مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی جەژنی سەری ساڵی نوێی ئێزدیانەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی سەری ساڵی نوێی خوشک و برایانی کوردی ئێزدی، گەرمترین پیرۆزبایی لە میر و کەسایەتی و شێخانی ئێزدی و ئەنجوومەنی ڕووحانی ئایینی ئێزدی و سەرجەم ئێزدیانی کوردستان و جیهان دەکەین، هیواخوازین ئەو جەژنە بە خۆشی و ئارامی بەسەربەرن و هەموو ساڵێک بە خێر و خۆشی بگەڕێتەوە.
بەو بۆنەیەوە جەخت لەسەر پتەوکردنی گیانی برایەتی و پێکەوەژیان لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان دەکەینەوە.
ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هەمیشە پاڵپشتی و پشتیوانیی خۆمان و سەرۆک بارزانی بۆ خواست و ویستی ڕەوای خوشک و برایانی کوردی ئێزدی دووپات دەکەینەوە بۆ چارەسەرکردنی یەکجارەکیی کێشەی ئەو ناوچە و شوێنانەی ئێزدیان و دەستەبەرکردنی سەقامگیری و ئاشتەوایی و ئاوەدانی.
جارێکی دیکە جەژنی سەری ساڵی نوێی ئێزدیان پیرۆز دەکەین و بە ئومێدی بەختەوەری و شادی بۆ خوشک و برایانی کوردی ئێزدی.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٦ی نیسانی ٢٠٢٥