هێمن ئەسکەندەر – هەولێر
بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یاریی گەڕانەوەی کۆتایی جامی یانەکانی کەنداوی عەرەب، یانەی دهۆک میوانداریی یانەی قادسیەی کوەیتیی کرد و بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک یارییەکەی لێ بردەوە و دهۆک بۆ یەکەمین جار لە مێژووی خۆیدا ئەو ناسناوەی بەدەست هێنا.
لە یەکەم بەشداریکردنی بوو بە پاڵەوان
یانەی دهۆک بۆ یەکەمین جار لە مێژووی خۆیدا بووە پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداوی عەرەبی، لەیاری گەڕانەوەی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداوی عەرەبی لە شاری دهۆک و بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆری هاندەران هەردوو یانەی دهۆک و قادسییەی کۆێتی بەیەک گەیشتن.
یاریی چوونی نێوانیان کە لە وڵاتی کوەیت بەڕێوە چوو، هەردوو یانە بەبێ گۆڵ یەکسان بوون، پاڵپشت بە یاریگە و هاندەرانی، یانەی دهۆک لە یاریی گەڕانەوەدا باشتر یاریی دەکرد و زۆربەی کات کۆنتڕۆڵی یارییەکەی کرد بوو، لە نیوەی یەکەمدا و لە خولەکی ٢٣ ناوبژیوان بە بیانووی ئۆفساید گۆڵێکی یاریزان عەبدوڵڵا رەشیدی یاریزانی قادسیەی رەت کردەوە، لەو نیوەیەدا یاریزانی یانەی دهۆك زاكری ئاسانترین هەلی یارییەكەی لەدەست دا، دوای ئەوەی بە تەنیا لەگەڵ گۆڵپارێزی قادسیە مایەوە، بەڵام تۆپەكەی نەخستە نێو گۆڵ، سەر ئەنجام ئەو نیوەیە بەبێ گۆڵ کۆتایی پێهات.
لە ناوەڕاستی نیوەی دووەم و لە خولەکی ٦٦ بە ئەسیستی پیتەر گۆرگیس سیابەند عەگید دهۆکی بە گۆڵێک پێش خست و خۆشی خستە ناو پەیژەکانی یاریگا، خۆشی هەڵۆیەکان زۆر نەخایاند و چوار خولەک دوای ئەو گۆڵە لە هەڵەیەکی محەمەد ساڵحی گۆڵپارێزی یانەی دهۆک، محەمەد سۆلەی لیبیایی گۆڵی یەکسانیی قادسیەی تۆمار کرد.
یارییەکە لە کۆتایی نزیک دەبووەوە و ناوبژوان ١١ خولەکی زیاد کرد، لە خولەکی ٢+٩٠ لە تۆپێکی پیتەر گۆرگیس مارلۆن دۆسانتۆسی بەرازیلی بە لێدانی سەر گۆڵی بردنەوە و سەرکەوتنی دهۆک تۆمار کرد و دڵی ملیۆنان هاندەری لە هەر چوار پارچەی کوردستان خۆش کرد، بەمەیش هەڵۆیەکانی چیا لەیەکەمین بەشداری کردنیان لە پاڵەوانیەتیەکە بۆ یەکەمین جار لە مێژووی خۆیاندا بوونە پاڵەوانی خولەکە.
یانەی دهۆک لە قۆناغی کۆمەڵەکان بە پلەی دووەم لە دوای یانەی نەسری ئیماراتی سەرکەوت بۆ چوار گۆشەی زێڕینیشدا لە دوو یاری چوون و هاتندا لە یانەی ئیتفاقی سعوودی بردەوە
دوای بوون بە پاڵەوانی یانەی دهۆک بڕی ٣ ملیۆن دۆلار وەک خەڵاتی یەکەم وەردەگرێ، سەرۆکی یانەی دهۆک عەبدوڵڵا جەلال دوای یاریەکە گوتی: ئەو بەشێکی ئەو پارەیە دەدەن بە گرێبەستی یاریزانان کە لە یانەکە یاریدەکەن و بەشەکەی تری لە خەزێنەی یانەکە هەڵدەگرین بۆ وەرزی داهاتوو بۆ ئەوەی بەباشی خۆمان ئامادە بکەین.
جێگەی باسە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی پاڵپشتییەکی سەرەکیی یانەی دهۆک بوو، بۆ بوون بە پاڵەوانی خولەکە و خۆی لە نێو یاریگە بۆ هاندانی یانە كوردستانییەكە ئامادە بوو، جگە لەوەی لەسەر ئاستی هەموو کوردستان پاڵپشتییەکی زۆری هەڵۆکانی چیا کرا و هەموان دڵیان لە دهۆک بوو.
یەکێکی تر لە هۆکارەکانی ئاستە بەرزەکەی دهۆک لە پاڵەوانیەتییەکە ڕاهێنەری کورد مەسعوود میراڵ بوو، کە ڕۆڵێکی زۆری هەبوو لە یەک دەستی و هەماهەنگی نێوان یاریزانان.
یانەی دهۆک بۆ یەکەمین جار لەمێژووی خۆیدا بەشداری ئەو پاڵەوانیەتیە دەکات، دهۆک لە پاڵەوانیەتیەکەدا لە کۆمەڵەی یەکەم هاوشانی یانەکانی نەسڕی دوبەی ئیماراتی، زەفاری عومانی و ئەهلی سەنعای یەمەنی یاری کرد، لە یاری یەکەمدا هەڵۆیەکانی چیا لەسەر یاریگەی خۆیان میوانداری یانەی ئەهلی سەنعای یەمەنیان کرد، یارییەکە بە دوو گۆڵی بێ بەرانبەر لەبەرژەوەندی یانەی دهۆک کۆتایی هات و یەکەم سێ خاڵی لە پاڵەوانیەتیەکەدا بەدەستهێنا، لەیاری دووەمیشدا دهۆک لە شانشینی عومان لەگەڵ یانەی زەفار بە گۆڵێک یەکسان بوو، لە سێیەم یاریشدا لەگەڵ یانەی نەسر بە دوو گۆڵ یەکسان بووە، لە چوارەم یاریدا دهۆک بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە ئیمارات لەگەڵ نەسر دۆڕا، لە پێنجەم یاریدا دهۆک بە سێ گۆڵی بێ بەرانبەر لە یانەی ئەهلی سەنعای یەمەنی بردەوە، لە شەشەم یاریدا دهۆک بە گۆڵێک بۆ هەر لایەکیان لەگەڵ یانەی زەفاری عومانی یەکسان بوو، دهۆک بە کۆکردنەوەی ١٢ خاڵ دوای یانەی نەسری ئیماراتی بە پلەی دووەم سەرکەوت بۆ یاریی پێش کۆتایی خولەکە.