بارزان ئەکرەم – هەولێر
یانەی دهۆک بە شێوەیەکی فەرمی نرخی بلیتەکانی یاریی گەڕانەوەی کۆتایی جامی کەنداو بەرامبەر یانەی قادسیەی كوەیتی راگەیاند و هاندەران لە نرخەکەی ناڕازین.
دوای نیوەڕۆی دوێنێ یەکشەممە 13/4/2025 یانەی دهۆک بە شێوەیەکی فەرمی نرخی بلیتەکانی یاریی گەڕانەوەی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەی راگەیاند و نرخەکەی دەگاتە 100 هەزار دینار.
یانەکە رایگەیاند کە، ئەمڕۆ بلیتەکانی یارییەکە بەردەست دەبن، نرخی بلیتەکانی دەرگای 2 تا دەرگای 9، 15 هەزار دینار دەبێت و هەردوو دەرگای ژمارە 1 و 10 نرخەکەیان 100 هەزار دینار دەبێت و بلیتی شوێنی ڤی ئای پی یارییەکەش نافرۆشرێت.
یانەی دهۆک هاندەرانی ئاگادار دەکاتەوە کە ئاگاداری بلیتی ساختە بن، چونکە هەموو بلیتەکان کۆپی کراون و ئەوانەی بلیتی ساختە دەفرۆشن رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
بڵاوکردنەوەی نرخی بلیتەکانی یارییەکە کاردانەوەی زۆری لەنێو هاندەراندا لێکەوتەوە، ژمارەیەکی زۆریان لەبەردەم بارەگای یانەکە کۆبوونەتەوە داوای هەرزانکردنی نرخی بلیتەکان دەکەن.
یاریی گەڕانەوەی کۆتایی جامی کەنداو رۆژی سێشەممە 15ـی ئەم مانگە لە یاریگەی دهۆک بەڕێوەدەچێت، یانەی دهۆک لە یاریی چووندا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لەگەڵ قادسیە یەکسانبووە و ئێستا یانەکە لە بەردەم هەلێکی مێژووییدایە بۆ ئەوەی وەکو یەکەم یانەی کوردستان و عێراق نازناوەکە بباتەوە.
یانەی دهۆک بە راهێنەریەتی مسعود میرال، چەند رۆژێکە ئامادەکارییەکی باش بۆ یارییەکە دەکەن، سەرجەم یاریزانەکانی دهۆک لە مەشقەکان ئامادەدەبن، تەنانەت پیتەر گۆرگیس کە یاریی چوون لەنێو کوەیت تووشی پێکان هات، گەڕاوەتەوە و دەتوانێت بەشێوەیەکی ئاسایی مەشق و راهێنانەکانی ئەنجام دەدات.
مەسعود میرال توانیویەتی تیپێکی یەک دەستە و یەک گیان دروست بکات و هەموو یاریزانەکان لەپێناوی ناوی دهۆک دەجەنگن، تەنانەت یاریزانە پیشەگەرەکان بەر لەهەموو یاریزانەکان فرمێسکی خۆشی و سەرکەوتنی یانەکە لەگەڵ هاندەران دەردەبڕن، ئەمەش کاری راهێنەرە کە ئەم رووحیەتەی لای هەمووان دروستکردووە.
یانەی دهۆک ئەم وەرزە بەشێوەیەکی زۆر باش دەردەکەوێت، بەڵام لەسەرەتایی وەرزەوە تا ئێستا سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهەموو شێوەیەک هاوکاری ماددی و مەعنەوی تیپەکە دەکات، تەنانەت سەرەتای وەرز یاریگەی دهۆک بەهۆی خراپی چیمەنەکە، رەخنەی زۆری لێگیرا، بەڵام دواتر سەرۆکی حکومەت پاڵپشتی خۆی بۆ یانەکە راگەیاند و یاریگەکەی بەتەواوی بۆ نۆژەنکردنەوە.
یانەی دهۆک لە مێژووی خۆیدا تەنیا یەکجار نازناوی خولی نایابی عێراقی بردووەتەوە، کاتێک لە ساڵی 2010 لە یاریی کۆتایی لەنێو جەرگەی بەغدا بە گۆڵێکی بێوەڵام لە یانەی تەڵەبەیان بردەوە.
ئەگەر دهۆک ئەم نازناوە بباتەوە ئەوا دەبێتە یەکەم یانەی عێراقی و کوردستانی نازناوی جامی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو بباتەوە.
یانەی قادسیە، لە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو گەشتی هەرێمی کوردستانیان کردووە، بۆ ئەوەی خۆی لەگەڵ کەشی کوردستان و شاری دهۆک خۆی بگونجێنی، ئەوان لە هێرشی پێچەوانە زۆر کاریگەرن و دەتوانن مەترسی بخەنە سەر یانەی دهۆک، پێشووتر دوو جار ئەم نازناوەیان بردووەتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژی سێشەممە، نزیکەی 25000 هاندەر لەنێو یاریگەی دهۆک ئامادەبن و هانی تیپەکە بدەن، بەڵام گرانی نرخی بلیتەکان یا رادەیەکی زۆر کاریگەری لەسەر هاندەران هەبووە و نیگەرانی لێکەوتووەتەوە.
یانەی دهۆک لە خولی ئەستێرەکانی عێراق تا ئێستا 6 یاریی دواخراوە، ئێستا بە 40 خاڵ لە خانەی حەوتەمی ریزبەندی دێت، بەشێک لە چاودێران و راهێنەران لەسەر ئاستی عێراق، دهۆک بە بەربژێرێکی بەهێز بۆ بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق دادەنێن.