جەمال خدر شەشۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ: فڕاکسیۆنێکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە تاک لایەنانە بڕیار دەدات و سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان دەگۆڕێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

گۆڕینی سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان لە پارێزگای نەینەوا بێ ڕێککەوتنی سیاسی لە نێوان فراکسیۆنەکان کاریگەری لەسەر ڕەوشی سیاسی پارێزگاکە ھەبووە. جەمال خدر شەشۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ڕۆژبەڕۆژ ڕەوشی سیاسی لە مووسڵ ئالۆزتر دەبێت، ھۆکارەکەش ھەموو یەک فڕاکسیۆنە کە بە تاک لایەنانە بریار دەدات و سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان دەگۆڕێت. دەشڵێ: ئەنجوومەن پەککەوتووە، ئەوەش وا دەکات کە نەتوانین بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی خەڵک بکەین و پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەکانی ئەوان دابین بکەین.

* بۆچی فراکسیۆنێک لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ بە تاک لایەنانە بریار دەدات؟
– ھەر کاتێک فراکسیۆنێک بە تەنیا بڕیار بدات کاریگەری لەسەر پارێزگای مووسڵ دەبێت، ئەمڕۆ نەک تەنیا لە مووسڵ بەڵکو لە ھەموو عێراق حکوومەت بە ڕێککەوتن دروست دەبێت، پۆستە باڵاکان ھەر لە سەرۆکوەزیران بگرە تا پۆستە ئیدارییەکان بە ڕێککەوتن دادەنرێن، ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ کە تەنیا فراکسیۆنێک بڕیار دەدات و یەکە ئیدارییەکان دەگۆرێت، ئەوە کاریگەری لەسەر شەقام دەبێت، خەڵکێک ناڕازی دەبێت، کێشە و گرفتەکان زیاتر دەبن، ئەوە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژە لەوەتەی بووەتە ساڵی نوێ تا ئێستا ئەنجوومەن یەک کۆبوونەوەی ڕێکنەخستووە و ئەنجوومەن پەککەوتووە، نە ئەوان دەتوانن کۆبوونەوە بکەن، نە ئێمە دەتوانین دانیشتنێک ڕێکبخەین، ئەوەش ھەموو لەبەر ئەوەیە کە فڕاکسیۆنێک بە تاک لایەنانە بڕیار دەدات، کە ئێمە نە دەتوانین پشتگیری خەڵکی خۆمان بکەین، نە بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی خەڵک بکەین و پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ خەڵک دابین بکەین، ئەوەش ھەموو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بێ ئەوەی فراکسیۆنێک بۆ ڕێککەوتنی فڕاکسیۆنەکان بگەڕێتەوە، بە تاک لایەنانە بڕیار دەدات.

*ھەڵوێستی فڕاکسیۆنی پارتی چییە؟
– ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ نەینەوا موەحەدە، کە ئەوانیش ھاوپەیمانی ئێمەنە و ھەر لە یەکەم ڕۆژەوە داوای دانوستاندن و ڕێککەوتن دەکەین، پێکەوە دابنیشین و پێکەوە بڕیار بدەین، نەک ھەر یەک لە ئێمە بۆخۆمان بڕیار بدەین، ئەوان تەنیا لەبەر ئەوە تاک لایەنانە بڕیار دەدەن کە زیاترن لە ئێمە، چەندین کەسیان لە پۆستە ئیدارییەکان لادا و چەند کەسێکی نزیک لە خۆیان لەو پۆستانە دانا، ئێمە دەمان توانی ببینە فراکسیۆنی گەورە و بە تاک لایەنانە بڕیار بدەین، بەڵام ڕێزمان لەو فراکسیۆنە گرت و دەمانەوێت ھەموو بڕیارەکان بە ڕێککەوتن بدرێن، بۆ ئەوەی کێشە دروست نەبن، بۆ گۆڕینی یەکە ئیدارییەکان داوا دەکەین ڕێککەوتن و دانوستاندن لە نێوان فراکسیۆنەکان ھەبێت، نەک بە تاک لایەنانە بڕیار بدرێت.

* ئایا ئەو لێکترازانەی فراکسیۆنەکان کاریگەری کردۆتە سەر ھاووڵاتییان؟
– ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ فڕە پێکھاتەیە زۆربەی پێکھاتەکان لە خۆ دەگرێت، دەبێت ڕێز لە پێکھاتە و نەتەوەکان بگیرێت، دەبێت بەدواداچوون بۆ کێشەکانی خەڵک بکەین، نەک بە کێشە و گرفتەکانی خۆمانەوە خەریک بین، ھەر کاتێک ڕێککەوتن و لێک نزیککردنەوە ھەبێت لە نێوان فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەن و بڕیاری دروست لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییان بدەین، ئێمە دەتوانین زیاتر خزمەتی ھاووڵاتییان بکەین و بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکان بکەین و پڕۆژەی خزمەتگوزاری دابین بکەین و ناوچەکە ئاوەدان بکەینەوە.

*ڕەوشی شنگال و دەشتی نەینەوا چۆنە، بۆچی ھاووڵاتییان نایانەوێت بگەڕێنەوە؟
– تێکچوونی بارودۆخی ھەندێک وڵات کاریگەری لەسەر عێراق ھەیە، ئەمڕۆ ھەموومان دەزانین شنگال ناوچەیەکی سنوورییە و شوێنێکی ستراتیژییە، ئەمڕۆ زۆر لایەن تێدا ھەنە، نەگەڕانەوەی ھاووڵاتییان بۆ ئەوەیە ھەتا ئێستا گوند و ئاواییەکانی ئەوان وێرانن، حکوومەتی بەغدا ھاوکاری شنگالییەکان ناکات، دەستی ئاوەدانی ناگەیەنێتە ناوچەکە، خانووی ھاووڵاتییان وێرانن ئەوانە ھەموو ھۆکارن بۆ ئەوەی خەڵک نەگەڕێتەوە، بەڵام ئەگەر دەستی ئاوەدانی بگاتە ناوچەکە، ئەوە وا دەکات خەڵک بگەڕێتەوە و ناوچەکە ئاوەدان ببێت.

*داواکاری ئێوە لە بەغدا چییە؟
– پەیامی ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ئەوەیە حکوومەتی بەغدا بە ئەرکی خۆی ھەستێت، ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکات کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ئیمزا کراوە، پشتگیری خەڵک بکات، ھاووڵاتییان قەرەبوو بکاتەوە، دەستی ئاوەدانی بگەیەنێتە ناوچەکە، ئەوە داواکاری ئێمەیە وەکو فراکسیۆنی پارتی ئەگەر ئەو شتانە نەکرێن و داواکارییەکانی خەڵکی شنگال جێبەجێ نەکرێن خەڵک ناگەڕێتەوە.
*ھەڵوێستی حکوومەتی ھەرێم چۆن دەبینن؟
– لە یەکەم ڕۆژەوە تا ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستی خۆی داوەتە ھەر لایەنێک کە دەستی یارمەتی بۆ خەڵکی شنگال و دەشتی نەینەوا درێژ کردووە، تاکو خزمەتی ئەو ناوچانە و پارێزگای مووسڵ بەشێوەیەکی گشتی بکەن، تاکو خەڵکی ئێمە کە زیاتر لە ١٠ ساڵە ئاوارەنە و لە کەمپەکان دەژین بگەڕێنەوە، حکوومەتی ھەرێم درێغی نەکردووە و بە ھەزاران کەسی لە دەستی داعش ڕزگار کردووە و گەڕاونەتەوە ناو خێزانەکانیان و قەرەبوو کراونەتەوە.