گفتوگۆکان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بەردەوامە

دوو مانگ تێپەڕی بەسەر پەسەندکردنی هەمواری ئەو ماددانەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق كه‌ تایبەت بوون به‌ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، بەڵام هێشتا گرفتی تەکنیکی لەبەردەم پرۆسەکە ماوە.

لەو بارەیەوە،عەدنان جابری، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاندووە: بە گوێرەی یاسای بودجە دەبوایە هەردوو حکوومەت لە ماوەی 60 ڕۆژدا کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری دەست نیشان بکەن، بەڵام ماوەکە کۆتایی هاتووە و ئەگەر وا بڕوات، دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵە تاکلایەنە بڕیار لەسەر دیاریکردنی کۆمپانیایەک بدات.
هەر لەبارەی ئەو پرسەوە، باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا، لە لێدوانێکدا لە میانی بەشداریکردنی لە نۆیەمین دیداری سلێمانی ، دەڵێت : پرسی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کێشەیەک بوو ئیدارەی بایدن کاری لەسەر دەکرد، بەڵام بەداخەوە ئەو کات نەتوانرا ڕێککەوتنێک بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکرێت.
وتیشی : بەشێک لە کێشەکانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان سیاسین، بەشێکیشیان هونەرین، هەربۆیە هیواخوازم ئیدارەی ترەمپ، یارمەتیدەر بێت بۆ ڕێککەوتنێکی باش، بۆ ئەوەی دووبارە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێتەوە.