مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
دەستەی خولی ئیسپانیا (لا لیگا) وادەی یاریی كلاسیكۆی نێوان بەرشلۆنە و ریاڵ مەدریدی لە گەڕی 35ی لا لیگادا ڕاگەیاند.
دەستەی لا لیگا، ڕوونی كردەوە كە یارییەكە رۆژی یەكشەممە 11/5/2025 كاتژمێر 04:15 خولەك بە كاتی ئیسپانیا و (5:15)ی ئێوارە بە كاتی هەولێر، لە یاریگەی ئۆلیمپیی لویس كۆمپانیس بەڕێوە دەچێ.
ئەمە لە كاتێكدایە، پێش دوو هەفتە لەو یارییە، یاریی نێوان بەرشلۆنە و ریاڵ مەدرید لە یاریی كۆتایی جامی شای ئیسپانیا لە یاریگەی لا كارتۆخا لە رۆژی شەممە 26/4/2025 بەڕێوە دەچێ، ئەوەش لە كاتژمێر 11:00 بە كاتی هەولێر.
بەرشلۆنە بە سەركردایەتیی هانز فلیك، پێشتر یەكەم ناسناوی لا لیگا لە چنگی ریاڵ مەدرید دەرهێنابوو، لە یاریی جامی سوپەری ئیسپانیاش كە لە مانگی یەكی ڕابردوو لە سعوودیە بەڕێوە چوو، بەرشلۆنە بە ئەنجامێكی گەورە 5-2 گۆڵ یارییەكەی بردەوە، سەرەڕای دەركرانی فۆیچیك چیزنیی گۆڵپارێز.
پێش یاریی كلاسیكۆ، بەرشلۆنە و ریاڵ مەدرید سێ یاری دەكەن، بەرشلۆنە دوو یاری لەسەر یاریگەی خۆی دژی سێلتافیگۆ و ماریۆركا و یارییەك لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرانبەر ڤەلەدۆلید دەكا.
ریاڵ مەدریدیش دوو یاریی لەسەر یاریگەی خۆی بەرانبەر ئەتلەتیك بلباو و سێلتافیگۆ و یارییەك لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرانبەر خیتافی دەبێ.