عومەر چنگیانی
بەپێی ڕێنمایی بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی، بابەتی سەردێڕ، توێشووی گوتاری هەینی زۆربەی مزگەوتەكانی كوردستان بوو و ئێمەیش لە مزگەوتی خەدیجە كوبرا ١١/٤/٢٠٢٥ كردمانە گوتاری زنجیرە 288مان كە سەرەتا تیشكێكمان خستە سەر قۆناغی یەكەمی هاتنی ئیسلام و باسكردن لە ئەشكەنجە و چەوسانەوە بێسنوورەكانی قورەیش بۆ مسوڵمانان، تا ئەوكاتەی دوای كۆچ لە مەدینە ڕێگای بەرهەڵستی چەكداری و ڕووبەڕوونەوە درا بە مسوڵمانان وەك لە ئایەتی 39 و بە دواوەی سورەتی (حەج)ـدا، ئاماژەی پێ دەدا و دەفەرمێت:
(ئابڵوقە لەسەر بەكارنەهێنانی هێز لەسەر مسوڵمانان هەڵگیرا، چونكە چەوسێنرانەوە و، ئیتر ڕێیان پێ درا كە چەك بەكار بێنن، چونكە دژمنان كوشتار و شەڕیان ناوێسێت و ستەم كرا لە بڕواداران و باش لەوە ئاگادارن كە خوای گەورە لەسەر سەرخستنیان بەتوانایە، چونكە مسوڵمانان شایانی یارمەتین كە چەوسێنرابوونەوە و شاربەدەر و دەربەدەر كراون لەماڵ و زێدی خۆیان، بەبی ئەوەی كارێكیان كردبێت شایانی ئەو خەشم و تووڕەیی و تۆڵەلێسەندنە بن.)
بەڵێ خوێنەری بەڕێز! پاراستنی خاک و نامووس تەنها کاردانەوە و هەڵچوون و عاتیفەیەکی بەهێز نییە، بەڵکو فەرزێکی شەرعی و ئەرکێکی ئیمانی و نیشتمانییە کە لە قورئانی پیرۆز و سوننەتی پێغەمبەری خوادا دروود و سڵاوی خوای لەسەر، جێگیر کراوە، مردن لە پێناو نیشتمان پیاوەتی و ئازایەتی و شەهیدبوونە، كە لە پێویستییەکانی خۆشویستنی نیشتمان ئەمانەن: خۆشویستنی نیشتمان و شانازی پێوەکردنیەتی، پاراستنی و بەرگریکردن لێی، دڵسۆزی بۆی، پارێزگاری و ڕێزگرتن لە تاکەکان و کۆمەڵگاکەی.
تەوەری یەکەم/ خۆشویستنی نیشتمان
بەڕاستی خۆشویستنی نیشتمان هەستێکە هەزاران دڵ بۆی لێ دەدا ناخەکان بۆی دەسووتێن! حەنینێکە کە ناخ دەهەژێنێت، گڕ لە هەستەکان بەردەدا! شتێکە کە ناتوانرێت وەسف بکرێت، ئیلهامی شاعیرانی داوە! مەرەکەبی ئەدیبانی ڕشتووە! چاوی وەفادارانی گریاندووە! خۆشەویستییەکە کە هەستی پێغەمبەرانی لێ خاڵی نەبووە! ئەوە ئەو خۆشەویستییەیە کە دڵی پیاوچاکانی پێ پڕ بووە! ئەوە خۆشویستنی نیشتمانە.
بەڕاستی خۆشویستنی نیشتمان ڕەگێکی چێندراوە لە ویژداندا و، سروشتێکە کە خوای گەورە نەفسی مرۆڤی لەسەر دروست کردووە و، سەیر نییە لەوەدا چونکە خۆشویستنی زەوی لەگەڵ خۆشویستنی نەفسدا لە قورئانی پیرۆزدا خوادی گەورە باسی کردووە و، یەکێک لە سوننەتەکانی خوای گەورە لە دروستکراوەکانیدا ململانێی هەتاهەتاییە لە نێوان هەق و باتڵدا و، یەکێک لە گەورەترین ئەو شتانەی کە مسوڵمان بەرگریی لێ دەکات دین و نامووس و خاکەکەیەتی و، شەرعی ئیسلامیش هاتووە بۆ پاراستنی ئەم مافانەی کە پەیوەستن بە پێویستییە پێنجەکانەوە، کە بێ ئەوانە کەرامەتی مرۆڤ ناپارێزرێت، ئەوانیش بریتین لە: (ئایین و گیان و ئەقڵ و نامووس و سامان). هەموو ئەوەی کە ئەم پێویستییانە دەپارێزێت شەرع داوای کردووە، هەرشتێکیش ببێتە مایەی هەڕەشە لەسەریان ئەوا حەرامی کردووە.
تەوەری دووهەم/ کاتێک باسی بەرگریکردن لە خاک و نامووس دەکەین ناتوانین تاوانەکانی ئەنفال پشتگوێ بخەین کە دەیانهەزار شەهیدی لێ کەوتەوە و، ڕووخاندنی هەزاران گوند و مزگەوت و قوتابخانە و، سووتاندنی هەزاران دار و تێکدانی ژینگە، بە لێدانی چەکی کیمیایی کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا قەدەغەیە. هەروەها ڕاگواستنی هەزاران گوند و شارۆچکە و تاوانی تر کە دژی گەلی کوردستان کردیان.
کاتێک ئێمە یادی ئەم تاوانە دڕندەیە بەرانبەر بە گەل و خێزانەکانمان دەکەینەوە، ناتوانین تاوانەکانی ستەمکاران پشتگوێ بخەین و کارە دڕندانەکانی دەرهەق بەگەلی فەلەستین لە بیر بکەین لە کوشتنی خەڵکی لاشەڕ (سڤیل) و بێتاوان لە کوڕان و پیران و ژنان.
مێژوو باشترین شایەتحاڵە لەسەر ئەوەی کە ئەنجامی زڵم و ستەم و پشتیوانیکردنی ستەمکار خراپە.