مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
یانەی ریاڵ مەدرید دەیەوێ ئەستێرەیەكی لیڤەرپوول بباتە ریزەكانیەوە
یانەی ریاڵ مەدرید، ئەو بیرۆكەیە تاوتوێ دەكا كە یەكێك لە یاریزانەكانی یانەی لیڤەرپوول لە داهاتوودا بباتە ریزەكانیەوە.
رۆژنامەی ماركای ئیسپانی بڵاوی كردەوە: یانەی ریاڵ مەدرید چاودێریی ئەلێكسیس ماك ئەلیستەری یاریزانی ناوەڕاستی یانەی لیڤەرپوول دەكا، تا لە داهاتوودا ئەگەری دەستخستنی تاوتوێ بكات.
ئەو مێدیایە باسی لەوەش كردووە، كە ناوی ئەو یاریزانە بەم دواییە خرایە پاڵ ریاڵ مەدرید، باوكی یاریزانەكەش قسەی لەبارەی چوونی كوڕەكەی بۆ یانەی ریاڵ مەدرید كردووە.
ڕوونیشی كردووەتەوە: ماك ئەلیستەر، یەكێكە لە یاریزانە گونجاوەكان بۆ یانەی ریاڵ مەدرید، ئاستێكی باڵای هەیە و ئەگەر دوای توێژینەوە و تاوتوێكردنی بڕیاری دەستخستنیان دا، دەست بە كارەكانی گواستنەوەی دەكرێ.
رۆژنامەی ماركای ئیسپانی زانیویەتی، كە ریاڵ مەدرید، پلان دادەنێ بۆ تەواوكردنی بۆندێكی گەورە و تایبەت، هەروەك ریاڵ مەدرید چاودێریی ئەو یاریزانانە دەكا كە كۆتاییهاتنی بۆندەكانی نزیكە. بەڵام ئەو كارە، لەسەر ماك ئەلیستەر جێبەجێ نابێ.
مێدیاكە ئاشكراشی كردووە، كە ریاڵ مەدرید تووشی سەرسوڕمان بووە بەو لێدوانەی باوكی ماك ئەلیستەر، لەبارەی بایەخدانی ریاڵ مەدریدەوە بەو یاریزانە داویەتی، ریاڵ مەدرید تەنێ بیرۆكەی دەستخستنی یاریزانێكی ناوەڕاستی یانەی لیڤەرپوولی تاوتوێ كردووە و هەڵسەنگاندووە.
پێشتر ماك ئەلیستەر لە چەند بۆنەیەكدا ڕایگەیاندووە، كە حەزی لێیە ڕۆژێك لە ڕۆژان لە ئیسپانیا یاری بكات.
مۆلەر گاڵتەی دێ بە ئەگەری گواستنەوەی بۆ دۆرتمۆند
سیباستیان كیل، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بوڕوسیا دۆرتمۆند، بە گاڵتە بە تۆماس مۆلەر، هێرشبەری یانەی بایرن میونشنی گوت دێیتە دۆرمۆند؟ ئەوەش دوای تەواوبوونی یاریی نێوانیان بە یەكسانبوون 2-2 گۆڵ، لەو یارییەی شەممەی ڕابردوو لەسەر یاریگەی ئەلیانز ئەرینا لە لوتكەی گەڕی 29ی یارییەكانی خولی ئەڵمانیا بەڕێوە چوو.
یانەی بایرن میونشن، بەم دواییە ڕایگەیاندبوو، بۆندی مۆلەر نوێ ناكاتەوە، كە لەم وەرزەدا كۆتایی پێ دێت.
رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی بڵاوی كردەوە: كیل، بە گاڵتە بەو ئەستێرەیەی بایرن میونشی گوتبوو: ئایا دەتوانین مۆلەر بهێنینە دۆرتمۆند. بەڵام مۆلەر لە وەڵامدا وتبووی: ئەو كاتەی دیوارە زەردەكە (هاندەرانی دۆرتمۆند) هەست بە سەرلێشێواوی دەكەن، كە چی فڕێ بدەن، خواردنەوە كحولییەكان یان گوڵ؟
لەو كاتەی بێڵد پرسیاری لەو ئەستیرە ئەڵمانییە دێرینە كرد، كە بۆندێكی لە كیلەوە بۆ بێ، چی؟ دەڵێ: نا، ئەو ناكا، ئەو پێشتر پێی وتووم، ئەو گرێبەستە نوێیانەی لە بایرن میونشنەوە كردوویانە، هیچ كاتێك كارێكی نوێی بۆ نەكردوون.
