر لە قۆناغی یەکەم کێشەی گۆڵکردنی هەبوو، لە هێلی بەرگریش دوای گەڕانەوەی گەیلان سادق کێشەی بەرگری چارەسەر کرد41 خاڵیان هەیە و لە خانەی چوارەم دێن بە بردنەوە لەم یارییە ئەگەری گەیشتن بە خانەی دووەمیان دەبێت.
یانەی پێشمەرگەی هەولێر، ئەم وەرزە بەدەستبەتاڵی ماڵئاواییان لە نازناوەکە کرد، جەنگ لەسەر خانەی دووەم دەکات، لە جامی کوردستانیش بە کفری دۆڕان و شکستیان، هێنام ئێستا دیانەوێت بە بردنەوە لە هەندرێنی هاوشاریان بگەڕێنەوە خانەی دووەم، 43 خاڵیان هەیە لە خانەی سێیەم دێن.
لە یارییەکی دیکەی گرنگ یانەی شێروانە میوانداریی یانەی چوارقوڕنە دەکات، شێروانە پاڵەوانە، بەڵام یانەی چوارقوڕنە هەوڵی مانەوە لە خولی نایابی کوردستان دەدات، بۆیە پێویستی بە بردنەوەیە، یانەکانی سەیدسادق و ئارارات بە فەرمی بەهۆی کشانەوە بۆ خولی پلەیەکی کوردستان دابەزیون.