ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
كورتەفیلمی، (هاواری كچێك)ـەکەی دەرهێنەری كورد، شەماڵ حوسێن كە باس لە چیرۆكی كچێكی ئێزدی دەكات، بڕیارە 4ـی حوزەیرانی 2025، بچێتە جەژنەفیلمی ڕیوەر لە ئیتاڵیا (river film festival) و نماش بكرێت.
دەرهێنەر شەماڵ حوسێن بە “هەولیر”ـی ڕاگەیاند: كورتەفیلمی هاواری كچێك باس لە چیرۆكێكی ڕاستی دەكات، چیرۆكەكەش كە باس لە ژیانی كچێك دەكات كە لە دوای داگیركرانی شنگال كە ئایینی زۆربەی دانیشتووانەكەی ئێزدین، لەلایەن ڕێكخراوە تیرۆریستییەکەی داعش و ڕفاندنی كچ و ژن و منداڵانی ئێزدی، یەكێك لە ڕفێندراوەكان كچەكەیە كە باس لە نەهامەتی و ئازاری ڕۆژانی دەستی داعش و دەستدرێژیكردنەسەری، هاوكات دەستدرێژیكردنە سەر دایك و خوشكی بە بەرچاویەوە، سەرباری ئەشكەنجەدانیان.
دەرهێنەری كورتەفیلمی هاواری كچێك دەڵێت: كچە ئێزدییەكە لە فیلمەكەدا ئەو چیرۆكە دەگێڕێتەوە كە چەكدارانی داعش دەیکەنە كەنیز و، دەیگوازنەوە سووریا و دواتر ناوچەكانی عێراق و، دوای چوار ساڵ ژێردەستەیی ڕزگاری دەبێ.
ئەو دەرهێنەرە گوتیشی جگە لەو ڤێستڤالە نێودەوڵەتییە، پیشتر كورتەفیلمی هاواری كچێك بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی دیكەی نێودەڵەتی كردووە لەوانە ڤێستڤاڵی گەورەی رووسیا كە توانیی ببێتە براوەی یەكێك لە خەڵاتەكان.