كارزان گلی – ههولێر
دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤، دەزگاكانی راپرسی لە توركیا، بەشێوەیەكی ورد راپرسییان لەبارەی دەنگی پارتە سیاسییەكانی توركیا ئەنجامداوە، تەنانەت ئەو دەزگایانەی سەر بە پارتە سیاسییەكانیشن. دوای دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ، دەزگاكانی راپرسی زیاتر هەوڵەكانیان چڕ كردەوە، تا بزانن ئەگەر توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، دەنگی پارتە سیاسییەكان چۆن دەبێت.
گوركان دومان، سەرۆكی دەزاگی لێكۆڵینەوە و راپرسیی (BETIMAR)ی توركی، لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا دەڵێت ئەگەر توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە، جەهەپە پارتی یەكەم دەبێت و ئاكەپەش دەبێتە پارتی دووەم.
بەگوێرەی زانیارییەكان، دوای دەستگیركردنی ئیمامئۆغڵو، دەنگی جەهەپە لە هەڵكشانە، چونكە بەشێك لە دەنگدەرانی پارتەكانی تری توركیا پێیانوایە، ئیمامئۆغڵو بە ناحەق گیراوە، بۆیە دەنگی پێدەدەن و پشتگیری لێدەكەن.
ئەوەی چاوەڕواننەكراوە، دومان لەو راپرسییەی دەزگاكەیان ئەنجامی داوە، دەنگی مەهەپە بەرەو هەڵكشانە، لە كاتێكدا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤، ئەو پارتە دووچاری شكستێكی گەورە بووەوە و دەنگەكانی نەگەیشتە ٦٪.
بەڵام لەو راپرسییەی دەزگای (BETIMAR) ئەنجامی داوە، مەهەپە دەنگەكانی ١٠.١٪ـە.
دەنگی پارتە سیاسییەكان لەم راپرسییەدا بەم شێوەیەیە:
جەهەپە ٣٢.٥٪
ئاكەپە ٣٠.٦٪
مەهەپە ١٠.١٪
دەم پارتی ٩.٤٪
پارتی زەفەر ٤.٣٪
پارتی خاس ٣.٦٪
پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ ٣٪
عومەر ئۆجەلان، برازای عەبدوڵا ئۆجەلان، لە جەژندا سەردانی ئیمرالیی كردووە و لەگەڵ ئۆجەلاندا گفتوگۆی كردووە. بە گوێرەی گوتەی خۆی، كاتێك بە ئۆجەلانی گوتووە دەنگی دەم پارتی نزیك دەبێتەوە لە ١٣٪، ئۆجەلان تووڕە بووە و گوتویەتی پێویستە دەم پارتی دەنگەكانی ٢٠٪ بێت، دیارە خۆیان بەڕێكخراوەیی نەكردووە و لە بری ئەوەی قسەی زۆر بكەن با كاری زۆر بكەن.
ئەم گوتەیەی ئۆجەلان دەرخەری ئەوەیە كە دەم پارتی دەنگەكانی لە دوای هەڵبژاردنی ٢٠١٦ لە كەمی داوە، رەنگە یەكێك لە هۆكارەكان ئەوە بێت، سەلاحەدین دەمیرتاش و ١٠ پەرلەمانتاری تری ئەو پارتە دەستگیر كران، بەڵام ٩ ساڵە دەمیرتاش دەستگیر كراوە، كەچی دەم پارتی دەنگەكانی هەر كەم دەكات و نەگەیشتووەتە ١٣٪، ئەمەش بە كەمتەرخەمیی سەركردایەتی ئەو پارتە دادەنرێت.
ئەوەی دەزگاكانی راپرسی لە توركیا زۆر تیشكی دەخەنە سەر، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیایە و بەگوێرەی زۆربەی راپرسییەكان، بەتایبەت ئەو دەزگایانەی وەكوو بێلایەن خۆیان نیشان داوە، ئەگەر رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، ركابەرایەتیی یەكتری بكەن لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، بە رێژەیەكی كەم، ئیمامئۆغڵو سەركەوتوو دەبێت، هەر ئەو ترسەیشە وای لە ئەردۆغان كرد، كە ئیمامئۆغڵو بخاتە زیندانەوە. بەڵام عەبدوڵقادر سەلڤی، رۆژنامەنووسی زۆر نزیكی ئەردۆغان، پێی وایە دەزگاكانی راپرسی سەر بە خۆیان راپرسییان كردووە و ئەنجامەكە لە بەرژەوەندی ئاكەپە و ئەردۆغانە، بەوەی ئاكەپە پارتی یەكەمە و ئەردۆغانیش دەتوانێت هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی بباتەوە.