سلێمان تاشان – ههولێر
بەهای تمەن لە بازاڕەکانی کوردستان بەراورد بە بازاڕەکانی تاران جیاوازییەکی زۆری هەیە و سەیر لەوەدایە بەهای تمەن لە هەولێر و سلێمانی زۆر بەرزترە لە بەهای تمەن لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران، هەمان ئەو دۆخەی بەسەر لیرەی سووریادا هەت خەریکە بۆ تمەنیش دووبارە دەبێتەوە و ئەگەر کاسبکاران وریا نەبن ئەوا زیانێکی زۆریان بەردەکەوت.
دوێنێ شەممە بەهای هەر دۆلارێکی ئەمەریکا لە بازاڕەکانی کوردستان بە حەفتا و دوو هەزار تمەن مامەڵەی پێوە دەکرا لە کاتێکدا نرخەکە لە تاران سەرووی هەشتا و پێنج هەزار تمەن بوو. لە ڕووی ئابوورییەوە شتێکی ئاسایی نییە بەهای دراوی ئێران لە دەرەوەی وڵاتەکە زیاتر بێت لە پایتەختی وڵاتەکە، ئەویش بە جیاوازیی دوازدە هەزار تمەن بۆ هەر دۆلارێک.
تمەن لە ساڵی ٢٠١٨ەوە کە نرخی هەر دۆلارێکی خوارووی چوار هەزار تمەن بوو ساڵ بە ساڵ زیاتر دابەزیوە و هەفتەیەک بەر لە دەستپێکی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا گەیشتە سەد و شەش هەزار تمەن بۆ هەر دۆلارێک. دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئەو دوو وڵاتە لە ١٢ی ئەم مانگە کاریگەریی ئەرێنی خستە سەر بەهای تمەن و لە پڕ بۆ نەوەد هەزار تمەن و دواتر بۆ هەشتا و چوار هەزار تمەن هەڵکشا. سەیر لەوە دایە ئەو کات بەهاکە لە هەولێر و سلێمانی بۆ خوار شەست هەزار تمەن هەڵکشابوو و وا دیارە خەڵکێکی زۆر ڕوویان لە کڕینی تمەن کردبوو.
دوێنێ شەممە لە بەرەبەری دەستپێکردنەوەی دووەم گەڕی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە ڕۆمای ئیتاڵیا، تمەن کەمێک هەڵکشا بەڵام هەڵکشانەکە تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە زۆر کەم بووە و لە تاران لە نێوان هەشتا و چوار هەزار تا هەشتا و شەش هەزار تمەن مامەڵەی پێوە کرا کەچی لە هەولێر و سلێمانی لە خوارووی حەفتا و دوو هەزار تمەن مامەڵەی پێوە کرا.
ئەو گۆڕانکارییانەی لە بەهای تمەن هاتوونەتە کایەوە زیاتر کاریگەریی کۆبوونەوەکانە و ئەگەر هەواڵەکانی دوای کۆبوونەوەکە ئەرێنی بن ئەوا بەهای تمەن بەرز دەکاتەوە و ئەگەر نەرێنی بن پێچەوانە دەبێتەوە، لێدوانێکی توندی ترەمپ بەسە بۆ ئەوەی تمەن دووبارە بگەڕێتەوە سەرووی سەد هەزار تمەن بۆ هەر دۆلارێک. کەوایە تمەن دراوێکی جێی متمانە نییە بەمەبەستی قازانج بکڕدرێت و پشتی پێ ببەسترێت.
گومان لەوە دەکرێ لە بازاڕەکانی کوردستان هەوڵی ساغکردنەوەی تمەنێکی زۆر بدرێ بە پاساوی ئەوەی لە داهاتوودا بەهاکەی بەرز دەبێتەوە و ئەوانەی تمەن دەکڕن قازانج دەکەن، لە کاتێکدا ئەمە بۆ کاسبکار ڕیسک و مەترسیدارە و ئەگەری داشکانی تمەن لە ئەگەری هەڵکشانی زۆر زیاترە و جگە لەمە ئەوانەی بەو نرخەی هەولێر و سلێمانی تمەنیان کڕیوە نابێت چاوەڕوانیی قازانجیان هەبێت و مەترسی ئەوە لە ئارادایە ژمارەیەکی زۆری کاسبکار لەو بازاڕەدا زیانیان بەرکەوێت.
ئەمە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بۆ دراوی لیرەی سووریاش ڕوویدا و دواتر بینرا ژمارەیەکی زۆری کاسبکاری کوردستان زەرەریان کرد چونکە بە نرخێکی ڕاستەقینە لیرەیان نەکڕیبوو و ئەو لیرەیەی کڕیبوویان لە بەهای لیرە لە دیمەشق زۆر بەرزتر بوو.
ئەحمەد محەمەد خاوەن یەکێک لە نووسینگەکانی دراو بە ڕۆژنامەی هەولێری ڕاگەیاند بەرزبوونەوەی داواکاری بەرانبەر خستنەڕوو بووەتە هۆکاری ئەوەی بەهای تمەن بەرز ببێتەوە. ئەو گوتی کەس لە تمەن قازانج ناکات و ساڵی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆری کاسبکاری بازاڕی دراوەکەی سلێمانی زیانیان بەرکەوت کە بڕێکی زۆر تمەنی ئێرانییان کڕیبوو و ناچار بە زیان فرۆشتیانەوە.
داوا دەکرێ خەڵک هەر بە دینار یان دۆلار سەرمایەکانیان بپارێزن و لە کڕینی دراوێک کە ئاسۆیەکەی ڕوونی نییە دوور بکەونەوە.
بە لێشاوە کڕینی تمەن نەک بۆ کاسبکاران کە تمەنەکە دەکڕن بەڵکوو بۆ ئابووریی هەرێمی کوردستانیش زیانی هەیە و لەوانەیە لە ئێرانەوە برێکی زۆری تمەن بهێنرێتە هەرێمی کوردستان و لێرە بە نرخێکی بەرز ساغ بکرێتەوە و بە دۆلار بۆ ئێران بگوازرێتەوە.