هونەرمەند مستەفا ئەحمەد: سوپاس بۆ خودا تەندروستیم باشترە

هونەرمەندی گەورەی بواری شانۆ و دراما (مستەفا ئەحمەد) تایبەت بە هەولێری ڕاگەیاند: وا دۆخی تەندروستیم بەرەو باشتر دەڕوات؛ بەو بۆنەوە سوپاسی پزیشكەكانی نەخۆشخانەی فارووق دەكات.

لە چەند رۆژی رابردوودا دۆخی تەندروستیی هونەرمەند مستەفا ئەحمەد بەرەو ناجێگریی رۆیشت و دەستبەجێ گەیاندیانە نەخۆشخانەی فارووق لە شاری سلێمانی و خرایە ژێر چاودێری پزیشكییەوە.
هونەرمەند مستەفا ئەحمەد بە هەولێری راگەیاند “بە سوپاسێكی زۆرەوە بۆ پزیشكەكانی نەخۆشخانەی شاری فارووق و كاك فارووقی مەلا مستەفایش دەكەم كە زۆر هاوكارم بوون، كێشەی تەندروستیم پەیوەندیی بە دڵ و سنگمەوە هەبوو، ئێستاش لە ژێر چاودێریی پزیشكدام”.
هونەرمەند مستەفا وتیشی “سوپاس بۆ خودا ئەمجارەش دۆخی تەندروستیم باشتر بوو، لە چەند ساڵی رابردووشدا كێشەی تەندروستی دڵم هەبووە و چەند جارێكیش قەستەرەی دڵم بۆ كراوە، بۆیە دەبێت لەمەودوا زیاتر ئاگام لە خۆم بێت”.
جێی ئاماژەیە مستەفا ئەحمەد نزیكەی 60 ساڵە سەرقاڵی كاری هونەرییە و دوایین كاری درامی كە بەشداری تێدا كردووە درامای كۆشكی هەنار بوو ساڵی 2023، هەروەها ئێستاش لە بەرنامەی كۆمیدی (لفكە و لیرە)دا بەشدارە.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر