بە گوژمەی سێ ملیار دینار نەخۆشخانەی “هەوارهاتن” لە بەردەڕەش تەواو کراوە و هاووڵاتییانی قەزاکە و سێ ناحیەی دەوروبەری لێ سوودمەندن.
لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری کردنەوەی نەخۆشخانەی هەوارهاتنی بەردەڕەشی دا، کە بۆ یەکەمجارە نەخۆشخانەیەکی بەم شێوەیە لەو دەڤەرەدا دروست بکرێت.
نەخۆشخانەی هەوارهاتنی بەردەڕەش 25 تەختییە، تەواوی ئامێر و پێداویستیی پزیشکیی بۆ دابین کراوە؛ هەر یەک لە بەشەکانی فریاکەوتن، نەشتەرگەری، تیشك، دەرمانخانە، پێشوازیی نەخۆش و تاقیگە لەخۆ دەگرێت.
د. خدر ساڵح، بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستیی بەردەڕەش، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “نەخۆشخانەکە هاتوچۆی هاووڵاتییان بۆ دەرەوەی شار و بۆ نەخۆشخانەکانی ئاکرێ و دهۆک کەمتر کردووەتەوە.”
نەخۆشخانەکە بە گوژمەی سێ ملیار دینار دروست کراوە. بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستیی بەردەڕەش گوتیشی: “نەخۆشخانەی هەوارهاتن 24 کاتژمێرییە، قەزای بەردەڕەش و سێ ناحیە لە چارەسەری تەندروستیی ئەو نەخۆشخانەیە سوودمەند دەبن.”