هانز فلیك: لە ئاستی بەرگریی تیپەكەم ڕازیم
دوای ئەوەی لە گەڕی 31ی لا لیگا 1-0 گۆڵ لە یانەی لیگانزێسی بردەوە، راهێنەری یانەی بەرشلۆنە، ڕەزامەندیی خۆی بۆ ئاستی بەرگریكارانی یانەكەی دەربڕی.
هانزی فلیكی راهێنەری یانەی بەرشلۆنە، دوای یارییەكە بە رۆژنامەی ماركای ئیسپانیی ڕاگەیاند: ئاسان نەبوو بە خێرایی یاری بكەین، پێم وتن دەبێ سەرنج بخەنە سەر ناوەندەكان و تۆپ كۆنتڕۆڵ بكەن، لە كۆتاییدا عەقڵیەتە گرنگترە، دەبێ تا دواسات بجەنگی.
دەشڵێ: لەگەڵ لامین قسەم كرد لەبارەی هێواشیی یاریكردنەوە، گوتی زەویی یاریگە خراپە، لێبوردنخوازیی هەبوو.
گوتیشی: بەرگریكارانمان زۆر باش بوون و تا دواسات جەنگان، جارێكی تر تۆڕەكەمان پاراست.
شایانی باسە، پێش دوو ڕۆژ بڵاو كرایەوە: راهێنەری ئەڵمانیی یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی، بە مەرج بۆندەكەی لەگەڵ یانەی بەرشلۆنەدا بۆ ساڵێكی دیكەش نوێ دەكاتەوە، كە لە ساڵی 2026ـدا كۆتایی دێت.
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی بڵاوی كردەوە، كە هانز فلیك سەرەڕای ئەوەی خواستی لەسەر نوێكردنەوەی بۆندەكەیەتی، هاوكات نایەوێ لەسەر كاخەزی سپی نوێی بكاتەوە و دەیەوێ بەدیهاتنی هەندێ لە مەرجەكانی مسۆگەر بكات بۆ ئەوەی بۆندەكەی تازە بكاتەوە.
رۆژنامەكە باس لەوە دەكا: یەكەم مەرجی ئەوەیە كە یانەی بەرشلۆنە پارێزگاری لە یاریزانە لاوەكان بكا، ئەوانیش چاڤی، پێدری و كۆپارسی و باڵدێن، لەگەڵ هێشتنەوەی یاریزان ڕۆناڵد ئەراوخۆ.
ئاماژەی بەوەش كرد: ناوی دووەم هەر فلیك چاوی لەسەریەتی بۆ بەهێزبوون و مانەوەی، لامین یامالە، كە لە هاوینی داهاتوودا دەبێتە 18 ساڵ.
باسی لەوەش كردووە: فلیك خواستی لەسەر مانەوەی ئیریك گارسیا و فرێنكی دی یۆنگە، كە هەردووكیان گرێبەستەكانیان لە ساڵی 2026ـدا كۆتایی دێ و دوو یاریزانی بنەڕەتی و سەرەكیی یانەكەن و ڕۆڵیان لە یارییەكاندا تا دێ دیارتر دەبێ.
هاوكات كار لەسەر جۆل كۆندی و رافینیا دەكا، سەرەڕای ئەوەی گرێبەستی ئێستەیان لە 2027ـدا كۆتایی دێ، بەڵام بەرشلۆنە هەوڵ دەدا تا 2030 و 2029 گرێبەستەكانیان نوێ بكاتەوە.
فلیك هەست بە ئاسوودەییەكی زۆر دەكا لەگەڵ ئەو كارگێڕییە وەرزشییەی ئێستە بە سەرپەرشتی دیكۆ و بۆیان كریكیچ، كە پەیوەندییەكی باشیان لەنێوان یەكدا بۆ دروست بووە و دەیانەوێ پێكەوە بەردەوام بن.
فلیك دەیەوێ شوێنێكی نیشتەجێبوون بۆ یاریزانانی بەرشلۆنە دروست بكرێ، بۆ ئەوەی تێیدا بژین لە بری چوونە هۆتێل، ئەوەش بەهۆی كەمیی ژووریی تایبەت بە پشوو لە یانەكە لە دوای مەشقەكان.
فلیك دەیەوێ چەمكی (یەكخێزانی) لەنێو بەرشلۆنەدا پەرە پێ بدا و كەشێك بڕەخسێنێ، هەموان وا بزانن ماڵی خۆیانە.
بەشێك لە یانە گەورەكانی ئەورووپا ئەو جۆرە هەماهەنگی و جێیە تایبەتەیان هەیە، وەكوو ڤاڵدیبیباسی ریاڵ مەدرید، بەڵام بەرشلۆنە لاماسیای نوێی بە ئامانجی گەشەپێدانی تیپی لاوان دروست كرد.