هۆنیار عەبدوڵا – ههولێر
نیسان دێت و لەگەڵ خۆیدا یادی ئازارێکی گەورە دەهێنێتەوە. ٣٨ ساڵ بەسەر ئەو کارەساتە تێدەپەڕێت کە وەک برینێکی قووڵ لە جەستەی کوردستاندا ماوەتەوە. ئێوارەیەکی بەهاری ١٦ی نیسانی ١٩٨٧، کاتێک سرووشتی کوردستان لە جوانترین ڕووخساری خۆیدا بوو، فڕۆکەکانی ڕژێمی بەعس ئاسمانی دۆڵی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتییان داپۆشی.
چرکەیەک دواتر، مەرگی کیمیاوی دابەزی. ئەو هەناسەیەی کە دەبوو بۆنی گوڵی بەهار بێت، بوو بە ژەهری کوشندە. منداڵان لە نێو یاریی ئێوارەیاندا، ژنان لە نێو کاری ڕۆژانەیاندا، پیاوان لە کێڵگەکانیاندا، هەموویان لە چرکەیەکدا کەوتنە ژێر باران و تەمی مەرگ.
ئەو ڕۆژە، یەکەم جار بوو کوردستان تامی تاوانی جەنگی کیمیاوی بچێژێت. ئەو هێرشە نەک تەنیا ٢٦٣ گیانی بێتاوانی کردە قوربانی، بەڵکوو زیاتر لە ٨٠٠ کەسی بریندار کرد، کەسانێک کە تا ئەمڕۆش ئازاری ئەو ژەهرە بە جەستەیانەوە دیارە. کارەساتی گەورەتر ئەوە بوو، ئەو برینداربووانەی گەیشتنە نەخۆشخانەکانی هەولێر، لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە ڕفێندران و وەک بەڵگەی زیندووی تاوانەکە، بە دەستی ڕەشی ئەنفال بزر کران. خێزانەکانیان ٣٨ ساڵە چاوەکانیان لە ڕێگایە، لە چاڵی بەکۆمەڵ بەغدا و بیابانەکانی باشوور دەگەڕێن، بەڵکوو سەرەداوێک، ئێسکێک، جلێک، یادگاریەک بدۆزنەوە.
ئازاری نیسان تەنیا مەرگ نەبوو، دەستپێکی پڕۆسەیەک بوو کە سەرەنجام لە ئەنفالدا گەیشتە لووتکە. خۆشناوەتی دەستپێک بوو، جینۆسایدی گەلێک کە بە هەڵەبجە و ئەنفالەکان بەردەوامی هەبوو.
دۆڵی بالیسان ئەو ڕۆژە، بوو بە دۆڵی مەرگ. تامی تفت و بۆنی گازی خەردەل و کۆمەڵێک مادەی ژەهراوی تێکەڵ بە خاکی پیرۆزی کوردستان بوو. ئەو دۆڵە جوانەی کە بە گوڵی کێوی و کانیاوی زوڵاڵ ناوبانگی دەرکردبوو، بوو بە شایەتحاڵی تاوانێکی گەورە. دایکێک لە ناو دوکەڵی مەرگدا بە دوای منداڵەکەیدا دەگەڕا؛ پیرەمێردێک بە چاوی سووربووەوە هەوڵی دەدا هەناسەیەک بدات؛ کچێکی بچووک بە دەستە بچکۆلەکانی هەوڵی دەدا فرمێسکەکانی پاک بکاتەوە کە تێکەڵ بە ژەهر ببوون.
نیسانی ١٩٨٧ بوو بە خاڵی وەرچەرخان. جیهان بێدەنگ بوو، بەڵام کوردستان گۆڕا. تێکۆشانی کورد لە دژی چەکی کیمیاوی، لە دژی جینۆساید، بوو بە بەشێکی دانەبڕاو لە خەباتی نەتەوەیی. دوای ئەو هێرشە، پەرلەمانی کوردستان، ١٦ی نیسانی کردە ڕۆژی ژینگەی کوردستان، تا هەم یادی قوربانیان و هەم گرنگی پاراستنی ژینگە بخاتەوە بیر هەموان. تاوانی جەنگی چەکی کیمیاوی، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی چەندین ماف بۆ قوربانیان و خاکی پیسبوو دەستەبەر دەکات. ماددەی ١١٢ و ١٣٢ی دەستووری عێراق، حکوومەتی فیدڕاڵی وەک میراتگری ڕژێمی پێشوو، پابەند دەکات بە قەرەبووکردنەوەی زیانەکان، بەڵام تا ئەمڕۆ، نە دادگای عێراقی و نە نێودەوڵەتی مافی قوربانیانی نەداوەتەوە.
خاکی کوردستان هێشتا پیسە بە پاشماوەی ئەو ژەهرانە. لەشی منداڵان هێشتا هەڵگری کاریگەرییەکانی ئەو مادە کیمیاویانەیە. قوربانیان هێشتا لە نەخۆشخانەکان چارەسەری پێویستیان دەکرێن.
دۆڵی خۆشناوەتی ئەمڕۆ، یەکەم گۆڕستانی کیمیابارانی کوردستانە. دار و بەردی ئەو دۆڵە دەناڵێنن و چیرۆکی ئەو ڕۆژە دەگێڕنەوە. چیرۆکی مرۆڤەکان کە چۆن بە زیندوویی سووتان، چۆن بێ هەناسە کەوتن، چۆن چاویان لە ئاسمان بڕی و دایاننەپۆشییەوە.
ئێستا ٣٨ ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا تێدەپەڕێت. هەزاران منداڵی کورد لەژێر سایەی ئەو مێژووە تاڵەدا گەورە بوون. نەوەی نوێ پێویستی بە بیرهێنانەوە هەیە، پێویستی بە ئەرشیفکردنی بەڵگەکان هەیە، پێویستی بە بەردەوامبوونی داخوازی دادپەروەری و پاکردنەوەی خاکی کوردستان هەیە. لەیادکردنی ١٦ی نیسان، تەنیا مەراسیمێکی ساڵانە نییە، بەڵکوو بەڵێنی بەردەوامبوونە لەسەر ڕێگای خەبات بۆ دۆزینەوەی ئەنفالکراوەکان، بۆ چارەسەرکردنی قوربانیان، و بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان.
نیسان لەم خاکەدا، مانگی غەمە. لێرە گووڵی سوور و سپی و زەرد، لەسەر گۆڕی شەهیدان دەڕوێن و ئاو دەدرێن بە فرمێسکی دایکان.