کارەکانی یەکەمین کۆنفرانسی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر کۆتایی هات

 

 

ئەمڕۆ سێشەممە 15-4-2025، بە ئامادەبوونى ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر دووەمین ڕۆژی کۆنفرانسی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بەڕێوەچوو.

لە دووەمین ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و جێگرى پارێزگار و بەرێوەبەرى گشتیى ئاو و ئاوەڕۆ و سەرۆکى شارەوانیی هەولێر و ژمارەیەکى تر لە ڕاوێژکارانى وەزارەت و نوێنەری وەزارەتەکان و مامۆستایانى زانکۆ و ئەندازیاران و پسپۆڕان، ئامادە بوون .

کۆنفرانسى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر بە هەماهەنگى زانکۆى سەڵاحەدین و زانکۆی تیشک لە ژێر ناونیشانى ” لەپێناو پەرەپیدانى بەردەوام بۆ شارى هەولێر ” ڕێکخرابوو.

لە ڕێورەسمێکدا، لەلایەن وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار و پارێزگارى هەولێر، لەپاى هەماهەنگى و هاوکاریان لەگەڵ سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر، ڕێزلێنان پێشکەش بە ژمارەیەک لە بەشداربووانى کۆنفرانسەکە کرا.

جێگەى باسە، یەکەمین کۆنفرانسى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر، چەندین تەوەری لەخۆگرت لەوانە، پڕۆژەکانى ڕیگاوبان و ڕیکخستنەوەى هاتوچۆ، نەخش و زەخرەفەى کوردى، وزە نوێبووەکان و پیسبوونى هەوا، ڕووبەرى سەوزایی و مۆڵەت و ڕووپۆشى باڵەخانەکان، خۆڵ و خاشاک، کارگێڕى و کەمکردنەوەى ڕۆتین، ڕێکخستنەوەى تابلۆکان و لافاو، ڕوودان و ڕێگەگرتن لە ئاگرکەوتنەوە، سیستەمى ئاوەڕۆ کە لەلایەن پسپۆڕان و شارەزایانەوە گفتوگۆى زانستى لەبارەوە کرا.