نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 2025/4/15 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیی له خاتوو كريستيانه هۆمان، باڵيۆزى ئه‌ڵمانيا له عێراق كرد.
له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا جه‌ختيان له بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان له هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، هه‌وڵه‌كانى پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، بيروڕايان گۆڕييه‌وه.
له ته‌وەرێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، باسيان له دوايين پێشهاته‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و به‌رده‌واميى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش كرد. له‌مباره‌وه، هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه بپارێزرێت و كێشه و ناكۆكييه‌كان، ئاشتييانه چاره‌سه‌ر بكرێن.
دۆخى سووريا و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.