هۆشیار زێباری دووپاتی دەکاتەوە، ئەوەی لە سووریا ڕووی دا تەنها سەرەتایەکە. بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش دەڵێت: خۆمان بە هاوبەشێکی گرنگ و جیددی لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سووریادا دەبینین.
کارەکانی دووەمین ڕۆژی نۆیەمین دیداری سلێمانی بەردەوامە. دۆخی سووریای نوێ و چارەنووسی ڕۆژئاوای کوردستان، تەوەرێکی سەرەکیی پانێلێکی دیدارەکە بوو کە هەر یەکە لە هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان و پیتەر گالبرایت، یاریدەدەری پێشووی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، تێیدا بەشدار بوون.
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، لەبارەی ڕێککەوتنی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع گوتی: “ڕێککەوتنی بەڕێزان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، بە پشتیوانیی ئێمە و هاوپەیمان و درواسێکانمان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و فەرەنسا، هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو، تاوەکوو کوردانی سووریا ڕۆڵیان لە داهاتووی سیاسیی سووریادا هەبێت و ئەوەی ڕاگەیەنراوە، تەنها سەرەتایەک بوو.”
لەبارەی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، ئاماژەی بەوە دا “ڕۆژی 08ـی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوو، بوومەلەرزەیەکی سیاسیی لە سووریا و ناوچەکە بە گشتی ڕووی دا. هەموو وڵاتانی دەوروبەری سووریا بە هەر شێوەیەک بێت، دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو گۆڕانە گەورەیە کە لە ئاست چاوەڕوانی کەسدا نەبوو.”
ئەندامەکەی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، بە پێویستی دەزانێت دەسەڵاتی نوێی سووریا هەنگاوەکانی گشگیرتر بکات و گوتی: “دوای 50 ساڵ لە دەستوەردانی دەرەکی و سەرکۆتکردنی ناوخۆیی و ناسەقامگیریی ناوچەکە، ئێستە ئێمە لە بەردەم قۆناغێکی چارەنووسسازداین کە سووریای نوێ دیاری دەکات و جیاواز دەبێت لە سووریای کۆن. هەنگاوەکانی دەسەڵاتدارانی ئێستای سووریا تەنها سەرەتایەکن، هەرچەندە پێموایە زۆر تەواو نین و پێویستییان بە گشتگیری و کرانەوەی زیاتر هەیە.”
لەبارەی پەیوەندییەکانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، زێباری ڕایگەیاند “ئێمە دەتوانین بەپێی ئەو ئەزموونەی هەمانە و و پێیدا تێ پەڕبووینە، لە ڕووی دیاریكردنی خواستەكانمان لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵدا، هاوكاریی برایانمان لە ڕۆژئاوا بكەین. لە ڕۆژئاوا هێزی سیاسی هەن و كاران و خاڵی بنچینەیی ئەوەیە كە بەرەی كوردی یەكبخەن، ئەمە خاڵە گەوهەرییەكەیە هەروەك چۆن ئێمە لە دوای ڕووخانی ڕژێم لە عێراق ئەمەمان كرد و بە یەك تیم چووینە بەغدا.”
ئەو بەرپرسەی پارتی جەختی لە پشتیوانی لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کردەوە، بەڵام بە پێویستیشی دەزانێت داواكارییەكانیان “واقیعی و شایستە بن” و گوتی: “ئێمە جۆرە شێوازێكیان بۆ پێشنیاز ناكەین، بەڵام هەندێك جار ئەستەمە ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە شوێنێكی دیكە بسەپێندرێت یان دووبارە بكرێتەوە، ئەوەی لێرە بەدەستمان خست دەرهاوێشتەی ڕووداوە مێژووییەكان بوو لەوێ دۆخەكە كەمێك جیاوازترە.”
ئیلهام ئەحمەد: ڕێککەوتنەکە بۆ کورد و پێکهاتەکانی سووریا گرنگ بوو
ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان، جەختی کردەوە “ڕێککەوتنەکەی ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی، بۆ گەرەنتیکردنی مافەکانی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا زۆر گرنگ بوو.”
وەکوو ئەوەی ئیلهام ئەحمەد باسی کرد “ڕێککەوتنەکە کۆتایی بە هەموو ئەو تۆمەتانە هێنا کە ئێمەی کورد لە سووریا ڕووبەڕووی دەبووینەوە. وەکوو بەڕێوەبەرایەتیی سەربەخۆ، هەموو کاتێک بە هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە تۆمەتبار دەکراین. ئەم ڕێککەوتنەیە کۆتایی بەو هەموو تۆمەتانە هێنا، بۆیە بە هەنگاوێکی چارەنووسساز و مێژوویی لە مێژووی سووریادا دەیبینین.”
لەبارەی جێبەجێکردنی وردەکاریی ڕێککەوتنەکە، ئیلهام ئەحمەد ئەوەی خستە ڕوو “لەمەودوا، چاودێریی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە زۆر گرنگە و هەندێک لیجنەی دانوستانکار بۆ تاوتوێکردنی وردەکاریی و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە پێک هێنراون. ئێستا ئێمە لەم قۆناغەداین، دەکرێت لە کۆتایی ئەم مانگە هەندێک کۆبوونەوە بکرێن و تاوەکوو ئێستاش لێکگەیشتنی باش لەبارەی زۆرێک لە پرسەکان، بە تایبەت هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود و بەنداوی تشرین و خاڵە ناکۆکان هەبووە.”
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا “هیوادارین لەمەو بەدوا لێکگەیشتنی وردترمان لەبارەی پرۆسەی سیاسی و سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی سووریا هەبێت. خۆمان بە هاوبەشێکی گرنگ و جیددی لە پرۆسەی سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی سووریادا دەبینین. ”
لەبارەی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان، ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند “ئێمە وەك ئەزموونێكی گرنگ سەیری هەرێمی كوردستان دەكەین و لە چوارچێوەیەكی دۆخ و مێژوویێكی دیاركراو، ئەوەی پەیوەستە بە كوردانی ڕۆژئاوا دۆخەكە جیاوازە و تەنانەت پێكهاتەی كۆمەڵایەتییش لە سووریا جیاوازە بەراورد بە عێراق، ئێمە نەك تەنیا سەیری عێراق، سەیری دەوڵەتانی دیكەش دەكەین و ئەزموونی هاوشێوە هەیە و دەكرێت سوودی لێ وەرگرین.”