سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، ڕایگەیاند: پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی لە ئاستێکی باشدان و کۆبوونەوەکانیش بەباشی بەڕێوە دەچن.
چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، دوای بەشداریکردنی لە دیداری سلیمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، وەڵامی ڕۆژنامەنووسەکانی دایەوە و ڕایگەیاند: دەمانەوێت بەزووترین کات کابینەی نوێ پێک بهێندرێت، بەڵام لەسەر لایەنەکانی دیکە دەوەستێت کە تاچەند ئامادەن بەشداریی بکەن.
سەرۆک وەزیران ، گوتیشی: پەرلەمانی کوردستان موڵکی لایەنێکی سیاسی نییە تا هەڵبوەشێتەوە، موڵکی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و هیچ کەسێک ناتوانێت هەڵیبوەشێنتەوە.
دەربارەی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی، سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند: پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی لە ئاستێکی باشدان و کۆبوونەوەکانیش بەباشی بەڕێوە دەچن.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە کرد “هەرکەسێک دژایەتیی پڕۆژەی هەژماری من بکات، بۆ مەرامی سیاسی خۆی دژایەتیی دەکات.”