نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زيران ئه‌لسوودانى كۆبووه‌وه‌

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2025/4/16 له‌ سلێمانى، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ بەڕێز محەمەد شیاع ئه‌لسوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقى فيدراڵ، كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخی سياسى و گشتيی وڵات و دۆسیە هاوبەشەكان تاوتوێ كران و جەخت لەسەر بەردەواميی هەماهەنگی و هاوكاريی هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌روه‌ها بەهێزكردنی هاوكاريی نێوان هێزە نیشتمانییەكان بۆ پاراستنی ئارامى و سەقامگیرى كرايه‌وه‌، بە شێوەیەك كە خزمەتی يه‌كڕيزيى نيشتمانى و بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات بكات و هاوكار بێت بۆ هەوڵەكانی حكوومەتی فیدراڵ لە جێبەجێكردنی گەشەپێدان لە سەرتاسەری عێراق.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، داكۆكى له‌ گرنگيی مسۆگه‌ر‌كردنى ماف و شایستە دەستووریيەكانی هەرێمی كوردستان كرد، هه‌روه‌ها پابەنديی هه‌رێمى كوردستانى بۆ بەهێزكردنی هاوكاريی بنیاتنەر لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ بۆ چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو پرسه‌كان دووپات كرده‌وه‌، بە جۆرێك كە یارمەتیدەر بێت لە بەهێزكردنی لێكگەییشتن و هاوبەشی له‌نێوان هه‌ردوولادا و هاوسەنگی و سەقامگیريی وڵات بپارێزێت.

دوا پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ و بارودۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی و كاریگەرییەكانی لەسەر عێراق، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبونه‌وه‌كه‌ بوو. تيايدا جەخت لەسەر پێویستیی دووركەوتنەوەی عێراق لە ململانێكان و پشتگیريی ئەو دەستپێشخەرییانە كرایەوە كە ڕێگەچارەی ئاشتیانە و دیالۆگ دەگرنە بەر بۆ چارەسەركردنی كێشه‌ و ئاڵۆزييه‌كانى ناوچەكە.