وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نابێت چیتر ڕێگە بدرێت ئۆتۆمبیلی بێ سەرەتا بێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، ئەو بابەتە بە ڕێگەی یاسایی چارە دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ” بۆ ئەوەی هەمووان بۆ چوونی خۆیان بخەنە ڕوو تاکوو داهاتوویەکی باشتر بۆ ناوچەکە دەستەبەر بێت”.
وەزیری ناوخۆ دەڵێت: هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، پێش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە وپێویستە حکوومەتی نوێ هەبێت و پەرلەمان ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و شەرعییەتی هەرێمی کوردستان بە دەستبەکار بوونی حکوومەتێکی نوێ و پەرلەمانێکی نوێ بەهێزتر دەبێت. دەتوانێت پلان و بەرنامەی باشتر بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێم و عێراق و ناوچەکە هەبێت و هەرێمی کوردستانیش دەبێتە فاکتەرێکی سەقامگیری لە ناوچەکە، گرنگییەکەی بۆ هەرێم ئەوەیە. ئەوەش گرنگی زیاتری هەیە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەرێمی سەقامگیر بتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێرێت هەم لە هەرێم هەمیش لە عێراق و ناوچەکە.
دەشڵێت: جارێ هیچ چارەسەرێک بۆ ئۆتۆمبیلە بێ سەرەتاییەکان نییە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ لێکۆڵینەوەی دەکەن تاکوو کۆتایی بەم بابەتە بێت، کێشەکە لەوەدایە هەرچەند جارێک ئەم بابەتە باس دەکرێت، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای کێشەکان، نابێت چیتر ڕێگە بدرێت ئۆتۆمبیلی بێ سەرەتا بێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، بەهیچ شێوەیەک ئۆتۆمبیلی قاچاخ نایەتە ناو هەرێمی کوردستان، بابەتی ئۆتۆمبیلی بێ سەرەتا بە ڕێگەی یاسایی چارە دەبێت.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند “لیژنەی باڵای ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستان، کاری خۆی تەواو کردووە، پەیوەندییەکانی کوردستان لەگەڵ عێراق و ئێران، سەبارەت بەو نیگەرانییەی کە هەردوولا لە یەکتر هەیانبوو ئێستا لە ئاستێکی باشدایە، ڕێکاری باش گیراوەتەبەر و چیتر ئەم هێزانە مەترسی سەربازیی و ئەمنیی نین بۆ سەر سنوورە هاوبەشەکان تاڕادەیەکی زۆر پێداگیری کراوە پێشکەوتنی باشیش لەم بوارە هەیە.”