ئەمرۆ پێنجشەممە 2025.4.17، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولیر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازیی هەریەک لە محمد دەهاب، بەرێوەبەرى وڵاتانى کەنداوى عەرەبى و بریتنی ستیرلینگ، بەرێوەبەری هەرێمی رۆژهەڵاتی نێوەراست و ئەوروپاى دامەزراوەی خێرخوازی ئەمریکی ( ستیرلینگ فاوندەیشن Stirling Foundation ) کرد.
لە دیدارەکەدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى بەخێرهانیان، ئومێدى خواست ئەو ماوەیەى کە لە هەولێرن بە ئاسودەیی و خۆشى بەسەر ببەن، هەروەها کارەخێرخوازییەکان و پڕۆژە و هاوکارییە مرۆییەکانى دامەزراوەى ناوبرا و هەماهەنگیى و هاوکارییەکانیان لەگەڵ پارێزگاى هەولێر و دام و دەزگا و فەرمانگەکانى دیکەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەرز نرخاند و ئامادەیی هەموو هاوکارى و پاڵپشتیەکى پارێزگاى بۆ سەرخستنى کارەکانیان لە هەولێرى پایەتەخت دووپاتکردەوە.
لەلایەن خۆیانەوە شاندى میوان زۆر سوپاسى پارێزگارى هەولێریان کرد بۆ پێشوازیى و هەماهەنگی پاڵپشتیەکانی لە دامەزراوەکەیان و جەختیان لە پتەوکردنى پەیوەندییەکان و کارى هاوبەش لەگەڵ پارێزگاى هەولێر کردەوە.